تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

ئایا عێراق دەبێتە دەوڵەت؟

د.سەردار عەزیز / 06.10.2019

نزیکەی سەت ساڵ لەمەوپێش، ئەوەی بە شۆڕشی بیست ناسراوە ڕوویدا. زۆرێک لە عێراقناسەکان بە سەرەتای دروستبونی عێراقی لە قەڵەم ئەدەن. بە درێژای ئەم سەدەیە ئەم بوونە کە پێی دەڵێن عێراق، سەقامگیری نەدیوە. ئەگەر ساتێک سەقامگیر بووبێت ئەوا لە ژێر سایەی جەبر و ستەمدا بووە.

پرۆژەی دەوڵەتی عێراقی، هیچ پەیوەندی بە خەڵکی عێراقەوە نییە. عێراق دەبێت هەبێت، بۆ کۆمەڵێک ئامانج، کە دابراوە لە بەرژەوەندی و سوودی سەرجەم خەڵکی عێراق

پرۆژەی دەوڵەتی عێراقی، هیچ پەیوەندی بە خەڵکی عێراقەوە نییە. عێراق دەبێت هەبێت، بۆ کۆمەڵێک ئامانج، کە دابراوە لە بەرژەوەندی و سوودی سەرجەم خەڵکی عێراق. ئەم بەرژەوەندییانە بەردەوام بە پێی قۆناغەکان گۆڕاون و دەگۆڕێن. بەڵام ئەوەی نەگۆڕە ئەوەیە کە عێراق هیچ پەیوەندی بە خەڵکی عێراقەوە نییە. عێراق هەیە بۆ هاوسەنگی هێز، بۆ دابینکردنی وزە، بۆ ڕێگری لە باڵادەستی هێزێک بە سەر ناوچەکەدا. ئەمە لە ئاستی جیۆپۆلەتێکی جیهانی. لە ئاستی ناوخۆدا، بە هەمانشێوە عێراق جگە لە ناوێکی بەتاڵ، بۆ نەبوویەک، هیچ بوونێکی نیە. هیچ حیزب و لایەنی سیاسی و بیرمەندێک نییە لە سەرتاپای مێژوی عێراقدا عێراقییانە بیری کردبێتەوە، هەمیشە عێراق گۆڕەپان و جێگایەک بووە بۆ بەدیهێنانی خەونی بەدەر لە عێراق، خەونی یەکێتی نیشتمانی عەرەبی، خەونی داکۆکیکردن لە دەروازەی ڕۆژهەڵات، خەونی باڵایی شیعە، پاراستن یان ڕێگری لە ئێران. ئەمە وەهایکردوە کە عێراق وەک ئامرازێک ببینرێت بۆ ئامانجێک، کە هەمیشەی لای لەیەک مەترسییە. بۆیە هەمو هێزەکانیتر لە هەوڵی ئەوەدان کە عێراق بەو شێوەیە بێت کە نابێتە مەترسی و لە خزمەتی بەرژەوەندی ئەویتردایە.

نوخبەی سیاسی عێراقی، لە زۆرجاردا ناوی عێراق بەکار دەهێنن بۆ شاردنەوەی ئامانجی ڕاستەقینەی خۆیان، کە تەواو جیاوازە لە عێراق

ئەگەر لە دوا دیداری قاسم سلێمانی بنواڕێت، بە ڕوونی بۆت دەردەکەوێت، کە چۆن ئەم وڵاتە دەبینرێت.

لە ناوەوە عێراق لە میانەی مێژویدا هێڵێک بووە بۆ دروستبوونی ناسیۆنالیزمێکی خاکی، تیرەتۆری. ناسیۆنالیزمێک کە هەوڵ دەدات کۆمەڵێک خەڵكی جیاواز لە سەر خاکێک بکات بە یەک، لە زۆربەی کاتدا بە زەبری هێز و چەک. نوخبەی سیاسی عێراقی، لە زۆرجاردا ناوی عێراق بەکار دەهێنن بۆ شاردنەوەی ئامانجی ڕاستەقینەی خۆیان، کە تەواو جیاوازە لە عێراق. ئەم نەبوونەی عێراق، وەهایکردوە کە ئەوانەی لە ناو عێراقدا سیاسەت دەکەن هەرگیز نەگەنە ئامانجی هاوبەش و کاری پێکەوەیی، بەڵکو بەردەوام لە ململانێی و کێبڕکێ و کێشمەکێشدا بن بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتی زیاتر.

ئەمە لە ئەنجامدا کۆمەڵێک دەرئەنجامی هەبووە:

یەکەم، نەبوونی ئیمج، یان وێنای هاوبەش. (هانا ئارێنت) دەڵێت: نیوەی سیاسەت بریتییە لە دروستکردنی ئیمج یان وێنا و نیوەکەیتری بریتییە لە هەوڵدان بۆ قەناعەتپێکردنی ئەوانیتر بەو وێنایە. عێراق خاوەنی ئەم وێنایە نییە. ئەم ئیمجە، لای (ئەندرسنیش) دەیبینین کە دەبێتە بنەمای بوون یان پێکەوەبوونی نەتەوە. بیری بوونی عێراق لە ناو زۆرێک لە خەڵکانی بیانیدا باوە کە دیدیان بۆ خەڵکی عێراق زۆر سووک و خراپە. ئەوان خەڵکی عێراق وەها دەبینن کە وابەستەی کۆمەڵێک کەلتوورن: تایفی، ئاینی، ئیتنی، کە دەبێت دەستبەرداری ببن.

