تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

دەوڵەت و ئارگیۆمێنتسازیی

بەهرۆز جەعفەر / 03.10.2019

لە میانەی پرۆگرامەکانی ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ ی فرانسیس فۆکۆیامادا و ئەو ئارتیکەڵانەی بۆ پاساودان ئەیوەشێنێت، دەرئەکەوێت کە چەند فیگەرێکی بێ بازاڕە:

 فۆکۆیاما لە تێزەکانیدا «پێی وابووە» ئەوەی دوای لیبرالیزمی سەرمایەداری بە سەرکردایەتی خۆرئاوا نەکەوێت، ئەوە ئەبێت دواجار لەو کێوانە لە سارادا بەجێ بمێنێت. وەک کۆتەرە لە سەرئاو دیارە بەشە باشووری و ڕۆژھەڵاتییەکەی گۆی زەوی تێکڕا ڕوویان لە «چین»ە نەک ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەداو بەریتانیا. چوونی سەرۆکوەزیرانەکەی عێراق عادل عەبدولمەهدی بە وەفدێکی (٥٦) کەسی باڵاوە بۆ وڵاتی چین و پێوابوونی ناوبراو کە پێویستە عێراق خێرا بەرەیەکی ئابوری و سیاسی لەگەڵ چین بکاتەوە ئەمە ئەسەلمێنێت.

چوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چین و پێوابوونی کە پێویستە عێراق بەرەیەکی ئابوری و سیاسی لەگەڵ چین بکاتەوە ئەیسەلمێنێت باشوور و ڕۆژھەڵاتی زەوی تێکڕا ڕوویان لە «چین»ە نەک رۆژئاوا

 فۆکۆیاما ئەیوت دەوڵەتێکی بەهێز زامنی بەرجەستەبوونی دیموکراسییەتە… ئەمەش یانی ئەوەی دەوڵەتێکی بەهێزی هەبێت دیموکراسییەتێکی بەهێزی هەیە، ئەی ئەوانەی دەوڵەتیان نییە لەم سەردەمی پۆست ئیندوستریالیزەیشنەدا!؟. ئێمە بۆ دەوڵەتمان نییە!؟ ئەی ئەوە نییە یابان، هیندستان، چین، باشووری ئەفریکا، بەرازیل، ئێران، کۆریای باکوور، تەنانەت بەشێکیتر لە پاشخانی سیستەمە ترادیسۆنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێن لیبرالیزمی سەرمایەداری نەکەوتوون و، لە سەر زەوییەکی تەخت ئەژین و دیموکراسییەتێکی ڕێژەییشیان بەرجەستە کردووە و، لە دەرەوەی سیستەمی بلۆکبەندی ئەمریکایین!؟. لە هندستان نزیکەی ١٢٢ زمانی سەرەکی هەیە ١٥٩٩ زمانی دیکە یان لاوەکیش هەیە، نزیکەی ٢٠٠ جۆر ئاینزاو نەتەوەی جیاوازیش هەن لەو وڵاتەدا، کەچی سێهەم گەشەی ئابوریی جیهان هیندستانە و، لەو کێوانەش جێ نەماون!؟. ئایا بۆچی لە لوبنان دیموکراسییەتی دەستوریی- Constitutional Democracy  سەرکەوت بەڵام دەوڵەتە بەهێزەکان پشتیان تێکرد!.

سیستەمی فەرمانڕەوایی: دیموکراسی یان دۆلارۆکراسی ؟

لە یۆنانی کۆنەوە تا ڕۆژگاری ئیمڕۆ باشترین فۆڕمێک کە مرۆڤایەتی پێی گەیشتبێت بۆ حوکمڕانی دیموکراسییەتە. فۆکۆیاما بەو پەڕی توانایەوە ئەم پرسە تەتەڵە ئەکات، تەنانەت زۆرینەی ئارگیۆمێنتەکانی لەم بوارەشدا بۆ ڕادەی هۆمۆسێکچواڵیزەیشن «شزوزی جنسی- هاوڕەگەزبازی» تەرخان ئەکات لە خۆرئاوادا کە توانای هارمۆنی بوون و گونجاندنیان هەیە. بەڵام هەمیشە خۆی لە پرسیارە ئابورییەکان ئەدزێتەوە، یان لە وەڵامدانەوەیاندا کورتی هێناوە. با نمونەیەک بهێنیتەوە:

بانکی فیدراڵی، هیچ کەسێک دەستەڵاتی نییە بەسەریدا، نە حکومەت، نە دادگا، نە کۆنگرێس، نە سندوقی قەرز. ئەمانە پارە چاپ ئەکەن و ئەیدەن بە حکومەت بە قەرز، ئینجا سوو ئەخەنە سەر قەرزەکانی حکومەت، حکومەتیش بۆ ئەوەی قەرزەکان بە «سوو» ەوە بداتەوە، باجی جۆراوجۆر ئەخاتە سەر خەڵک… ئایا ئەمە ناو ئەنێت چی؟!.

