تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

حەیدەر عەبادی: جۆرێک لە گەندەڵی دروست بووە کە عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە

حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق
حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق
23 Oct
تەما / 23.10.2019

لەم چاوپێکەوتنەدا پرسیار لە دکتۆر حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دەکەین، سەبارەت بە هەوڵدان بۆ دووبارە گەڕانەوەی بۆ کورسی دەسەڵات لەم بارودۆخەی عێراقدا، هەروەها ئەوەیکە دەرفەتی سەرکەوتنی چەندە و دەبێ عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشانەدا بکات کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدن.

 

دکتۆر دەمانەوێ بزانین بە دیاریکراوی چی ڕوو دەدا؟ ئایا ئێوە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن؟ ئایا ئێوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەم کابینەیەی حکومەت دەدەن؟

بەڵێ، سەرەتا بەناوی خوای گەورە، نەخێر ئێمە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت نادەین، لە ئێستادا وڵاتەکەمان لە کێشەیەکی ڕاستەقینەدایە، پێویستە لە سەرمان عێراق دەربێنین لەم بارودۆخە ترسناکەی تێیکەوتووە. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی نیشتیمانییە و بەرپرسیارێتییە لە سەر هەموو سەرکردە و بەرپرسەکان و تەنانەت لە سەر هاووڵاتییانیش بە شێوەیەکی گشتی.

ئەگەر خۆپێشاندانەکانیش بە شێوازێکی نایاسایی بن، پاداشتی ئەوان ئەوە نییە بکوژرێن

ئەمڕۆ ئێمە خاوەنی دەستکەوتی زۆر گەورەین و دەستبەرداری ئەو دەستکەوتانەش نابین. ئێستا ئێمە لە قۆناغێکی مەترسیدارداین، ئەویش ئەو گرژی و پێکدادانەیە کە لە نێوان دەسەڵات و هاووڵاتییاندا هەیە. ئێستا شەهید و بریندارێکی زۆرمان هەیە لە ناو خۆپێشاندەراندا بە بێ هیچ بیانوویەک. تەنانەت ئەگەر خۆپێشاندانەکانیش بە شێوازێکی نایاسایی بن، پاداشتی ئەوان ئەوە نییە بکوژرێن، بەڵام پێویستە ڕێگاچارەی دیکە بگیرێتە بەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بارودۆخە.

بەداخەوە ئەم حکومەتەی ئێستا توندوتیژیێکی زۆر بەکاردێنێ لەگەڵ خۆپیشاندەراندا، پێشێلکردنی مافی ڕاگەیاندن، بێدەنگکردنی هەموو دەنگێکی دژ بە دەسەڵات و ...

 

دەمەوێ بپرسم جیاوازی لە نێوان مامەڵەی ئەم کابینەی حکومەت و کابینەکەی تۆ لەگەڵ خۆپیشاندەراندا چییە؟ ئێوەش بەهەمانشیوە مامەڵەتان لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکرد لە کابینەکەی خۆتاندا؟

بەڵێ ئێمە بەو بارودۆخەدا ڕۆیشتووین لەگەڵ خۆپیشاندەراندا و هەوڵی پاراستنی گیانی خۆپیشاندەرانمان داوە و لەگەڵیان کۆبووینەتەوە و گوێمان لە داواکارییەکانیان گرتووە. هەروەها هەوڵی جدی دراوە بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران. هەروەها ئاراستەی حوکمڕانیمان ڕوون و ئاشکرا بوو بۆ هێزەکانی پاراستن کە بە هیچ شێوەیەک نابێ توندوتیژی بەکاربێنن لەگەڵ خۆپێشاندەران و هەوڵی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانمان داوە و ئامانجمان سەلامەتی ئەوان بووە .

 

بەڵام لەو بارەیەوە سکاڵا هەیە، تەنانەت لە کابینەکەی بەڕێزیشتدا چەند تێکدەرێک هەبوون ئەو دەرفەتانەیان دەقۆستەوە بۆ ئەنجامدانی کردەی گێرەشێوێنی، کەواتە دەبێ چ جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانەدا بکرێ و لەلایەن چ دەسەڵاتێکەوە؟