لە عێراقدا ڕژێم هەبووە، بەڵام دەوڵەت نەبووە. ئەم جێگرتنەوەی ڕژێم بۆ دەوڵەت وەهایکردووە کە عێراق لە هەر قۆناغێکدا عێراقی هەندێک بووە و ئەوانیتر تیایدا پەراوێز بوون

دووەم، نەبوونی دەوڵەت. لە عێراقدا ڕژێم هەبووە، بەڵام دەوڵەت نەبووە. ئەم جێگرتنەوەی ڕژێم بۆ دەوڵەت وەهایکردووە کە عێراق لە هەر قۆناغێکدا عێراقی هەندێک بووە و ئەوانیتر تیایدا پەراوێز بوون. نەبونی دەوڵەت مانای نەبونی بیروکراتیەت، نەبوونی بونیادە ناوەکییەکان، نەبوونی ژێرخان، نەبوونی سوپا، نەبوونی ئابوری.

سێیەم، نەبونی هاوبەشی. بۆئەوەی عێراق هاوبەشی هەبێت، دەبێت لە پرۆسەیەکی ئەبستراکتیدا بەرهەم بێت. چونکە پێکهاتەکانی ناتوانن هاوبەشی پێکەوە دروست بکەن، لە بەر بوونی یادەوری خراپ و لاوازی ئاگایی و نوخبەی پەیوەست بە دەرەوە و بەرژەوەندی دەرەکی و زۆر هۆکاریتر.
چوارهەم، نەبوونی نوخبەی ڕۆشنبیری عێراقی. باڵاترین ڕۆشنبیر ببینە لە عێراقدا، دوای دوو پەرەگرافی بێمانا، هەرزو دەبێتە تایفی، یان سیخناخ لە تیۆرەی پیلانگێڕی و خۆ بە قوربانیزان و دوور لە هەموو خوێندنەوەیەکی قوڵ و بەرپرسانە.

لە داهاتوودا عێراق دەبێتە وڵاتێک کە ناتوانێت دەرەقەتی قەیرانەکانی بێت چونکە کۆمەڵگا ژمارەی زۆر دەبێت، دانیشتووان زۆر دەبن، داهات سنووردار دەبێت.

ئایا عێراق دەبێتە دەوڵەت؟

بوونی عێراق بە دەوڵەت، پەیوەستە بە فاکتەری ناوەکی و دەرەکییەوە. لە سەردەمی جیهانگیریدا دەوڵەت خاوەن سەروەری نییە وەک جاران. هیچ وڵاتێک نییە لە دونیادا بتوانێت ئابوری خۆی بە دەر لە دۆخی جیهانی دابین بکات. ئابوری عێراق لە هەمووان زیاتر ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دۆخی جیهانییەوە لە ئاستی، نرخ، بەکاربردن، داهات. بۆیە زۆر زیاتر لە وڵاتانی تر لاوازترە لە بەردەم دۆخی جیهانیدا. بۆ نمونە گۆڕینی سەرچاوەی وزە، نرخی وزە، ململانێ جیوپۆلەتیکییەکان، گەشەی تەکنەلۆجی.

لە کاتێکدا کە عێراق وەها لاوازە بەڵام کەس دەرک بە ئەمە ناکات و هیچ ئاماژەیەک نییە کە کاری بۆ بکات. لە داهاتوودا عێراق دەبێتە وڵاتێک کە ناتوانێت دەرەقەتی قەیرانەکانی بێت چونکە کۆمەڵگا ژمارەی زۆر دەبێت، دانیشتووان زۆر دەبن، داهات سنووردار دەبێت. ئەگەر تەماشای ئەزموونی ئەو وڵاتانە بکەیت کە لە فۆرمێکی ئابوریەوە گواستویانەتەوە بۆ فۆرمێکیتر لە بیست بۆ سی ساڵی ویستووە، چونکە دەبێت نەوەیەکی نوێ بە سکیڵی نوێوە بهێنیتە بەرهەم. لە عێراقدا چەندین نەوە هەن هیچ هیوایەک نییە کە بتوانن سودمەندی ئابوری نوێی جیهانی بن، جگە لە بەکاربەریی. بۆیە نەوت بە تەنها سەرچاوە دەمێنێتەوە. هیچ ئاماژەیەک نییە کە نەوت داهاتووی هەیە. لە بەردەوامی قەیراندا ئایین و چەک و توندوتیژی و نائومێدی و موخەدەرات دەبنە سیمای سەرەکی سیاسەت.
بەشی زۆری ئەم ڕاڤەکارییە بۆ کوردستانیش ڕاستە.

کۆمێنتی خۆت بنووسە