تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

مەملەکەتی چەقۆکێشەکان

28 Feb
پەیکار عوسمان / 28.02.2021

مەملەکەتی چەقۆکێشەکان

ناڕەزایی ئێرەو ئەوێ فەرقی نیە. هەمووی هەر یەك جەستەیە. شەقی ئێرەو ئەوێش فەرقی نیەو تەنیا ڕەنگەکەی جیایە. شەقێکیان بە پۆستاڵی زەردەوە تێمان هەڵئەدرێ و شەقێکیان بە پۆستاڵی سەوزەوە. ئەم جووت شەقە، پێکەوە ستەمەکەن، ناڕەزاییش ئەوەیە کە دژی جووتەکەبێ نەك دژی تاکێکی. (ئەوە بۆ چوار پۆستاڵە ئیقلیمییەکەش ڕاستەو هەرچواری هەر هەمان شەقە، هەر یەکەو بە شیوازی خۆی تێمانهەڵئەدا.)

تەبعەن ئەوە موقەدیمەیەکی بێتامەو هەموومان ئەیزانین، مەگەر گێل بکرێین یان خۆمان گێل بکەین. جا لەبەر ئەوەی هەردو حاڵەتەکە هەیە، بۆیە لەگەڵ هەر ستەمێکی نوێ ی حیزبی کوردیدا، ئەبێ ئەوە بیربخەینەوەو ئەو یەکسان کردنەوەیە بکەین. چونکە بە پلان و بەرنامەی ئەوان و هەنێ جاریش بە نەزانیی خۆمان، جیاکارییەك لەنێوان ئەو شتەدا ئەکرێ، کە دووان نیەو هەر یەكێکە!

کاتێکیش ڕاستی لەت ئەکرێ و ئەکرێ بە نیو ڕاستی، ئیتر ئەوە ڕاستی نیەو خودی درۆیە. ئا لێرەشەوە، کار ئەکرێت، بۆ بە نیوەکردنی ناڕەزایی، یەعنی بۆ بە درۆکردنی! ئیتر تۆ ناڕەزاییەکی گەورەت، بە فۆڕمە موزەییەف و لەتەکەی هەیە، بۆ بچوککردنەوەو ئیحتواکردنی ناڕەزایی بە فۆڕمە ساغ و ڕاستەقینەکەی.

ئەوەش تەنیا دەسەڵات و پارتی و یەکێتی نین، کە کار لەسەر بەرهەمهێنانی درۆو بە موزەییەفکردنی شتەکان ئەکەن. بەڵکو موعارەزەو حیزبەکانی تریش، کارێکی فرە خراپیان لەو بوارەدا کردو ئێستا سیاسەتی ئێمە، بە هەموو بەرەو لاکانییەوە، مەکینەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی درۆو نیفاق و تەزییفی شتەکانە. کە ئەمەش هەمووی پێکەوە، ئەکاتەوە چەبەستن و مانەوە لە هەمان دۆخدا. مەسەلەن هەموو موعارەزەبوونێکی درۆیینە، یەعنی پاراستنی دەسەڵاتەکە بە ڕاستی.

سیاسەت و کۆی شتەکانی ئێمە، لە ڕاستییەوە ڕاست ئەبێتەوە. ڕاستیی حسێنەو درۆش هەریسەکە. ئەم هەریسەیەش لەناو هەموو ئاڕاستەو بەرەکاندا باڵادەستەو وەکچۆن کەسانێکی بە حساب بێلایەن، لە پشتی بانگەشەی نەتەوەیی و سەربەخۆخوازییەوە داویانەتە پاڵ پارتی و بەو جۆرە کاسپییەکەیان ئەکەن. کەسانێکی بەحساب بێلایەن و ناڕازییش، لە پەنای یەکێتی و باڵێکی یەکێتییەوە، خەریکی شەڕی فەسادو دژایەتی گەندەڵین و بەم جۆرە کاسپییەکەی خۆیان ئەکەن.. کە ئەمە هەردوکی هەر هەریسەکەیە نەك حوسەین! هەریسەکەیە، چونکە "ڕاستیی" ئەوەیە کە خۆی ئامانجە، نەكئەوەی بیکەیت وەسیلەی بەدەستهێنانی شتێکی تر.