ئەرکی حکومەت و دەسەڵات، پاراستنی یاسای گشتی و خۆپێشاندەرانە 

بەڵێ، ئەم ڕووداوە لەم ماوەی کۆتاییەدا ڕوویدا، وابزانم لەکابینەکەی من لە دوای کۆبوونەوەی پەرلەمان لە ئەیلولی ٢٠١٨ ڕووداوێکی لەناکاو ڕوویدا لەلایەن کۆمەڵێک کەسی نەناسراو. لەبەر ئەوە هێرشکرایە سەر بنکەی هێزە سیاسییەکان و لەبەرامبەردا لەلایەن میلیشاکانی هێزە سیاسییەکان وەڵامی خۆپیشاندەران درایەوە و لەئەنجامدا چەند کەسێک لەخۆپیشاندەران کوژران. ئێمە لێکۆڵینەوەیەکی تەواومان کرد لەسەر ئەو ڕووداوە. من وایدەبینم ئەرکی حکومەت و دەسەڵات، پاراستنی یاسای گشتییە و ئەرکی پاراستنی خۆپێشاندەرانە ئەگەر خۆپێشاندان ڕوویدا.

 

باشە دکتۆر، ئایا حکومەتی ئێستا ئەو کارانەی نەکردووە ؟

ئێمە لەماوەی سێ بۆ چوار ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان کە خۆپێشاندانەکان بوونە هۆی کوژران و شەهید بوونی ١٠٠ کەس و برینداربوونی ٤ هەزار هاوڵاتی. ئێمە لە حاڵەتی شەڕدا نین و لەمەیدانی جەنگیشدا نین. کۆمەڵێک خۆپێشاندری گەنج هەن و هەرگیز نابێ بەو جۆرە لە توندوتیژیی ڕووبەڕوویان ببنەوە. حکومەت باس لە کۆمەڵێک نیشانەشکێن دەکا، کێن ئەوانە؟! نیشانەشکێنەکان هەموو ڕاهێندراون شوێنی ستراتیجی هەڵدەبژێرن لە ناو شارەکاندا. دەسەڵات نازانێ ئەوانە کێن؟ من وایدەبینم ئەمە گەورەترین کێشەیە کە لەم حکومەتەی ئێستادا هەیە .

 

لە سەرەتادا گوتت ئامانجی تۆ هەرگیز گەیشتن نییە بە کورسی سەرۆکایەتی، بەڵام ئەو شتانەی لەلایەن کوتلەکەی تۆوە باس دەکرێن جیاوازن، بۆ نمونە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەلایەن کوتلەکەی ئێوە لەگەڵ (الفتح ) لەگەڵ (صدر) لەگەڵ نوری مالیکی، ئەمانە پێچەوانەی ئەوەمان پێ دەڵێن بە جۆرێک کە لەوانەیە ئامانجی تۆ دووبارە گەڕانەوە بێ بۆ کورسی سەرۆکوەزیران؟

من نامەوێ باس لە ئامانجی لایەنەکانی دیکە بکەم، باس لە لایەن و ئامانجەکانی خۆمان دەکەم. ئێمە دەمانەوێ چارەسەری ئەم بارودۆخەی ئێستا بکەین، دەمانەوێ وڵاتەکەمان بپارێزین، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش گفتوگۆ لەگەڵ هاوڵاتییان و خۆپێشاندەران و دەسەڵاتدا دەکەین. باوردۆخی ئەمڕۆ وایە دەبێ هەموومان بە ئاراستەیەکی نیشتمانی بجوڵێین و سەروەرییەکانی هاوڵاتیان و عێراق بپارێزین. نابێ عێراق بە ئاراستەی هێزی دەرەکی بجوڵێ. ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەمانە بپارێزین و ئەمە ئەرکی سەرەکیمانە.

 

مەبەستت چییە لە ‌هێزی دەرەکی کە عێراق دەجوڵێنێ؟

نیشانەشکێنەکان هەموو ڕاهێندراون و شوێنی ستراتیجی هەڵدەبژێرن لە ناو شارەکاندا، دەسەڵات نازانێ ئەوانە کێن؟

ئێوە دەزانن عێراق لە ناوەندی ڕووداوەکاندایە، داعشمان تێکشکاند، بە سەریاندا سەرکەوتین. ئەمڕۆ ناکۆکیێکی ڕوون دەبینین لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، لە نێوان ئێران و وڵاتانی دیکەدا، هەروەها تورکیاش تەماحی دیاریکراوی هەیە، لەبەر ئەوە هەموو ناوچە هەرێمییەکان بەرژوەندییان لە عێراقدا هەیە .

 

ئایا ئەوەی لەپێشدا هەبووە و ئەوەی لە ئێستادا هەیە، چ جیاوازیێکی هەیە لەگەڵ ئەم کابینەیەی عادل عەبدولمەهدیدا؟

سێ جیاوازی هەیە :

یەکەم : ناکۆکی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە تایبەت لە دوای دەرچوونی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەمە ڕوونە، پێچەوانە دەبێتەوە لەسەر خاکی عێراق.

