تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

د. ئازاد عوسمان: پێویستە هەنگاوەکانی چاکسازی لە چاککردنی حزبەوە دەست پێبکەن

د. ئازاد عوسمان، مامۆستای زانکۆ و نووسەری کتێبی: چاکسازی سیاسی و ئابووری
د. ئازاد عوسمان، مامۆستای زانکۆ و نووسەری کتێبی: چاکسازی سیاسی و ئابووری
17 Oct
تەما / 17.10.2019

لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە چاکسازی بووەتەوە پرسی شوێنی سەرنج و لە پلان و کارنامەی حکومەتدا جۆرێک لە بایەخ و تایبەتمەندی پێدراوە، کە دەخوازێ هەڵوەستەی لە سەر بکرێ و بە ڕامانەوە هەڵبسەنگێنرێت. لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ د. ئازاد عوسمان، مامۆستای زانکۆ و نووسەری (کتێبی چاکسازی سیاسی و ئابووری)، هەوڵ بۆ ئەو مەبەستە دراوە.   

 

  • لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا جەختکردنی فراوان لە سەر چاکسازی دەبینین، ڕۆژانەیش لە بڕیارەکانی حکومەتدا ئەو جەختکردن و ئاماژانە بە شێوەی جۆراوجۆر دووبارە دەبنەوە. دەیشزانین ئەمە بە گشتی لە بەردەم کام جۆرە تێگەیشتن و ڕوانینانەدایە و ڕەخنە و تێبینییەکان لە بارەیەوە چین. کۆی ئەوانە پێکەوە چ وێنەیەکمان لە بارەی چاکسازیکردن بە دەستی کابینەی نۆیەم پێ دەدەن؟

دیارە پێش دروستبوونی کابینەیش نیاز نیشان دراوە بۆ چاکسازیکردن و جەختیشی لە سەر کراوەتەوە و هەندێ بڕیاریش لەو بارەوە دراون، بەڵام خەڵک شتی هەستپێکراوی دەوێ، بۆیە دەبێ هەنگاوەکان کردەیی و جدی بن، تا متمانەی خەڵک زیاتر بێت. بێگومان چاکسازیکردن بە بێ پاکسازیکردن ناکرێت. هەمووشمان دەزانین گەندەڵی لە عێراق بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی زۆر خراپ بڵاو بووەتەوە و لە هەموو دامودەزگاکاندا تەشەنەی کردووە. بێگومان ئەوەیش هێندە ئاسان نییە، بە شەو و ڕۆژێک چاکسازی و پاکسازی بۆ بکرێت.

خەڵک شتی هەستپێکراوی دەوێ، بۆیە دەبێ هەنگاوەکانی چاکسازی کردەیی و جدی بن

بەڕاستی زۆر گرنگە ئەو بڕیارانە و ئەو نیازەی بۆ چاکسازی هەیە جێبەجێ بکرێن و خەڵك هەستی پێ بکات. بەو شێوەیە خەڵک متمانەی بە حکومەت زیادتر دەبێت، کارەکانی حکومەتیش باشتر دەچنە پێش، ئەو نەخۆشیانەیش کە هەن وردە وردە چاریان بکرێت.

بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین. خۆی لە زۆر شوێن کە حکومەت پێکدێت ماوەیەک یاخود سەد ڕۆژێک لێی دەوەستن، بۆ ئەوەی بزانن ئایا تا چەند بەڵێنەکانی دەباتە سەر؟ هەرچەند باش دەزانین کە چاکسازی پێویستی بە هەنگاوی پراکتیکی هەیە، پێویستی بە پاکسازییەکی باش هەیە، واتە پاککردنەوەی هۆکارەکانی نەخۆشییەکان، بە جۆرێک کە ئەنجامەکانی ببینرێن و هەستیان پێ بکرێت.

 

  • بێگومان دەستبردن بۆ چاکسازی لە هەر کات و شوێنێکدا و لە هەر بوار و کەرتێکدا، هەلومەرج و پێداویستی تایبەت بە خۆی دەخوازێ. ئایا لە کار و بەرنامەی حکومەتدا ڕێخۆشکەری دروست و ڕەخساندنی دۆخی لەبار بۆ چاکسازی دەبینن؟

لە هەموو حاڵێکدا چاکسازی بە بێ پاکسازی ناکرێت و دەبێ لە پێشدا هۆکارەکانی گەندەڵی پاک بکرێنەوە

