لوقمان غه‌فوور
له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه نیم پێیوابێت ئه‌گه‌ر گرووپێك له حزبێك جیابووەوه، ئیتر ئه‌و حزبه رۆح و گیانی دا هه‌ڵئه‌گیرێت و كۆتایی به ژیانی سیاسی دێت، چونكه ئه‌م نه‌خۆشییه بێ چاره‌سه‌ره درێژخایه‌نه، له به‌رۆكی حزبی كوردی نابێته‌وه.
من وه‌ك فه‌زایه‌كی گشتیی سه‌یری ئه‌م ده‌رده ئه‌كه‌م كه ره‌نگه ئه‌م بۆچوونه‌م كه‌متر بۆ ژیانی حزبی كوردی گونجاو بێت، چونكه له بنه‌ڕه‌ته‌وه حزبی كوردی و به‌تایبه‌تی له (باشور و خۆرهه‌ڵات) به پێی په‌یڕه‌و و پرۆگرام و مانه‌فێست-ی حزب ناجوڵێته‌وه تا قسه‌ی جدی له سه‌ر ئینشقاقی حزب بكه‌ین.
هه‌روه‌ها تێگه‌یشتنێكی تری لاواز هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاتێك ده‌سته‌واژه‌ی ئینشقاق ته‌نیا بۆ گرووپێك به كار ده‌هێنرێت كه له حزب جیا ببنه‌وه و بچن حزبێكی تر دامه‌زرێنن. من ئه‌مه‌ش وانابینم، وازهێنان و دانیشتنی ئه‌ندامێكی بێكاری سیاسی به بۆچوونی من به هه‌مان شێوه و زیاتریش ئینشقاقه.
ئه‌وه‌ی من تێڕوانینم بۆی هه‌یه له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا، ئینشقاق: جیابوونه‌وه‌ی كه‌سێك یان گرووپێك له گرووپ یان حزبێكی سیاسی دیاریكراوه، كێشانی هێڵێكی ئۆپۆزسیۆن له نێوان خۆی و حزبه‌كه‌یدا كه پێشتر پاڵپشتی كردووه .
بۆئه‌وه‌ی زیاتر له دیدی ئه‌و جۆره ئینشقاقه ئاساییانه بدوێین پێویستمان به چه‌ند نموونه‌یه‌ك هەیە له نێو حزبی باشوری كوردستان. هه‌روه‌ها تێڕوانینمان بۆ ئینشقاق به شێوه‌ی گروپ و تاك.
ئینشقاق جیابوونه‌وه‌ی كه‌سێك یان گرووپێكە لە حزبێكی سیاسی دیاریكراو و كێشانی هێڵێكی ئۆپۆزسیۆنە له نێوان خۆی و حزبه‌كه‌دا
كه‌سی یه‌كه‌می حزب
تێبینییه‌ك كه به ئاشكرا دركم پێ كردبێت؛ زۆربه‌ی حزبه‌كان كه تووشی ئینشقاق ده‌بن له شێوه‌ی گرووپدا، كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كانیان هه‌یه. با نموونه‌ی حزبی هیوا بهێنمه‌وه كه له ساڵی 1939 دامه‌زراوه .حزبی هیوا له هه‌ر دوو كۆمه‌ڵ پێكهاتبوو كه له راستیدا ناوه‌كه‌یانم له یاد نییه، به‌س ئه‌وه‌نده ده‌زانم كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م دڵداری شاعیر و موكه‌ره‌م تاڵه‌بانی بردویانه به‌ڕێوه و ئه‌وی دووه‌میان شێخ سه‌عیدی حه‌فید و مه‌لا ئه‌سعه‌دی مه‌حوی دامه‌زرێنه‌ری بوون. ئه‌م گرووپه پاش ماوه‌یه‌ك به یه‌كجاری ره‌فیق حلمی بووه به سه‌رۆكی - حزبی هیوا.