جیاکاریی لەنێوان ستەمی پارتی و یەکێتیدا سەری کێشاوە، بۆ جیاکاری لەنێوان ستەمی ئێران و تورکیاداو هەمان ئەوانەی کە تا ڕادەی بەرد ڕەقن بەرامبەر تورکیا، تا ڕادەی هەویر نەرمن بەرامبەر ئێران و ئەوانەشی کە کێچی ئێران ئەکەن بە گایەك، دەبابەو معەسکەرو هێرش و گاکەی تورکیا لە بەرچاویاندایەو وەکو کێچ ئەیبینن!

یان جیاکاری لەنێوان دوو قەوارەی باشورو ڕۆژئاوا ئەکرێت و ئەوەی خوازیاری پاراستنی ئەمیانە، هەمان ئەوەیە کە خوازیاری نەمانی ئەویانەو بەپێچەوانەشەوە. لەکاتێکا هەردوکی هەر هی خۆمانەو بە ڕەنج و قوربانیدانی خەڵك دروستبووەو ئەبێ هەم بیانپارێزین هەم چاکیان بکەین.

پاراستنیان و چاكکردنیان، هەمان ئەرکەو دابەش ناکرێ. "نەیپارێزیت و چاکیکەیت" نابێ و "بیپارێزیت و خراپیکەیت" هەر نابێ!

ئەوە تەنیا پارتی و یەکێتی و مەکینە ئیعلامییەکەیان و جووت دەزگا ئەمنیییەکەیان نین، کە کار لەسەر پیشەسازی فیتنەو شارچێتی و پەرتکردن ئەکەن و بەردەوام چیرۆکێکت بۆ دروستئەکەن کە کۆمەڵگای لێوە بکەن بە دوو لەتی دژەوەو بە یەکترو بە شتی لاوەکییەوە مەشغوڵمانکەن و سەرمان نەپەرژێتە سەر پرسە ئەساسییە گشتییەکە.. بەڵکو حیزبەکانی تریش و ڕاگەیاندنی تریش، هەر وا ئەکەن و هەمووی هەر بە سیاسەتی دابەشکردنی کۆمەڵگا کار ئەکات. عەقڵیەتی ناهۆشیاری ئێمەش ئیستیجابەیەکی باشی بۆ سیاسەتی دابەشکردن هەیەو زۆر خێراو توند، لەسەر هەر شتێك، ئەبین بە دوو لەتەوە!

ئێمە چیتر، لەبری ئەوەی کە حەماسییانە دابەشی دوو ببین، ئەبێ عاقڵانە دوای "یەك" بکەوین. حەقیقەت یەکەو ئەو یەکەش لەوێوە ئەدۆزینەوە، کە سیانەی حەقیقەت و دژەحەقیقەت و شەبیهی حەقیقەت جیابکەینەوە!

هەڵبەتە لە حەقیقەت مەبەستم ئەو شتە حازرە نیە کە ئایدۆلۆژیستەکان لە گیرفانیاندایەو لەمسەرەوە بۆمانی دەرئەهێنن.. بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە لەوسەرەوە بۆت ڕوونئەبێتەوەو دەرئەکەوێ.

کێشەی حەقیقەت تەنیا دژەکەی نیە، بەڵکو شەبیهەکەشیەتی. حەقیقەت تەنیا لە دژەکەیەوە لێ ی نادرێ، بەڵکو لە شەبیهەکەشیەوە. دژەحەقیقەت و شەبیهی حەقیقەت، یەك شتن، لەوەدا کە هەردوکیان، دوو خەنجەری هەمیشەیین بە جەستەی حەقیقەتەوە.