دووەم : پێکهێنانی حکومەت پێچەوانەی دەستورە. هیچ لایەنێکی گەورە نییە تەبەنی حکومەت بکا بەشیوازێکی ڕوون. من وایدەبینم ئەمە هەڵەیەکی زۆر گەورەیە.

سێیەم : ئەم حکومەتە هیچ شتێکی پێشکەش نەکردووە لە ماوەی ساڵێکی دەستبەکاربوونیدا. لەگەڵ ئەوەی لەحاڵەتی جەنگدا نین و پاڵاوگە نەوتییەکان زۆر باشترن و بەرهەمیان زیاترە لە ماوەی پێشوو. هەروەها ئەم حکومەتە سەرکەوتوو نەبووە لە جێبەجێکردنی بەرنامەی دەوڵەتدا.

 

واتا هەڵوەشاندنەوەی ئەم کابینەیە ئاسانە؟

ئێمە شوێنکەوتەی دەستوور و ڕێگا یاساییەکانین. ئەوەی دیکە لەسەر لایەنە سیاسییەکانە کە لە پەرلەمان چ بڕیارێک دەدەن. ئایا بەردەوامی بەم کابینەیە دەدەن یان دەیگۆڕن؟.

 

لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نوێدا، چاوەڕوان دەکرا خۆت هەڵبژێریتەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەمە ڕووینەدا و بەشداریتان نەکرد. ئایا ڕاستە کە بڵێین ئەگەر ئێوە بەشدار بوونایە کاریگەی زیاترتان دەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەکان؟

بەڵێ، من دووبارەی دەکەمەوە کە پۆستی وەزیری دەرەوەم بۆ پێشنیار کرا، بەڵام قبوڵم نەکرد لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا. هەروەها پۆستی جێگری سەرۆک کۆماریشم قبوڵ نەکرد، تەنانەت پۆستی وەزیری بەرگریشیان بۆ پێشنیارکردم، بەڵام من هەموو ئەو پۆستانەم ڕەتکردەوە.

بارودۆخی ئەمڕۆ وایە دەبێ هەموومان بە ئاراستەیەکی نیشتمانی بجوڵێین و نابێ عێراق بە ئاراستەی هێزی دەرەکی بجوڵێ

بۆچونی من وابوو کە بەشداری لەم کابینەیەی حکومەت نەکەم و دەرفەتیان بدەمێ بۆ سەرکەوتن. پێموابوو مادام حکومەتێکی نوێیە دەرفەتیان پێ بدەین بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن، بەڵام بە داخەوە بۆ ئەم کابینە نوێیەی حکومەت نزیکەی ٨ مانگی پێویست بوو بۆ تەواوکردنی کابینەکە، کە بەتەواونەکراوی مابۆوە لە بەر نەبوونی کەسێک بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری. من وایدەبینم کە کێشە لەم کابینەیەی حکومەتدا هەیە و هەموومان ئەمە دەبینین .

 

بەڵام ئەوەی لە شەقامەوە گوێبیستی دەبین ئەوەیە کە سیاسییەکان هەموویان قبوڵنەکراون، یانی کێشەکە ئەوە نییە ئێمە (سین) مان دەوێ و (صاد) مان ناوێ، واتا کێشەکان لە بنەڕەتەوە چارەسەر نەکراون ؟

بەڵێ، چەند داواکارییەکی لەو جۆرە هەیە بۆ دوورخستنەوەی هەموو چینە سیاسییەکان، بەڵام خۆ لە کۆتاییدا ئەو گرووپە نەما گرووپێکی دیکەی سیاسی دێتە مەیدانەکە، کەواتە ئەوەی لەسەرمانە ئەوەیە کە هاوکاری یەکتر بین بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی حوکم لە پێناوی گۆڕانکاری لە بەرنامەی وڵاتدا. بەرنامەی دەوڵەت کامەیە؟ دەوڵەت پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانیدا بکات؟ ئەگەر دەوڵەت بە توندوتیژی وەڵامی هاووڵاتییانی بداتەوە و هاووڵاتییانیش بەهەمانشێواز، ئەوە لە کۆتاییدا وڵاتەکەمان زیانی پێ دەگات .