حزبی هیوا، تێكه‌ڵه‌یه‌كی سه‌یر ده‌بێت له پیاوانی رۆشنبیر و ماركسی و عه‌شایه‌ری، هه‌ربۆیه مێژوونووسان وای ده‌بینن، هه‌ر ئه‌مه‌شه وای كرد كه ئه‌م حزبه هیچ دیدگایه‌كی روونی نه‌بووێت بۆ سیاسه‌ت. له‌و سه‌ره‌ده‌مه‌دا حزب یان ئه‌بوو نه‌ته‌وه‌یی بێت، یان مه‌نهه‌جێكی كۆمۆنیستی هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌م هیچیانی جێبه‌جێ نه‌ده‌كرد. هه‌ربۆیه ئه‌م حزبه ته‌مه‌نی له 5 ساڵ تێناپه‌ڕێت و ئه‌مرێت. ساڵی 1944 له كاتی به‌ستنی كۆنگره نه‌ك ئینشقاقی تێده‌كه‌وێت، به‌ڵكو به ته‌واوی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
پێش لە له‌ناوچوونی حزبی هیوا به‌یه‌كجاری، به درێژایی سێ ساڵ زیاتری ململانێكان، زۆربه‌ی ئه‌ندامانی باڵای حزب داوای وازهێنانی ره‌فیق حلمی-یان كردووه، چونكه مێژوونووسان وای ده‌بینن كه هه‌میشه تاكڕه‌وانه بڕیاری داوه.
جا ئه‌م تاكڕه‌وییه له سیاسه‌تدا به درێژایی بوونی حزبی كوردستانی درێژه‌ی هه‌بووه و په‌ند و ده‌رس و ئه‌زموونی لێ وه‌رنه‌گیراوه. هه‌ر له دروستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی عێراقی و هه‌موو بزووتنه‌وه‌ی رێكخراوه‌كانی تره‌وه تا دواهه‌مین حزب له هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان، كه ئه‌ویش نه‌وه‌ی نوێ-یه، كه‌سه یه‌كه‌مه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی حزبیان بۆ خۆیان دروست كردبێت تا له‌ژیاندا بوون سه‌رۆكی حزب یان كه‌سی یه‌كه‌می حزب بوون و ده‌بن.
حزبی كوردی به پێی مانه‌فێست ناجوڵێته‌وه تا قسه‌ی جدی له سه‌ر ئینشقاقی بكه‌ین
ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی باڵای حزب بێده‌نگییان له بڕیاره تاكڕه‌وه‌كانی حزب كردبێت، ئه‌وه حزبه‌کە تووشی ئینشقاق نه‌بووه، ئه‌گه‌ر ناكۆكی و ده‌نگێكی ناڕه‌زایی هه‌بووبێت ئه‌وه یان ده‌نگه ناڕازییه‌كان وازیان له حزب هێناوه یان حزب به‌ره‌و مردن رۆیشتووه، بۆ نموونه پارتی دیموكراتی كوردستان تا 1991 له هه‌موو كۆنگره‌یه‌كدا كۆمه‌ڵێك یان ته‌جمید كراون یان وازیان هێناوه.
كه‌واته (سه‌ره گه‌وره‌كه‌ی حزب) كه ناوی هه‌رچی بێت (سكرتێر- سه‌رۆك- رابه‌ر- ئه‌میندار- به‌رپرس)، ئه‌وا له حزبی كوردیدا تاكڕه‌وییه‌كه‌ی به‌رپرسی یه‌كه‌م هۆکار بووه له ئینشقاق له حزبدا. به‌رپرس به مانای به‌رپرسیارێتی نا، به‌ڵكو به مانای هۆكاری ئه‌و ئینشقاقه بووه.
پێشبینی بكه له وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مریكا هه‌مان دۆخ دروست ده‌بێت ئه‌گه‌ر چوار ساڵ جارێك حزب، سه‌رۆك یان ئه‌مینداری حزب نه‌گۆڕێت. بۆ نموونه له ئه‌مریكا كه‌س تۆماس بێرێز سه‌رۆكی لیژنه‌ی نیشتمانی دیموكراته‌كان ناناسێت كه وه‌ك به‌رپرسی حزبی دیموكراته‌كانی ئه‌مریكا وایه و له‌ساڵی 2017وە له‌و پۆسته‌دایه، دوای چوار ساڵ لە كۆنگره ئه‌و به‌رپرسیارێتییه ده‌درێته ده‌ست كه‌سێكی دیكه.
با لێره‌دا قسه له‌سه‌ر چه‌ند نموونه‌یه‌كی ململانێی نێوان سه‌رۆك و ئه‌ندامانی باڵای حزب بكه‌م. ساڵی 1979 كاتێك له كۆنگره‌ی 9ی پارتی، هه‌ریه‌ك له سامی عه‌بدولڕه‌حمان و نوری شاوه‌یس و عارف ته‌یفور له پارتی جیابوونه‌وه و ساڵی 1980 پارتی گه‌لی دیموكراتی كوردستان-یان دروستكرد، كێشه‌ی سه‌ره‌كی سامی عه‌بدولڕه‌حمان له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی بارزانی-دا بوو. یاخود هه‌ر له ناو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی خۆیدا، كێشه‌ی سه‌ره‌كی نێوان مه‌سعود بارزانی و ئه‌دهه‌م بارزانی وای كرد ئه‌دهه‌م بارزانی حزبوڵلای شۆڕشگێڕی كورد له دوای راپه‌ڕینه‌وه داده‌مه‌زرێنێت.
