تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

کشانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا و هەڵوێستەکان

تەما / 30.10.2019

ناوەزدکردنی کشانەوە بە خیانەت

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشی دەستبەجێی سوپای تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە، بە ڕادەیەک نەخوازراو و دزێو کەوتنەوە کە لە جگە کورد خۆی، بەشێکی بەرچاوی ڕای گشتی جیهانیش بە خیانەت ناوزەدی کرد.

بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی کشانەوەدا

بیرهاتنەوەی مێژووی کارەساتبار

شەڕوانانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شەڕی دژ بە داعشدا هاوکار و هاوسەنگەری هێزەکانی ئەمریکا بوون و بە پێی ئاماری ڕاگەیەندراو لە میدیاکانی ڕۆژئاواوە، لەو شەڕەدا ١١ هەزار شەهیدیان داوە. ئەو قوربانیدان و هاوسەنگەربوونە هیوای تۆکمەکردنی کیانی سەربەخۆی کوردی لە ڕۆژئاوا بەهێز کردبوو.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەو هیوایەی گۆڕی بۆ بێهوایی و سەرنجی هەموو لایەکی گواستەوە بۆ مێژووی هەڵوێستە خراپەکانی ئەمریکا بەرامبەر بزووتنەوەی کورد بە گشتی و لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان، بە جۆرێک کە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لە ٨ جار خیانەتی ئەمریکا بەرامبەر کورد بکەن.

تەوقەکردنی شەڕڤان و ئەفسەری سوپای ئەمریکا لە کاتی هاوسەنگەربوونیان 

کاردانەوەی نێودەوڵەتی

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاردانەوەی زۆری بەدوادا هات و جگە لە چەند وڵاتێکی نزیک لە تورکیا، زۆربەی وڵاتان دژی وەستانەوە و شەرمەزاریان کرد، تەنانەت لە ناوخۆی ئەمریکادا چەندین دام و دەزگا و کەسایەتی باڵای سیاسی ناڕەزایەتییان بەرامبەر پێشان دا و وەک هەڵەیەکی گەورەی سیاسی باسیان لێکرد.

برێت مەکگۆرک نێردەی پێشووی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش کە بە توندی دژی بڕیارەکەی ترەمپ وەستا

خۆپێشاندان و کەمپین

لە چەندین وڵاتی ناوچەکە و جیهان دژی بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا و هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، کەمپین و خۆپێشاندانی گەورە بەڕێوە چوون و لە ئاستێکی فراواندا داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرشەکەی تورکیا کرا. ئەو کەمپین و خۆپێشاندانانە بە توندی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایان سەرکۆنە کرد و بە بڕیارێکی نامرۆڤانە و لە دەرەوەی مۆراڵ پێناسەیان کرد.

دیمەنی یەکێک لە خۆپێشاندانەکانی ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا

تویتەکانی ترەمپ

لە بەرامبەر ئەو کاردانەوانەدا، دۆناڵد ترەمپ بە تویتەکانی هەر جارە و بە جۆرێک ئاستی هیوا و بێهوایی وەرگرانی بەرز و نزم دەکرد. لە لایەک بە هەڕەشەکردن لە تورکیا بەوەیکە نابێ ئەندازەی خۆی تێپەڕێنێت. لە لایەک بە شێوە ڕەخنەگرتن و منەتکردنێک لە سەر کورد کە چەک و پارەی پێداون و بەخۆڕایی شەڕیان نەکردووە. کە ئەمانە وێنەیەکی هاوسەنگیان لە گوتاری ترەمپ بەرامبەر ڕووداوەکە پێشان نەدا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتی: کوردەکان فریشتە نین

میدیا و سۆشیاڵ میدیا

میدیا و بە تایبەت سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە بە دزێو پێشاندانی بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و لەگەڵ ئەوەی ڕوخساری دۆناڵد ترەمپیان وەک سیاسییەکی نێگەتیڤ و بێمۆراڵ بەرجەستە کرد، ڕۆژئاوا و شەڕڤانەکانیان بە غەدرلێکراو قوربانی سیاسەتەکانی ترەمپ پێشان دا، بە ڕادەیەک کە ترەمپ بێتە دەنگ و بڵێت: "کوردەکان فریشتە نین".

هەرچەند بەمداوییە ڕەوتی ڕووداوەکان ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرتووە و گرنگیدانێکی نوێی ئیدارەی ئەمریکا بە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا دەبینرێت، بەڵام ئاستی بێزاریی بەرامبەر بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کەم نەکردووەتەوە.

 

کۆمێنتی خۆت بنووسە