تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

بەرژەوەندى؛ چەکە کاریگەرەکەی لێکترازان لە حزبی كوردیدا

20 Sep
تەما / 20.09.2019

هەڵَمەت غەریب

شارەزا لە پارتە سیاسییەكان و مامۆستای زانكۆ

 

لە بری دەستپێک:

لەم ساڵانە بە دیاریكراوی لە دە ساڵی رابردوودا، دیاردەى لێكترازان و باڵباڵێن لە نێو حزبە كوردییەكاندا خراپ پەرەی سەندووە بە جۆرێک خەریكە ژیانی سیاسی و حزبایەتی لە كۆمەڵگای كوردیدا بەرەو تونێلێكی تاریك ئاراستە ئەكات، كاریگەرییەكانی ئەم دابڕان و لێكترازانانە و دەرئەنجامەكانی لە سەر پرۆسەى سیاسی لە وڵاتدا، زۆرن و ئەكرێ لە جێیەكی تر و لە بۆنەیەكی تردا قسەی لە سەر بكەین، بەڵام ئەوەى گرنگە لێرەدا بیخەینە روو، وەڵامدانەوەى پرسیارێكی فرە رەهەندە ئەویش ئەوەیە ئەم هەموو لێكترازانە بۆ؟ ئەم هەموو باڵباڵین و جیابونەوانە لە پێناو چیدا؟ ئەوە چییە وا لە پارتە سیاسییەكان و سەركردەكانیان ئەكات پاش چەندان ساڵ گرێدانی خەباتی پێكەوەیی بە ئاسانی یەكتر جێبهیڵن؟ ئەوهۆكارانە چین وا ئەكەن پرۆژەی سیاسی لە كوردستانی عێراقدا درێژخایەن و ستراتیژی نەبێت.

لە راستیدا تەواوی ئەم پرسیارانە لە تێڕوانینى باڵ و ماڵ و رەوتەكانەوە یەك پاساوی هەیە ئەویش بەرژەوەندییە، بەڵام كام بەرژەوەندی؟ و لە پێناوی كێدا؟

پرسیاری جدی ئەوەیە ئەو بەرژەوەندییە چییە سیاسییەكان تا لێواری شكانی ئێسكی یەكتر ئەبات؟

لێكترازان و باڵباڵێن خەریكە ژیانی سیاسی و حزبایەتی بەرەو تونێلێكی تاریك دەبات

لە راستیدا تەواوی ئینشیقاق و باڵباڵین و لێكترازانەكان هەڵگری یەك جۆر لە گوتارن ئەویش گوتاری بەرژەوەندی نیشتمانییە یاخود بەرژەوەندی گشتییە، بەڵام لە راستیدا دیوی ناوەوەی ململانێكان نە لە سەر نیشتمانە و نە لە سەر بەرژەوەندییەكانییەتى و نە لە پێناوی بەدیهێنانی ئەو خواستە سیاسی و كۆمەڵایەتییانەیە كە هێزێكی سیاسی لە پێناویدا دامەزراوە و، نە لە پێناوی بەدیهینانی چاكسازی سیاسی و گۆڕینی شێوازی كاری سیاسییە لە وڵاتدا، بەڵكو ئەتوانین بڵێین تەواوی ئەو بەرژەوەندییانەى وا لە حزبێكی سیاسی ئەكات سیاسییەكانی دەستی پێوە بگرن تاك رەهەندە، كە ئەویش رەهەندی ئابووری و بەرژەوەندییە ئابوورییەكانە، یاخود ئەتوانین بڵێین ئەوە بەرژەوەندی ئابوورییە كاتێك ڵێك ئەدا، واتە بەر یەك ئەكەوێت لە نێوان جەمسەرە سیاسییەكاندا ئیتر ئینشقاق و دابڕان ئەبێت بە شتێكی حەتمی و حزب لە لێواری كەوتن نزیك ئەكاتەوە. ئەگەر چاوێك بەو لێكترازانە سیاسییانەى دوو دەیەی رابردووى كوردستاندا بخشێنینەوە ئەم حەقیقەتە بە ئاسانی خۆی وێنا ئەكات لە پرۆژەكانی جیابوونەوەى سیاسی لە كوردستانی عێراقدا .