ناسیۆنالیزم کاتێک ئەبێتە بابەتی دەوڵەت کە تێکەڵ بە پیشەسازی بکرێت، ئێمە لە کوردستاندا هێشتا باسی پیشەسازی فیلمسازیمان نەکردووە کە فلیمکارێکی فەڕەنسی دوای سی ساڵ دێت ئەنفال ئەکات بە فلیمێک و بە کوردی ئەفرۆشێتەوە

لەم ماوەیەدا بە وردی تەماشای فیلمێکم ئەکرد، کە سەبارەتە بە چەتە بانکییەکان، باوکێک دەستی منداڵەکەی گرتووە و ئەچێت بۆ بانک، ئەبینێت دوو ڕیز وەستاون، یەکێکیان پارە لە بانک دائەنێت «ايداع»، ڕیزەکەیتریشیان هاتوون قەرز لە بانک وەرئەگرن. منداڵەکە دوای تەماشاکردن پرسیارێکی سادە و سەرسووڕھێنەر لە باوکی ئەکات: باوکە ئەتوانی ئەمەم بۆ ڕوون بکەیتەوە ئەم ڕیزە پارە دائەنێن و ئەو ڕیزەیتریش پارە وەرئەگرن؟!

با نمونەیەکیتر وەربگرین، ئەویش زۆرجار بانکەکان هۆکارن گرفتێک لە وڵاتێک دروست بکەن بۆ ئەوەی پشکەکانی ئەو وڵاتە هەرزان بێت، ئینجا بیکڕن! ئەمە نمونەیەکە لە سەردەمی ناپلیۆنەوە تا کۆماری مۆز، تا دارستانەکانی ئەمازۆن، گرفتەکانی سەردەمی هۆگۆ- شاڤێز لە ڤەنزەویلای ساڵی ٢٠٠١ و تا دواییدا هەیە.

 

سەردەمی ناسنامە: ئایا کورد ناسیۆنالیزمی هەیە!؟

ئەم زەمەنە زەمەنی ناسنامەیە، زەمەنی گەڕانەوەیە لە گڵۆباڵەوە بۆ لۆکاڵ، زەمەنی ناسیۆنالیزمی ئابورییە، زەمەنی کزبونی چرای لیبراڵیزمی کۆمەڵایەتی و ئابورییە. هەمیشە جەختکردنەوە لەمە مەبەست لێی ئەوە نییە وەسفێکی خاسی ناسیۆنالیزم بکرێت، بەڵکو ماتریاڵێکە و هەیە.

دەوڵەت وەک ئاوی حەیات وایە بۆ کورد، بۆ ئەوەی ئەم دەوڵەتە دروست بێت ئەبێت ئارگیۆمێنتەکان ئامادە بن، ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نازانێت کورد چی ئەوێت

لە کوردستان، نووسەرو نیشتیمانپەروەری وەک «جەمال عیرفان» کە ساڵی (١٩٢١) تیرۆر کرا، تیرۆرکردنەکەشی لە نێوان ئاغا و دەرەبەگی کورد لە لایەک، تورکەکان و ئینگلیزی ئەو کاتە لە سولەیمانی لە لایەکیتردا بزر بوو. جەمال عیرفان تەمەنی تەنها (٤١) ساڵ بوو، هەر ئەوەندە گوتی «ئێمە نابێت دەست لە خودا بەرز بکەینەوە، ئەبێت خۆمان لە سەر زەوی خەریکی بونیادنانی سەرچاوەی ئابوری و داهاتی خۆمان بین… »، ئیتر کەوتە بەر لێشاوی تووڕەیی خەڵک و دەرەبەگ و ئاغا و مەلا…زیاتر لە سەت ساڵ تێپەڕیوە بە سەر جموجوڵە نیشتیمانییەکانی جەمال عیرفاندا هێشتا کورد نەیتوانیوە ژێر پیاڵەیەک دروست بکات تا بۆ خۆی چای تیا بخواتەوە.!؟

دەوڵەت وەک ئاوی حەیات وایە بۆ کورد، بۆ ئەوەی ئەم دەوڵەتە دروست بێت ئەبێت ئارگیۆمێنتەکان ئامادە بن، ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نازانێت کورد چی ئەوێت

لێرەدا بە کورتییەکەی ئەگەین بەو دەرئەنجامەی کە :