هەرچەند من کەسێکی گەشبینم، بەڵام لە بەر ئەوەی باش دەزانم تەگەرەکان و نەخۆشییەکان و کەموکورتییەکان زۆر زۆرن، بە پێویستی دەزانم پێش هەموو شتێک چاکسازی لە بواری سیاسییەوە دەست پێ بکات. لە حزبەوە دەست پێ بکات. دەبێ حزبەکان، حزبایەتی بە شێوەی دروست بکەن، واتە لە سەر شێوازی نوێی پۆلێتیکەڵ پارتی – حزبی سیاسی بن. دەبێ حزب رێکخراوێکی سیاسی وا بێت کە تەنیا چالاکی سیاسی بکات و ئەندامەکانی بە پێی قەناعەت و بیر و باوەڕ بە حزبەکە هەوڵ بدەن لە ڕێگەی سیاسەتەوە خزمەتی گەل و نیشتمان بکەن. ئەگەر حزبەکان بە تایبەت کاتێک دەسەڵاتیان بە دەستە، دیموکراتی نەبن و هەموو ساڵێ کۆنگرە و کۆنفرانس نەبەستن، سەرکردایەتی حزب ڕێکنەخەنەوە، بارەگاکانیان کەم نەکەنەوە، لق و مەڵبەندەکانیان کەم نەکەنەوە، ئەو گرانییەی خستوویانەتە سەر میزانییەی گەل لای نەبەن، بەڕاستی خۆیان خۆیان نوێ نەکەنەوە، زۆر زەحمەتە بتوانن حوکمڕانییەکی دروست بەڕێوە ببەن. حزب ئامرازی حوکمکردنە ئەگەر چاکسازی لە حزبەکانەوە دەست پێنەکات، قۆناغەکانی دیکەی چاکسازی سەرکەوتوو نابن. لە هەموو حاڵێکیشدا چاکسازی بە بێ پاکسازی ناکرێت.

 

  • کاتێک دەڵێی چاکسازی بە بێ پاکسازی ناکرێت، ڕوونتر بۆمان باس بکە مەبەست چییە؟

بۆ نموونە ئەگەر ئێمە لە ئەزموونی سەنگافوورە بڕوانین، دەبینین سەنگافوورە کە هەرێمێکی زۆر دواکەوتوو و دوورگەیەکی وشک و چۆڵ و بێ سامانی سروشتی و بێ زەوی و خاکی بە پیت و بەرەکەت بوو، تەنانەت ئاوی شیرینیشی نەبوو. سەرۆکێکی وەکوو (لی کوان یو)ی تیادا هەڵکەوت کە ویست و ئیرادەی تەواوی بۆ چاکسازی خستە گەڕ. (لی کوان یو) بە حزبەکانی وت جارێ ئێوە بڕۆن خۆتان چاک بکەن و واز لە من بێنن با حکومەتێکی تێکنۆکرات دروست بکەم. حکومەتێکی تێکنۆکرات بە کۆمەڵێک وەزیرەوە کە تەنیا پێوەرم بۆیان لێهاتوویی و پاکییە. پاشان هەموو جمگە هەستیارەکانی پاک کردەوە و ئەوەی بە کەڵک نەدەهات هەمووی ناردەوە ماڵ و خانەنشینی کردن. ئینجا ڕایگەیاند بۆ هەموو پۆستەکان دوو پێوەرم هەیە، ئەویش لێهاتوویی و پاکبوونن. ئەوە پاکسازییە کە شوێنی مەبەستی منە.

پێویستە چاکسازی لە بواری سیاسی و لە حزبەوە دەست پێ بکات و حزب تەنیا چالاکی سیاسی بکات، ئەگەر وا نەبێ سەرکەوتوو نابێ

بۆیە بەڕاستی دەبێ لە پێشدا هۆکارەکانی گەندەڵی پاک بکرێنەوە. واتە ناپاکی و لێنەهاتوویی نەهێڵرێت. پێویستە بێ سێ و دوو ئەو کەسانەی لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکەیاندا نین، سەرەتا خانەنشین بکرێن، پاشان لە سەر گەندەڵییەکانیان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئینجا کەسانی پاک و لێهاتوو بخرێنە شوێنیان. پاکسازی ئەوەیە.

لە سەنگافوورە (لی کوان یو) وایکرد و سەرکەوت. مەهاتیر محەممەد لە مالیزیا هەر وایکرد و سەرکەوت. لە نەیجیریایش کە وڵاتێکی ئەفریقییە سەرۆکەکەی دەستی پێ کردووە. هەرچەند مەرج نییە ئەو چاکسازی و پاکسازییە هەمووی بە شەو و ڕۆژێک بکرێت. دەکرێ کابینەی ئێستا پرۆگرامێکی هەبێ، بەڵام دەبێ پێداگر بێ و بە شێوەیەکی جدی دەست بداتە کارەکە و هیچ دوو دڵییەکی نەبێ. 

