تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

چی لە عێراقدا ڕوو ئەدات؟

کاروان مەهدی / 06.10.2019

ئەمڕۆ لەسەر شەقامی ژمارەیەک لە شارەکانی عێراقدا تادێت خوێنی زیاتر دەڕژێت و خەڵکی زیاتر دەکوژرێت. عێراق بەرەو ئەوە دەڕوات ببێتە گۆمێکیتری خوێن. کێشەکانی ئەم وڵاتە تا دێت گەورەتر و قووڵتر دەبێتەوە، تا دێت دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی ساڵانێکی درێژی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات و داھات و ھێز لە وڵاتەکەدا بەرجەستەتر دەبێت. تا دێت وڵاتەکە زیاتر و زیاتر باجی دروستبوونی نوخبەیەکی سیاسی و ئابووری تەواو گەندەڵ و دز و مافیایی ئەدات، نوخبەیەک لە دەرەوەی لانی ھەرەکەمی بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەخلاقی و مێژووییدا، نوخبەیەک وڵاتەکە وەک قاسەیەکی گەورە ئەبینن بۆ دزین. ئەوانەی ئەمڕۆکە حوکمی ئەو وڵاتە دەکەن ھەموو ماناکانی وڵاتبوون و دەوڵەتبوون و نەتەوەبوونیان لەو وڵاتە و لە خەڵکەکەی سەندۆتەوە.

کاتێک خەڵکی کوردستان لە ١٧ شوباتدا ناڕەزاییان دەردەبڕی، خەڵکی شارەکانیتری عێراق تەماشاکەرێکی سلبی بوون، ئێستاش کە لە شارە شیعییەکانی عێراقدا خۆپیشاندان ڕووئەدات، خەڵکی کوردستان و خەڵکی بەشێکی زۆری شارە سونییەکان تەماشاکەرن

عێراقی ئەمڕۆکە ھەرچییەک بێت ”دەوڵەتی نەتەوە“ نییە، دەوڵەتێک نییە حوکمی نەتەوە یان میلەتێک بکات بەناوی ”نەتەوە“ یان ”میلەتی عێراق“ەوە، یان نەتەوە و میلەتێک بێت دەوڵەتێکی ھەبێت بەناوی ”دەوڵەتی عێراق“ەوە. ئەوەی ھەیە و لە عێراقدا ئامادەیە نە دەوڵەتە و نە نەتەوە. لە عێراقدا دەوڵەت بوونی نییە چونکە یەکێک لە مەرجە ھەرە سەرەتاییەکانی بوونی دەوڵەت ”مۆنۆپۆلکردنی بەکارھێنانی توندوتیژیی“ە. ئەمڕۆ لە عێراقدا تەنھا دەوڵەت خاوەنی ھێزی سەربازیی نییە کە ماف و توانای بەکارھێنانی توندوتیژی شەرعی ھەبێت، بەڵکو چەندان ھێزی میلیشیایی گەورە و بچووک، بە ئینتیمای دینی و تائیفی و ئەتنی و ئیقلیمی جیاوازەوە ھەن و کاردەکەن. خاوەن چەک و جبەخانەی گەورەن و لەم سەری وڵاتەکەوە بۆ ئەو سەری وڵاتەکە، بە ھەرێمی کوردستانەوە، تەڕاتێن دەکەن. ھەم زۆرێک لە پارتە سیاسییەکان میلیشیای خۆیان ھەیە، ھەم ھێزە دینییەکان و ھەم ھەندێک کەسایەتی تایبەتی نوخبە حوکمڕانەکە. ئەمەش وادەکات ئەو مەرجە سادەیەی کە دەوڵەتێک دەکات بە دەوڵەت لە عێراقدا بوونی نییە. لەمەش بترازێت دەوڵەتی عێراقی دەسەڵاتی بەسەر ئەو زەمینە جوگرافییەدا ناشکێت کە زەمینی ئەوە و بە ھیچ شێوەیەک توانای پاراستنی سنوورەکانی وڵاتەکەی نییە. نەک ھەر ئەمە، بەڵکو ناوچە سەوزەکەی بەغداد، کە سێنتەری حکومەت و حوکمڕانانی وڵاتەکەیە، تەواو لە سەرجەمی وڵاتەکە دابڕاوە و ھێزی تایبەت و سوپای تایبەت لە خەڵکی وڵاتەکە دەیپارێزن.
 

تاقە کۆگیریی و ھاوچارەنووسیەک ئەمڕۆکە لە عێراقدا بوونی ھەبێت و ئامادەبێت، کۆگیری و ھاوچارەنووسی نوخبە سیاسی و ئابوورییە حوکمڕان و گەندەڵەکەی ئەو وڵاتەیە، بە ھەرێمی کوردستانەوە.