یەکەم: دەوڵەت وەک ئاوی حەیات وایە بۆ کورد، بۆ ئەوەی ئەم دەوڵەتە دروست بێت ئەبێت ئارگیۆمێنتەکان ئامادە بن. بۆ نمونە ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نازانێت کورد چی ئەوێت؟ مەسەلەن ئەوە هەموو سەرکردایەتی کورد ڕیز بکە لە بەردەم هەر پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا بپرسن ئێوە چیتان ئەوێ؟ کەس ئارگیۆمێنتێکی وەهای نییە. ئەڵێ کەرکووک قودسە، کەچی ئەم قودسییەتە کورد ئەتکی کرد. ئەڵێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییە، کەچی لە ئەنجامەکەی پاشگەز ئەبینەوە. ئەڵێین نەوت خۆمان ئەیفرۆشین، کەچی داوای بوودجە لە حکومەتی مەرکەزی ئەکەین. ئەوەتا بە یەک ڕاپۆرتی سەنتەرێکی لێکۆڵینەوە «ئۆیەڵ پرایس» لە ئەمریکا، تەواوی ئابوری نەوتی هەرێم لە دادگای شاهانەی لەندەن کەوتووەتە لەرزە! بۆچی؟ چونکە کورد بەشداری لە ئارگیۆمێنتسازی زانستی لە سەر ئاستێکی گڵۆباڵدا نییە.

دووەم : دروستکردنی دەوڵەت و بیناکردنی ئابوری کارێکی هێندە قورس نییە لە سەدەی بیستویەکدا، ئەوەش لە بەرئەوەی تیۆرەی ناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان چیتر خۆیان بە بابەتی کوانتەم و بۆشایی گەردوونەوە سەرقاڵ ئەکەن. سەیرکە چەند بە سانایی تۆش ئەتوانی براندێک بۆ ئابوریی کوردستان لە ڕێی نەرمە هێز- Soft Power ەوە دروست بکەی؛ ساڵی ٢٠١٧ ئەستێرەی بەناوبانگی جیهانی «ویل سمیس» بانگهێشتی میسر کرا سەردانی ئەبوهول و ئەهرامەکانی کرد. دوای ئەو سەردانە هەفتانە لە جیهانەوە ٢٠٠،٠٠٠ دووسەت هەزار گەشتیار سەردانی ئەو دوو شوێنەیان ئەکرد.

بە یەک ڕاپۆرتی سەنتەرێکی لێکۆڵینەوە لە ئەمریکا، تەواوی ئابوری نەوتی هەرێم لە دادگای شاهانەی لەندەن کەوتووەتە لەرزە، چونکە کورد بەشداری لە ئارگیۆمێنتسازی گڵۆباڵدا نییە

سێهەم: ناسیۆنالیزم کاتێک ئەبێتە بابەتی دەوڵەت کە تێکەڵ بە پیشەسازی بکرێت. ئێمە لە کوردستاندا هێشتا باسی پیشەسازی فیلمسازیمان نەکردووە کە ئەوەتا فلیمکارێکی فەڕەنسی دوای سی ساڵ دێت ئەنفال ئەکات بە فلیمێک و بە کوردی ئەفرۆشێتەوە. بەڵکو باسی پیشەسازی پیترۆ کیمیاوی و ئەلکانات و نەوت و غازو کانزاکان ئەکەین، کە تا هەنووکە هەرێم بە پێی گرێبەستە نەوتییەکان لە ڕێگەی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە لە بواری تەکنیکیدا کادر پێدەگەیەنێت. تەنانەت نەوتی خاو و مامناوەندی ئەنێرن بۆ ئێران و تورکیا ئەیپاڵێون و بە نرخی چەند قات لە وڵاتانی دراوسێی ئەکڕنەوە، لەبەر ئەوەی کوڕی ئاغا و دەرەبەگەکان گواستنەوەی نەوتەکە و هەناردەکردن و هاوردەکردنەوەکەی ئەگرنە ئەستۆ و پیسخۆری تیا ئەکەن، ئەمەش ئارگیۆمێنتسازی ئەکوژێ، چونکە ناکرێ کەسێک ئارگێومێنتسازی بۆ دەوڵەت بکا هیچ سەپۆرتێک نەکرێت. کەسانێکیش کە ئارگیۆمێنت ئەکوژن ملیاردێر بن!.. هەروەها ئەمە وەک ئەوە وایە مریشکێک هی خۆت بێ و هێڵکەت بۆ بکات، تۆ هێڵکەکە بدەیت بە دوژمنەکەت ئەو بۆت بکوڵێنێ و دواتریش بە چەند قات پارە پێت بفرۆشێتەوە.

کۆمێنتی خۆت بنووسە