 

بۆ ئەوەی دادپەروەر بین بەرامبەر کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی، دەبێ ئەو ڕاستییە بڵەین کە کێشەی ئاو و کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزاری و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی بە تەواوی سێکتەرەکاندا، لە کابینەی ئێوەشدا هەبوون؟

پێکهێنانی حکومەت پێچەوانەی دەستوورە و هیچ لایەنێکی گەورە نییە تەبەنی حکومەت بکا بەشیوازێکی ڕوون

بەڵێ لە ڕابردوودا ئەم کێشانە هەبوون. من دان بەوەدا دەنێم. ئەم کێشانە کۆنن دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس، بەڵام ئەم حکومەتە کە هات بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی بوو، کەچی ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا کڕین و فرۆشتن بە پۆستەکانی حکومەتەوە دەکرێت. ئێستا گەندەڵی بە ئاشکرا لە وەزارەتەکاندا دەبینرێ و هیچ کارێک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ناکرێت. لە ناو حکومەتدا جۆرە گەندەڵییەکی نوێ دروست بووە، لەبەر ئەوە خەڵک تووڕە بوون و هاتوونەتە سەر شەقام، ئەوان چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشەکانیانن لە لایەن دەسەڵاتەوە. ئێمە دەزانین و تێدەگەین کە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئاسان نییە، بەڵام تێشدەگەین کە ئێستا جۆرێکیتر لە گەندەڵی دروست بووە و لەگەڵ گەندەڵییەکانی پێشوودا دەبنە هۆکاری هەڵوەشانەوەی دەوڵەت و هەڵوەشانەوەی عێراق. لەبەر ئەوەی بەفیڕۆدانی زۆر هەیە لە سەروەتی عێراقدا بە تایبەت لە کەرتی نەوتدا، بە جۆرێک کە  زیاترە لەوەی پێشووتر هەبوو .

 

بۆچی ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لەعێراق ئەوەندە قورسە؟

من گوتم دەتوانین ڕووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە، بەڵام پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە لەبەر ئەوەی گەندەڵی بووە بە کەلتوور، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی هۆشیاری هەیە لە لایەنی یاساییەوە.

 

باشە بۆچی ئەم کارانەت لە کابینەکەی خۆتدا نەکرد لەماوەی ٤ ساڵی ڕابردوو ؟

ئێمە سێ ساڵ و نیو لە جەنگی دژ بە داعشدا بووین. عێراق لە مەترسی گەورەدابوو لە حاڵی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعشدا، هەروەها ڕووبەڕووی بارودۆخێکی دارایی قورس بووبووین، هەروەها لە بەر مەترسی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتدا بووین. سوپاس بۆ خوا کە بە سەر هەموو ئەو کێشانەدا سەرکەوتوو بووین و گەیشتینە ئەو ئاستەی پارێزگاری لە وڵاتەکەمان بکەین .

 

کاریگەری دەوڵەتی ئێران لە دیاریکردنی حکومەتەکانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆکەکاندا لە چ ئاستێکەدایە؟

من نامەوێ هیچ جورە دەستوەردانێکی دەرەکی هەبێ لە بارودۆخی عێراق، جا ئەمەریکی بێ یان تورکی یان ئێرانی.

ئەم حکومەتە کە هات بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی بوو، کەچی ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا کڕین و فرۆشتن بە پۆستەکانەوە دەکرێت

بەڵام وەک دەزانن ئێستا هەڵمەتێک هەیە دژی ئێران و هەر لێدوانێک بدەین دژی ئێران خراپ بە سەرماندا دەشکێتەوە. من چەند جارێک پرسیارم لە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکی و ئێرانی کردووە؛ ئایا پێتان ڕەوایە کە ئێمە دەست لە کاروباری ناوخۆیی ئێوە وەربدەین؟ لە وەڵامدا گووتوویانە نەخێر. پێمگوتن دەی بە چ حەقێک دەست لە کاروباری ناوخۆیی ئێمە وەردەدەن؟ من بە هەموو لایەنە سیاسییەکانم گوتووە کە چۆن ڕێگا بەوە دەدەن کەسانی دیکە دەست لە کاروباری ناوخۆییمان وەربدەن؟. ئەمە داواکاری ئێمەیە تەنانەت بۆ لایەنە سیاسییە کوردییەکانیش، ڕێگا بە هیچ لایەنێکی دەرەکی نادەین دەست لە کاروبارەکانمان وەربدات، تەنانەت ئەگەر هاوڕێ و هاوپەیمانیشمان بێت. ئێمە پێشوازی لە هاوڕێکانمان دەکەین و سوپاسیان دەکەین، بەڵام توانایی ئەوەمان هەیە کە بە سەر کێشەکاندا سەرکەوتوو بین. ئێمە بەسەر داعشدا سەرکەوتین کە گەورەترین رێکخراوی تیرۆرستی بوو لە جیهاندا.