 

  • لە باسی چاکسازیدا، زۆر جار واتای چاکسازی بونیادی مایەی سەرنجە. ئایا ئەوەی کابینەی نۆیەم دەیەوێ بیکات دەچێتە خانەی چاکسازی بونیادییەوە؟ 

چاکسازی بە دوو جۆر باسی دەکرێ. ئەگەر چاکسازییەکی ڕووکەشی بێت واتە تەنیا بۆ جوانکاری بێت. دیارە ئەوە هەر بۆ ڕیکلامە، یا تەنیا بۆ ڕازیکردنێکی کاتی خەڵکە. ئەم جۆرەیان لە زۆربەی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو باوە.

ئەگەر کابینەی نۆیەم دەیەوێ خزمەتی گەل و نیشتمان بکات، دەبێ بێ دوو دڵی ستراتیژییەت بۆ چاکسازی دابنێت

لەڕاستیدا چاکسازی دەبێ ڕیشەیی بێ و هەموو بوارەکان بگرێتەوە. بە نسبەت کابینەی نۆیەمیش پێویستە نیشانەکانی چاکسازی ڕیشەیی ببینین و هەستی پێ بکەین. خەڵک چاوەڕوانی ئەوە دەکات. کاتی خۆی لە چین بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پرسیارێک بەرز کرایەوە و دەپرسرا: " ئەوەت لە کوێ بوو؟ " واتە لێپێچینەوە لە سامان و دارایی بەرپرسان و کاربەدەستان دەکرا و ئەوەی لەگەڵ داهاتی بنەڕەتییان نەیخوێندایەوە، بەرەوڕووی ئەم پرسیارە دەکرایەوە و  لێی خۆش نەدەبوون. جا ئەگەر کابینەی نۆیەمیش دەیەوێ خزمەتی خۆی و خزمەتی گەل و نیشتمان بکات، دەبێ بێ دوو دڵی هەوڵ بدات و ستراتیژییەت بۆ چاکسازی دابنێت، چونکە بێ ستراتیژییەت نە چاکسازی پێ دەکرێت و نە خۆی پێش دەکەوێت. هەروەها بۆ هەموو بوارەکان بیرمەندی تایبەت کۆ بکاتەوە. من لە مێژە پێشنیاری ئەوەم کردووە (کۆمسیۆنێکی ڕاوێژکاری باڵا) لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێ و پێکبێت لە شارەزایانی لێهاتوو و پاک. کۆمسیۆنێکی وا هەم دەتوانێ ستراتیژییەتی چاکسازی دابنێت و هەم دەتوانێ ڕاوێژکاری بەردەوام بێت لە بەرەوپێشبردنی پلانەکانی چاکسازیدا.   

 

  • کاتێک لە کۆمەڵگەیەکی وەک هەرێمی کوردستاندا باس لە چاکسازی دەکرێت، بێگومان بەڕێزیشت دەزانی بە هۆی زۆر هۆکار دەکەوینە بەردەم دەیان بەش و بواری جیاجیا کە پێویستیان بە چاکسازی هەیە. ئایا کابینەیەک دەتوانێ لە ماوەی چوار ساڵدا بە چاکسازیکردنی سەرکەوتووانە لە هەموو ئەو بوارانەدا ڕابگات؟ یا خود چاکسازیکردن بە واتا بنەڕەتی و فراوانەکەی پلانی درێژخایەنتر و دەست و دامەزراوەی گەورەتر لە کابینەیەکی دەوێت؟

بێگومان چاکسازی پرۆژەیەکی درێژخایەنە، بەڵام ئەو کابینەیەی دەستی پێ دەکات، دەبێ بزانێ کە بەردی بناغە دادەنێ، واتە ستراتیژییەتەکە دادەنێ و دەست بە قۆناغی یەکەم دەکات کە قۆناغی بنەڕەتی و زۆر گرنگە. دیارە کابینەکانی دیکە لە سەر بنەمای ئەوە دەتوانن درێژە پێدەر بن و پرۆسەی چاکسازی تەواو بکەن. لەگەڵ ئەوەیش گرنگە لە ماوەی چوار ساڵەکەدا بەردی بناغە دانرابێ و قۆناغی یەکەم خرابێتە گەر.

چاکسازی پرۆژەیەکی درێژخایەنە، بەڵام گرنگە ئەو کابینەیەی دەستی پێ دەکات، لە ماوەی چوار ساڵدا بەردی بناغەی بە دروستی دابنێ.