نموونه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌هێنمه‌وه، زۆربه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هاتونه‌ته ده‌ره‌وه، كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فادا هه‌بووه.
تاكڕه‌ویی به درێژایی بوونی حزبی كوردستانی درێژه‌ی هه‌بووه و په‌ند و ده‌رسی لێ وه‌رنه‌گیراوه
به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و جێگری دووه‌می یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بوو، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د - خێزانی مام جه‌لال-دا هه‌بوو گۆڕی پڕ نوور بێت. له‌رووی پله‌ی حزبییه‌وه پله‌ی نزمتریش بوو له به‌رهه‌م ساڵح، به‌ڵام وه‌ك سكرتێر له دوای مام جه‌لاله‌وه هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه. به‌رهه‌م ساڵح له كاتی وازهێنانی له یه‌كێتی، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری دروست كرد، به‌ڵام كاتێك كه گه‌ڕایه‌وه ناو یه‌كێتی و كرا به سه‌رۆك كۆماری عیراق، ئه‌وه‌ی له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن وتی، پێچه‌وانه‌ی كردار و ئاكاری بوو. كه‌واته ئینشقاقی به‌رهه‌م ساڵح باشترین جۆری پێناسه‌یه بۆ ئینشقاقی حزبی كوردی و ئه‌و سه‌ركردانه‌ی ئینشقاق ده‌كه‌ن. لێگه‌ڕێ له‌و لێشاوه پارچه پارچه بوونه‌ی حزبه‌كانی خۆرهه‌ڵات له نێو حزبی دیموكراتی كوردستان له دوای شه‌هیدی بوونی عه‌بدولڕه‌حمان قاسملو یان ئه‌و له‌تله‌تبوونه‌ی كۆمه‌ڵه له هه‌شتاوه تا ئه‌مڕۆ درێژه‌ی هه‌یه و وه‌ك خوێنبه‌ربوونی لێهاتووه و گیرسانه‌وه‌ی نییه.
هه‌مان نه‌خۆشییان تووش ئه‌بێته‌وه
له ساڵی 2009ه‌وه تا ئێستا به هه‌زاران كادر له یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان چووەته ده‌ره‌وه، به‌ڵام هیچ حزبێكیشیان دروست نه‌كردووه، به‌شی زۆریان یان دانیشتوون یان چونه‌ته ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه، كه ئه‌مه گه‌وره‌ترین ئینشقاقه له مێژووی یه‌كێتیدا و له‌و ئینشقاقه‌ی كه حسك-ی لێ دروست بوو له كۆتایی حه‌فتاكان و ئاڵای شۆڕش-ی نیوه‌ی هه‌شتاكان، قورسترە و كاریگه‌ری زیاتره. یاخود له ساڵی 2007ه‌وه تا ئێستا به هه‌زاران ئه‌ندام له یه‌كگرتووی ئیسلامی هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه و په‌رته‌وازه بوون. له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خه‌بات ده‌كه‌ن یان دانیشتوون و سیاسه‌تیان جێ هێشتوو. یان دواتر له هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری خۆیان بینییه‌وه و پاشان ده‌ستبه‌رداری ئه‌و حزبه‌ش بوون.
له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا به ده‌یان كادری كۆمه‌ڵی ئیسلامی وازیان هێناوه كه‌چی حزبیشیان دروست نه‌كردووه.
له‌هه‌مانكاتدا و له‌نوێترین هه‌نگاودا رۆژانه به چه‌ندین ئه‌ندامی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ واز له جوڵانه‌وه‌كه دێنن و له نێو چوار دیواری ماڵه‌وه بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه ئه‌وه‌ی كردوویانه هه‌ڵه بووه یان ئه‌وه‌ی هه‌نگاویان بۆ ناوه ئه‌وه نه‌بووه كه ویستویانه. به‌ڵام هیچ حزبێكی نوێ- شمان له داوای نه‌وه‌ی نوێ-ه‌وه نه‌بینی.
هه‌موو ئه‌مانه گوزارشتن له ئینشقاق به‌ڵام به‌كاوه‌خۆ و بێده‌نگی تێده‌په‌ڕن و نابن به حزبی نوێ.