 

دوای هێرشەکانی سەر ئارامکۆی سعوودی، دەنگۆیەک هەبوو کە لە سی ئێن ئێن بڵاو کرایەوە، بەوەیکە گوایە مووشکەکان لە عێراقەوە هاوێژراون، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ سێ بەشی ئابووری عێراق لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە، ئەمانە بوونەتە هۆی دوودڵی ئەمریکا لە ئاست بەرژەوەندییەکانی خۆی لە عێراقدا، ڕاستی ئەمانە چین کە دراونەتە پاڵ عێراق؟

من پرسیار لە ئێوە دەکەم؛ بۆچی عێراق خراوەتە ناو ئەم ناکۆکییەوە؟ عێراق بەشێک نییە لە مەلەفی نەوتی ئێران، هەروەها بەشێکیش نییە لە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران، بۆچی دەمانخەنە ناو ئەو ناکۆکییەوە؟ ئێمە دەمانەوێ لە ئاشتیدا بژین وە دەمانەوێ وڵاتمان بنیاد بنێین.

 

مەبەستت چییە لەوەی کە دەڵێی ئەمریکا دەتانخاتە ناو ئەم ناکۆکییەوە؟ ئەگەر مووشەکەکانی سەر پاڵاوگە نەوتییەکانی (ئارامکۆ) لە عێراقەوە هاوێژرابن؟ ئایا ئەمە بەرپرسیارێتی عێراقییەکان نییە؟

ئەمە ڕاستە، ئەگەر هاتوو ئەو هێرشانە لە خاکی عێراقەوە کرابن. هەموو ڕاپۆرتەکانم بینیوە و باس لەوە ناکەن کە هێرشەکانی سەر ئارامکۆ لە عێراقەوە کرابن، بەڵکو ئەوانە تۆمەتن دەدرێنە پاڵ ئێمە. داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە پارێزگاری لە یەکپارچەیی و سەروەریی عێراق بکات. بەرگری بکات لەهەر هێرشێک کە لەخاکی عێراقەوە دەکرێ بۆسەر ناوچەکانی دەوروبەر. نابێ ئێمە ببینە بریکاری هیچ لایەنێک و بەرژەوەندی ئێمە لەوەدا نییە. ئەوانیش بەرژەوەندی خۆیان دەزانن و ئێمەش بەرژەوەندی خۆمان دەزانین.

 

بەڕای ئێوە هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سوریا، هیچ کاریگەرییەکی دەبێ لە سەر عێراق؟ ئایا ئەگەری دووبارە گەڕانەوەی داعش هەیە وەک ئەوەی وڵاتانی ئەورووپی باسی دەکەن؟

عێراق بەشێک نییە لە مەلەفی نەوتی ئێران و لە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران، بۆچی دەمانخەنە ناو ئەو ناکۆکییەوە؟

بەڵێ ئەم کێشەیە کاریگەری گەورە و ترسناکی هەیە. دوابەدوای سەرکەوتنمان بەسەر داعش و دەرکردنیان لەخاکی عێراق، بەشێک لە تیرۆریستانی داعش چوونە سوریا و لە چەند ناوچەیەکی بچووکدا مانەوە. دوایی ئەو هێرشانەی تورکیا بووە هۆی سەرقاڵبوونی ئەو هێزانەی کە شەڕی داعشیان دەکرد. ئێستا هیچ هێزێک شەڕی داعش ناکا و ئەمە کارێکی زۆر خراپە کە ئەگەر نەبێتە هۆی زیندوو بوونەوەی داعش، ئەوە جۆرێکی نوێی داعش لەسوریا پەیدا دەبێتەوە و ئەگەری هەیە هەنگاو بنێ بۆ عێراق. بەڕاستی من زۆر دوودڵم لە سەر ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە ڕاکردنی زیندانیکراوەکانی داعش دەکەن لە سوریا، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بووبێ. بەڕاستی ئەمە زۆر ترسناکە. بەرنامە و ئایدیای داعش زۆر ترسناکە، باوەڕیان بەکوشتار هەیە. من زۆر بایەخ بەمە دەدەم لەوانەیە ئیدارەی ئەمریکا ئەم مەترسییە نەبینن .

ئەمانە تیرۆریستن و بە هیچ جۆرێک جیاوازی ناکەن لە نێوان هیچ دەوڵەتێک. لەبەر ئەوە سەرۆک ئەردۆغان ئاگادار دەکەم کە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە و لە بەرژەوەندی ناوچەکەدا نییە، بە تایبەتیش لە بەرژەوەندی تورکیادا نابێ.

 

سەرچاوە : بی بی سی عەرەبی 

کۆمێنتی خۆت بنووسە