چاکسازی بۆ ئەوەیە وڵات پێش بکەوێ و خەڵک خۆشگوزەران بێ. دیارە ئەوەیش هەر بە چوار ساڵ ناکرێ. لە سەنگافوورە کە بە نموونە هێنامەوە، لە حاڵێکدا زۆر لە ئێمەیش خراپتر بوون، ماوەی 20 ساڵی خایاند تا چاکسازی کرا. بۆیە ئەگەر پرۆسەکە لای ئێمە بە دروستی بەردەوام بێ، ڕەنگە لە دوای سێ کابینەی دیکە ئەو پێشکەوتن و خۆشگوزەرانییەی خەڵك چاوەڕوانی دەکات بێتە دی.

وەکوو وتم دروستی پرۆسەکەیش لەوەدایە کە چاکسازی لە حزبەکانەوە دەست پێ بکات و حزب تەنیا سیاسەت بکات و واز لە بابەتەکانی دیکە بهێنێت و ڕێگە بدات کوردستانێکی یەکگرتووی بە دوور لە کلتووری دوو ئیدارەیی پێک بێت. کوردستانێکی یەکگرتوو بە یەک ئیدارە و یەک سوپا و یەک دەسەڵاتی کاریگەر لە هەموو ناوچەکانیدا. جا بەو شێوەیە دەکرێت چاکسازی ڕیشەیی لە هەموو بوارەکاندا بکرێت.

   

  • ئایا ئەوە دروستە کە تەنیا لە ڕێگەی کایەی سیاسەت و سیاسییەکانەوە هەوڵ بۆ چاکسازیکردن بدەین؟ لە کاتێکدا چاکسازیکردن بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێوەندی قوڵی بە کایەی رۆشنبیری و ئاستی رۆشنبیری تاک و کۆمەڵەوە هەیە؟

ڕۆشنبیرکردنی تاک و کۆمەڵیش ئەرکی سیستەمی سیاسییە و دەبێ بواری بۆ بڕەخسێنێت

لەڕاستیدا پێویستە بڕیاربەدەستان ویستی چاکسازییان هەبێ و هەر ئەوانیش بە جدی کاری بۆ بکەن. بێگومان خەڵکانی ڕۆشنبیریش لە ئاست چاکسازیکردن و نەهێشتنی گەندەڵی بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆیە. دەبێ ئەوەیشمان لا ڕوون بێت کە هیچ کۆمەڵگەیەک نییە هەموو تاکەکانی لە ئاستی پێویستدا ڕۆشنبیر بن. خۆی ئەرکی ڕۆشنبیرکردنی تاک و کۆمەڵیش ئەرکی سیستەمی سیاسییە، بە جۆرێک کە لە ڕێگەی پەروەردە و ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە کاری بۆ بکات، واتە دەبێ سیستەمی سیاسی ئەو بوارە بڕەخسێنێت کە دامودەزگاکانی پەروەردە، ڕاگەیاندنەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و تەنانەت پەرستگەکانیش سەربەخۆیانە و پرۆفێشناڵانە ئەرکی خۆیان بۆ ڕۆشنبیرکردنی تاک و کۆمەڵ جێبەجێ بکەن، تاوەکوو تاک کۆمەڵ بە هۆشیارییەوە هۆکار و هاوکار بن بۆ چاکسازییەکان. 

 

  • دەزانین کە بەرپرسیارێتی لە ئاست چاکسازی بەرپرسیارێتییەکی گشتییە، ئێستا کابینەی نوێ بە جۆرێک پێشان دەدات کە بۆ زۆر بوار ئەو بەرپرسیارێتییەی هەڵگرتووە. بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕەخنە و تێبینی و گومان و بێمتمانەیی و تەنانەت ئومێد و هیوایانەی بەرامبەری هەیە، ئاسۆی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پرسی چاکسازیدا چۆن دەبینی؟   

پێویستە ماوەیەک چاوەڕوان بین، بۆ ئەوەی بزانین بناخەکە بە جوانی دانراوە و ستراتیژییەتێکی باش دانراوە؟ یا هەندێک هەنگاو نراون کە بە کردەیی و هەستپێکراوی پێشان بدەن گۆڕان لە ئارادایە بەرەو چاککردن و بەرەو پێشکەوتن؟ ئەو کاتە ئاسۆیەک دەبینین. بارودۆخی گشتیش گرنگە بە تایبەت پێوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و پێوەندی لایەنەکانی ناوخۆی هەرێم، هەموو ئەوانە پێکەوە دەوریان هەیە لەوەی ئاسۆی چاکسازی چۆن ببینین.

کۆمێنتی خۆت بنووسە