كه‌واته ده‌رچوونی تاكه ئه‌ندامێك له حزبێكی دیاریكراو، لای من به ئینشقاق حسابی بۆ ده‌كرێت یاخود به‌جێهێشتنی هه‌ر ئه‌ندامێك له حزب مانای ئینشقاقه.هه‌ر یه‌كه‌و هۆكارێكیشی هه‌یه بۆ به‌جێهێشتنی حزب، بۆیه به‌شێكی زۆریان له كاتی به‌جێهێشتنی حزبدا ناتوانن یه‌كبگرنه‌وه له سه‌ر بیروباوه‌ڕێك و دروستكردنی گروپێكی نوێ له شێوه‌ی حزبدا. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌موومان كوڕی ژینگه‌ی یه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ین ناتوانین پرۆپاگه‌نده‌ی چه‌ند بیروباوه‌ڕێك بكه‌ین.
لە هه‌موو ئینشقاقەکان كێشه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی شه‌خسی و خواستی پۆستن، له سه‌ر بیروباوه‌ڕ نین
به كورتی با چه‌ند نموونه‌یه‌ك بهێنمه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه، ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی ئینشقاقیان كردووه له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، سبه‌ی حزبێكی نوێ دامه‌زرێت هه‌مان كۆپی سیاسه‌تی گۆڕان ده‌بێت، بۆیه تووشی هه‌مان قه‌یران و دڕدۆنگی سیاسه‌تكردن ده‌بن له سه‌ركردایه‌تیكردنی حزبدا.
به‌هه‌مان شێوه بۆ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی راسته.
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م نموونانه‌ی سه‌ره‌وه با نموونه‌ی سه‌ره‌تای ئینشقاق بهێنمه‌وه له بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان. ساڵی 2000 کاتێک بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی كه له بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی راپه‌ڕینی ئیسلامی پێكهاتبوو، له بری ئه‌وه‌ی هێز و تواناكانیان بۆ ئه‌و قۆناغه یه‌ك بخه‌ن و بیر بكه‌نه‌وه كه سه‌ره‌تای راگه‌یاندنی جه‌نگی دژه تیرۆره له جیهاندا و هێزه ئیسلامییه‌كانی كوردستانیش به‌و بیانووه تێوه گلاون، كه‌چی ئه‌بن به چه‌ند پارچه‌یه‌كه‌وه. له‌وانه كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان و جوندلئیسلام و هێزی سۆران و چه‌ندینی تر.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له 2001ه‌وه تا ئێستا كۆمه‌ڵی ئیسلامی یه‌ك ئه‌میری هه‌یه كه ئه‌ویش عه‌لی باپیر-ه ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌شدا كه شێخ محەممه‌د عه‌بدولعه‌زیز وه‌ك پێشه‌وای كۆمه‌ڵ ناو هێنراوه، هه‌ر ئه‌میری كۆمه‌ڵ خۆی كه‌سی یه‌كه‌م بووه تا ئێستا چه‌ند جار به‌ر ئینشقاق كه‌وتووه.
با نموونه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ئینشقاقی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان بێنمه‌وه له 2005 و 2009دا، له 2009دا دوو كه‌س له حزبی زه‌حمه‌كێشان جیابوونه‌وه و وتیان هه‌موو كادرانی حزب له‌گه‌ڵ ئێمه‌ن و قادر عه‌زیز سكرتێری حزب-یان ته‌جمید كرد و ژماره‌یه‌كی رۆژنامه‌ی ئاڵای ئازادی-شیان ده‌ركرد، كه‌چی ئه‌م ته‌مومژه هه‌ر زوو بوو به هه‌ڵم و قادر عه‌زیز وه‌ك خۆی مایه‌وه كه‌س نه‌یزانی حزبه‌كه‌ی دووه‌م كه خۆیان به خاوه‌نی ده‌زانی چی لێهات. كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئینشقاق له سەر بنه‌مای بیروباوه‌ڕ نه‌بوو، به‌ڵكو یه‌كێتی و پارتی بوونه هۆی ئه‌وه‌ی كه قادر عه‌زیز به‌و ژیانه سیاسیی و حزبییه به‌رن، چونكه ئه‌و له‌و كاته‌دا وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنێكی سیاسی قسه‌ی ئه‌كرد. كه دواجار باجه‌كه‌ی دا، ئه‌ویش له‌تبوونی حزبه‌كه‌ی بوو.