بە نموونە ئەگەر بزووتنەوەیەكی سیاسی وەك گۆڕان وەربگرین وەك دیارترین لێكترازانی حزبی لە چوار دەیەی  رابردوودا لە ژیانی حزبایەتی و سیاسی لە كوردستانی عێراقدا، دەبینین ئەم هیزە لە ژێر پاساوی بەرژەوەندی باڵای گەل و گۆڕینی ژیانی تاكەكانی خۆی لە یەكێتی جیا كردەوە و پرۆژەكەى خستە روو بەڵام لە راستیدا بنەڕەتی جیابوونەوەكە و لێكترازانەكە بریتی بوو لە پێكدادانی بەرژەوەندییەكانی ناو باڵەكانی یەكێتی لە دوای راپەڕینەوە و بەتایبەت پاش دروستكردنی حكومەت سەرهەڵدانی  ئەزموونی حوكمڕانیمان، بەڵام هیچ سیاسییەك ئەو جورئەتە سیاسییەى نەبوو لە ئەوجی هێز و توانای تاڵەبانیدا بڕیارێكی وا بدات تا ئەو كاتەى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا چوونى تاڵەبانی بۆ بەغدا و دووركەوتنەوەى لە كوردستان بە دەرفەت زانی و توانی ماڵەكەى خۆی جیا بكاتەوە دوای كۆچی دوایی رەوانشادیش و ئیستا بزووتنەوەكەى بریتییە لە بزووتنەوەیەكی سیاسی بەرژەوەندیخواز وا خەریكە نزیك ئەبێتەوە لە كاڵبوونەوەى یەكجاری جیاوازییەكانی  خۆی و هێزە دەسەڵاتدارەكانی تری هەرێم،  كە 10 ساڵ شەری لەگەڵدا دەكردن و ئیدعای دنیابینییەكی جیاوازی بۆ سیاسەت و حوكمڕانی ئەكرد، بەڵام ئیستا ئەم هێزە لە رووی سیاسییەوە هێندە لە پارتی و یەكێتی ئەچێت خەریكە نەیناسینەوە، ئێستا وا خەریكە ئەبێتە مێزی كۆكردنەوەى كۆمەڵی بەرژەوەندی ئابووری وەك ئەوەى پێویستە پرۆژەیەكی سیاسی بیت، ئەم نموونەیە لەوانەیە دیارترینیان بیت ، بۆیە من پێموایە ئیستای ئیمە بریتییە لە قۆناغی پۆست گۆڕان لە رووی سیاسییەوە،  لەبەر دوو هۆكار یەكەم جیاوازییەانی گۆڕان هەم لە رووی سیاسی و بنیادییەوە خەریكە لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا بە تەواوی كاڵ ئەبێتەوە تا رادەى نەمان ، دووەم بریتییە لە چونە دەرەوەى كۆمەڵی سەركردەى دیار و كاریگەرى بزووتنەوەكە كە كاریگەرییان لەوانەى ئێستا زیاترە بە سەر كاری بزووتنەوەكە و یەكگرتوییەكەیەوە، ئێستا ئەمانە خەریكی دروستكردنی رەوتێكی سیاسی نوێن ئەمەش وامان لێدەكات بڵێین گۆڕان وەك پرۆژەی سیاسی كۆتایی هاتووە.

تەواوی باڵباڵین و لێكترازانەكان هەڵگری گوتاری بەرژەوەندی نیشتمانی یاخود گشتین، بەڵام دیوی ناوەوەی ململانێكان بەرژەوەندییە ئابوورییەكانە

لەلایەكی ترەوە ئەگەر سەیری تەواوی ململانێكانی باڵەكان و ماڵەكانی ناو یەكێتی نیشتمانی بكەین بە جیابونەوەى بەرهەم ساڵح و گەڕانەوەیشییەوە هەمیشە ئەو راستییەمان بۆ روون ئەبێتەوە ئەوە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانە ئەوە هەڵپەی سەپاندنی پێگەو بەرژەوەندی خۆیانە لە پشت لێكترازانەكانەوە ئەوە خەون بینینە بە دروستكردنی بەرژەوەندی ئابووری سەربەخۆ وپارێزگاریكردن لە پێگەی سیاسییان هەم بۆ خۆیان هەم  بۆ ماڵ و دار و دەستەكانیان لە ناو حزبەكاندا ئەگەر بەر وردی ڵێی بڕوانین لە ئێستای یەكێتیدا زۆر بە ئاشكرا هەستی پێ ئەكرێت كە شەڕی چ جۆرە بەرژەوەندییەك ئەكەن باڵەكان؟.

ئەوە هەر ئەو بەرژەوەندی ئابووری و گەڕان و سووڕانەیە بە دوای پێگەى سیاسیدا كە وا لە  سیاسییەكى وەك مەلا بەختیار دەكات تەواوی ململانێكان لە شێوەی پرۆژەیەكی سیاسی ئاشكرادا بخاتە رِوو  هەندێ جار وەك راگەیاندنی بەرەیەكی سیاسی نوێ وێنا ئەكرێت و زۆر بە ئاشكرا تەواوی ململانێكان و لێكترازانەكان ئەبەستێتەوە بە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوورییەوە لە نێوان سەركردە و ماڵەكاندا.

ئەگەر بە وردی لەو هۆكارانە بكۆڵینەوە كە پارتەكان توشی پەتای باڵباڵێن و ململانێی شاراوە و ئاشكرا ئەكات، بریتییە  لە یەك هۆكاری سەرەكی وێڕای بوونى هۆكاری تری لاوەكی ئەویش بەرژەوەندی و پێكدادانی بەرژەوەندییە ئابوورویەكانی سەركردەكانە، بەڵام لە ژێر پەردەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمان و گۆڕینی دنیای ئێمە بە ئاراستەیەكی باشتردا و دەستكاریكردنی شێوازی حزبایەتى لە كوردستاندا بەڵام لە راستیدا شتێك نییە بە ناوی بەرژەوەندی گشتی لە پشت جیابوونەوە و ڵێكترازانی سیاسی لە كوردستاندا بەڵكو بابەتەكە بریتییە لە بەرژەوەندییەكانی ماڵ و باڵ و پرۆژە سیاسییە و بازرگانییەكان.

کۆمێنتی خۆت بنووسە