لێرەشدا حەقیقەت هەر ئەوەنیە کە پارتی و یەکێتی ستەم و فەسادیان تا خراپترین ئاست برد لەژێر پەردەی شیعاراتی قەومییەوە.. حەقیقەت ئەوەیە کە ئەوانیتریش بەشێوازی خۆیان هەر هەمان یاری بەرژەوەندیخوازانە ئەکەن لە پشتی شیعاراتی دژایەتی گەندەڵییەوە.

ئەو هاوڵاتییەی کە دینارێك لە گیرفانیدا نیەو دەنگی لێبەرزبۆتەوە، ئەمە حەقیقەتەو بۆ حوسەینە. بەڵام ئەو پەرلەمانتارەی کە مانگانە تورەکەیەك پارەی خۆی و حیمایەکانیشی لوشئەداو هاوشێوەی هاوڵاتییەکەش دەنگ هەڵئەبڕێ، ئەمیان شەبیهی حەقیقەتەو بۆ هەریسەکەیە. پارتی و یەکێتیش کە هەم حوسەینەکەیان کوشتووەو هەم هەریسەکەشیان دزیەوە، دژەحەقیقەتەکەن بە وازحیی!

ئینسانی کورد، کە بە سروشتی خۆی سەربەخۆخوازە، ئەمە حەقیقەتەو ماف و ئازادیی خۆیەتی.. بەڵام ئەوە شەبیهی حەقیقەتە، کە خەڵکێك لە پشتی بانگەشەی قەومییەوە خەریکی لەوەڕن. ئەوەش دژەحەقیقەتە کە لەکاردانەوەی ئەمەدا، بکەویتە لێدانی خودی کوردو هەستەکەی بۆ سەربەخۆیی!

ئەوەشی کە پارتی خۆی ئەیکات، لە پەرتکردن و لە ستەم و فەسادی ناوخۆو لە کلکایەتی دەرەکیی.. ئەمە هەم شەبیهی حەقیقەتە هەم دژەحەقیقەتە. دژەکەیەتی چونکە بە فیعلی کردارەکانی پێچەوانەی پرۆسەی نەتەوەسازییە. شەبیهەکەیەتی، چونکە بانگەشەی نەتەوەسازییشی هەڵگرتووە!

یەعنی لە سیانەکە دووانی هەر یەکێکەو شەبیهی حەقیقەت، هەر دژەحەقیقەتە، بەڵام هێشتا پەردەی پێوەیەو لە پشتی پەردەوە.

دژەحەقیقەتیش هەر شەبیهەکەیەتی، بەڵام پەردەکەی داماڵراوەو ڕووتبۆتەوە.. دوای ئەم دووانە ئینجا حەقیقەت خۆی دێت!

ئەوە حەقیقەتە کە خەڵکی ئێمە دژی گەندەڵی و ستەمەو نان و ئازادی و ژیانێکی باشتری ئەوێ.. بەڵام ئەوە شەبیهەکەیەتی، کە موعارەزەی پۆپۆلیست، هەم خەریکی گەندەڵیین، هەم شیعاری دژەگەندەڵییشان بەرزکردۆتەوە!

ئەوانەی کە دەسیان لە گەندەڵیدایەو دەمیان لە دژەگەندەڵیدایە. ئەوانەی کە لە لایەکەوە دژی کۆیلایەتین و لەلایەکی ترەوە کۆیلەن. ئەوانەی کە دژی حیزبی بنەماڵەن و خۆیان لەناو مەشروعێکی وادان. ئەوانەی کە دژی جۆرێکی فاشیزمن و خۆیان مومارەسەی جۆرێکی تری ئەکەن. ئەوانەی بانگەشەی تێپەڕاندنی ڕقی قەومی و دینی ئەکەن و خۆیان جۆرێکی تری ڕق بەرهەمئەهێنن. ئەوانەی لە باوەشی ستەمی یەکێتییەوە شەڕی ستەمی پارتی ئەکەن و ئەوانەی لە باوەشی ستەمی پارتییەوە شەڕی ستەمی یەکێتی ئەکەن.. ئەمانە ناکرێ حەقیقەتبن، چونکە حەقیقەت ئەوەیە کە پارادۆکسی تێدانیەو دژو پێچەوانەی خۆی نابێتەوە. بەڵام ئەمانە ئەتوانن شەبیهەکەی بن، چونکە شەبیهایەتی حەقیقەت، هەر ئەو پارادۆکسەیە!