لە هه‌موو ئه‌و ئینشقاقانه كێشه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی شه‌خسی و خواستی پۆست و به‌ده‌ستهێنانی پله‌و پایه‌ن، خواستن و قسه‌كردن نین له سه‌ر بیروباوه‌ڕ، چونكه بۆ نموونه هه‌موو هێزه ئیسلامییه‌كان له سه‌ره‌تای دروستبوونیانه‌وه یه‌ك بیروباوه‌ڕیان هه‌بووه به‌رامبه‌ر ژیانی سیاسی كه ئاینی ئیسلام بنچینه‌ی بووه. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ته‌نیا یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان نه‌بێت کە له ساڵی 1994وه دوو ئاراسته‌ی جیایان هه‌بووه به‌رامبه‌ر چه‌كداری، كه ده‌توانم بڵێم له دوای 2003ه‌وه ئه‌و دوو ئاراسته‌یه‌ش بووه به یه‌ك ئه‌گینا ته‌واوی ململانێكان له ناو حزبه‌كانیان جگه له كێشه‌ی یه‌كه‌می حزب نه‌بێت هیچی تر نییه.
دسپلینی حزبی رێگری كردووه
ئه‌و حزبانه‌ی سه‌ركردایه‌تییان، دسپلینی حزبی تێدا باڵاده‌سته كه‌متر تووشی وه‌رچه‌رخان و دوو كەر‌تبوونی حزبی ئه‌بن.
مه‌سه‌له‌ی دسپلین لای ئێمه به هه‌ڵه وه‌ك دیكتاتۆرییه‌ت لێك ده‌درێته‌وه كه رێك پێچه‌وانه‌كه‌ی ئه‌بینم. راموایه حزب له لووتكه‌دا دسپلینی ئه‌وێت و ئه‌بێت دیموكراتییه‌ت شۆڕ كاته‌وه بۆ خواره‌وه، بۆ نموونه تا شه‌هید عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو له ژیاندا بوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئیران تووشی جۆره ئینشقاقێكی به‌رچاو نه‌بوو، كه ئه‌مه بۆ ئه‌و دسپلین و سه‌لیقه‌ی بەڕێوه‌بردنه‌ی قاسملوو ده‌گه‌ڕایه‌وه، له كاتێكدا بینیمان هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌ندین حزبی جیاجیا له حزبی كۆمۆنیستی ئیران جیا بوونه‌وه.
ئه‌و سكرتێر و سه‌رۆكانه‌ی بە دسپلینین توانای هه‌ڵمژینی ناڕازییه‌كانیان هه‌یه ، ناهێڵن حزب دووكه‌رت بێت
جا تا ئه‌م دسپلینه حزبییه‌ی تێدا جێگیرتر بێت، حزب له لووتكه‌دا جێگیرتر ده‌بێت. ته‌نانه‌ت ئه‌و سكرتێر و سه‌رۆكانه‌ی بە دسپلینین توانای هه‌ڵمژینی ناڕازییه‌كانیان هه‌یه و ناهێڵن حزب دووكه‌رت بێت. حزب له كوردستان به‌تایبه‌تی به‌شی باشوور و خۆرهه‌ڵات، دسپلینی حزبی تێدا نییه، به تایبه‌تی له‌و قۆناغانه‌دا كه كه‌سی یه‌كه‌می حزب ئه‌مرێت یان دوور ئه‌كه‌وێته‌وه له ژیانی سیاسی. له دوای ساڵی 1994ه‌وه دسپلینی حزبی له ناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا زۆر به‌هێز بووه، بۆیه له‌و كاته‌وه تا ئێستا كه‌مترین سه‌ركردایه‌تی وازی له حزب هێناوه، یاخود كه‌مترین ناڕه‌زایی له كه‌لله‌ی حزبه‌كه‌دا هه‌یه.
كۆتا قسه‌م له هه‌موو ئه‌م قسانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌یه ئینشقاق نه‌ك له حزبی كوردی به‌ڵكو له هه‌موو حزبێكدا روو نادات، ئه‌گه‌ر كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه پابه‌ند بوو به‌و په‌یڕه‌و و پڕۆگرامه‌ی كه حزب دایڕشتووه و له واده‌ی دیاریكراودا ده‌ستبه‌رداری حزب ببێت. جا بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ئه‌گه‌ر حزب نه‌یتوانی ئه‌مه بكات ئه‌وه باشترین رێگه بۆ به‌رگری له ئینشقاق، دسپلینی حزبییه له كه‌لله‌ی سه‌ری حزبدا.