عێراق نەتەوەش نییە چونکە ھاوبەشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ھاوبەشێکی فەرھەنگی و ڕەمزی، لانی ھەرە کەمی ھەستی ھاوڵاتیبوون و ھاونیشتیمانبوون بەو خەڵکە نابەخشێت کە لەو وڵاتەدا بەیەکەوە دەژین. فۆرمە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی شوناس لە وڵاتەکەدا فۆرمی تائیفی و دینی، ئەتنی و ناوچەیین، ئینجا فۆرمی خێڵەکی و عەشایەری و خێزانین. دانیشتووانی وڵاتەکە ھاوبەشێکی واقیعی و ڕەمزی بەیەکەوە کۆیان ناکاتەوە و بەشێکی بەرچاویان بەسەر شوناسی ناکۆک و ناحەزانەدا دابەشبوون. تەنانەت تووڕەبوون و بەرگریکردن و بەگژاچوونەوەشیان بۆ دۆخە ناھەموارەکەی ناو عێراق بەیەکەوە کۆیانناکاتەوە و لەمەشدا ھەم پارچەپارچە و دابەشن. کاتێک خەڵکی کوردستان لە ١٧ شوباتدا ناڕەزاییان دەردەبڕی، خەڵکی شارەکانیتری عێراق تەماشاکەرێکی سلبی بوون، ئێستاش کە لە شارە شیعییەکانی عێراقدا خۆپیشاندان ڕووئەدات، خەڵکی کوردستان و خەڵکی بەشێکی زۆری شارە سونییەکان تەماشاکەرن. کە چەند ساڵێک بەر لە ئێستاش سونییەکانی عێراق لەسەر شەقامەکان بوون نە خەڵکی کوردستان و نە شارە شیعییەکان بێکردە و پەرچەکردار بوون. لەڕاستیدا دابەشبوونەکان زۆر فراوانتر و قووڵترن لەوەی تەنھا دابەشبوونبێت لەنێوان کورد و سونی و شیعەدا، بەڵکو لەناو ھەر یەکێک لەو سێ لایەنەشدا چەندەھا دابەشبوونی دوژمنانەی ناوەکیتر ھەیە، کە ڕێ لە لانی ھەرە کەمی کۆگیری و کاری پێکەوەیی دەگرێت.

بزووتنەوەیەک نییە بەشە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بەیەکەوە گرێبدات، ئەوەی ڕووئەدات تووڕەبوونی خەڵکێکی ھەژارکراو و نائومێدکراوە کە ئاسۆیەکی بۆ کاری پێکەوەیی لەگەڵ بەشەکانیتری عێراقدا پێ نییە

تاقە کۆگیری و ھاوچارەنووسییەک ئەمڕۆکە لە عێراقدا بوونی ھەبێت و ئامادەبێت، کۆگیریی و ھاوچارەنووسی نوخبە سیاسی و ئابوورییە حوکمڕان و گەندەڵەکەی ئەو وڵاتەیە، بە ھەرێمی کوردستانەوە. ئەوەی ئەم نوخبە حوکمڕانە کۆدەکاتەوە، ئەوەی دەیانکات بە پشت و پەنای یەکتری، ئەوەی وەک برای یەکتریان لێدەکات، بوونی پرۆژەیەکی سیاسی ھاوبەش بۆ وڵاتەکە نییە، بوونی خەونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە بۆ ھەموو وڵاتەکە، بەڵکو ھاوبەشییە لە گەندەڵیی و دزیی و تاوانکارییدا. نوخبەی حوکمڕان لە وڵاتەکەدا، لە بەسرەوە بۆ زاخۆ و لە فاوەوە بۆ ھەڵەبجە، گەندەڵی وەک برا لەسەر خوانی نەوت و غازی دزراوی وڵاتەکە کۆیاندەکاتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە بەغدا و شارە شیعییەکاندا ڕووئەدات، بەشێک نییە لە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری، تا ئەم ساتەش سنووری ناکۆکی و جەنگی ناوەکی شیعەکانی لەگەڵ یەکدا تێنەپەڕاندوە. لەھەموو عێراقدا یەک پارتی سیاسی بوونی نییە کە عێراقی بێت و لە ھەموو ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا ئامادەبێت، بزووتنەوەیەک نییە بەشە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بەیەکەوە گرێبدات. ئەوەی ڕووئەدات تووڕەبوونی خەڵکێکی ھەژارکراو و نائومێدکراوە کە ئاسۆیەکی بۆ کاری پێکەوەیی لەگەڵ بەشەکانیتری عێراقدا پێ نییە. ئەوەی ڕووئەدات ئەوەیە ھەندێک دەکوژرێن و ھەندێکیتریش، ھەمووان نا، خەمبارانە تەماشا دەکەن.

 

کۆمێنتی خۆت بنووسە