ئەشمەوێ بڵێم سیاسەتی ئێمە، تەنیا لە ئاستی دەسەڵات و حکومەتدا فەشەلی نەهێناوە، بەڵکو لە ئاستی موعارەزەو پەرلەمانیشدا فەشەلی هێناوەو کێکی پەرلەمان و کێکی حکومەت، کێکی بەغداو کێکی هەولێر، کێکی بێدەنگی و دەستهەڵبڕین و کێکی دەنگەدەنگ و مێزکوتین.. هەر یەکێکەو شینی ناڕاستەوخۆی هەریسەکەش لەلایەن پەرلەمانتارێکی موعارەزەوە، ڕێك بەقەت دزینی ڕاستەوخۆی هەریسەکە لەلایەن وەزیرێکی دەسەڵاتەوە، قێزەون و ناشرینە!

وەکچۆن پارتی و یەکێتی لە ستەمکاری و فەساددا پەردەیان پێوە نەماوەو وەکو دژەحەقیقەتی هاوکێشەکە ساغبوونەتەوە،، ئا واش موعارەزەی سی ملیۆنیی لەگەڵ عەدالەت و چاکەی گشتیدا نایەتەوەو ئەمەش شەبیهەحەقیقەتی هاوکێشەکەیە نەك حەقیقەتی عەدالەتخوازی و ناڕەزایی!

لێرەدا پرسیارێك دێتە پێش. ئایا هەموو جارێ، ئەم یەکسانکردنەوەیەی پارتی و یەکێتی و ئەم هاوتاکردنەوەیەی دەسەڵات و موعارەزە، حەقیقەتە یان شەبیهەکەیەتی و ئێمەش لە پشتی ئەمەوە مەبەستمان نمایشی هاوسەنگی خۆمانە نەك خودی حەقیقەتەکە وەك ئەوەی کە هەیە؟ ئەوە یەکسانکردنەوەی جەلادو قوربانییە؟ یان ئێمە جەلادێکی تریشمان هەیەو دوای ئەو دوو چینە ئینجا چینی سێیەم دێت کە قوربانییەکەیە!

وەڵامە درێژەکەی بۆ ئێوە. بەڵام من بەکورتی ئەڵێم، ستەمی ئێمە جووتەو تاك نیە. بەرامبەر هەر ستەمێك، هێشتا عەدالەتمان نیە، بەڵکو هاوشێوەکەی و تاکەکەی تری ستەممان هەیە. بەرامبەر جەهل هۆشیاریمان نیە، بەڵکو جەهلی تەریبمان هەیە لە شێوەیەکی حەماسیدا. بەرامبەر درۆ، ڕاستیمان نیە، بەڵکو درۆکەی ترمان هەیە بە بەرگی ڕاستییەوە. یاخود بەرامبەر دژەحەقیقەت، هێشتا حەیقیقەت خۆیمان نیە، بەڵکو شەبیهەکەیمان هەیە!

ئینجا سەلامەتی بۆ دوکتۆر غالب و ئازادی بۆ هاوڕێییانی ئەولاو جووت حیزب و چەتەکانیشیان بۆ زبڵدانی مێژوو نا، چونکە مێژوو فێرە خۆی دووبارەئەکاتەوە. بەڵکو بۆ زبڵدانی ناو ویژدان و هۆشیاریمان، چونکە ئەوەی لە ویژدان و هۆشیاریماندا بمرێ، ئیتر قەت دووبارەو زیندو نابێتەوە.

کۆمێنتی خۆت بنووسە