تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

د. سالار باسیرە: حوکمی میرنشینی بڕوای بە حزبایەتی نییە

سالار باسیرە پ.د لە بواری زانستە سیاسییەکان
سالار باسیرە پ.د لە بواری زانستە سیاسییەکان
19 Sep
تەما / 19.09.2019

لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ سالار باسیرە پ.د لە بواری زانستە سیاسییەکان، هەوڵ دراوە؛ ڕەهەندی مێژوویی لێکترازان، واقعی ئێستای کاری حزبی، پرسی فرەدەنگی لە باڵباڵێن و لێکترازاندا، دەستی دەرەکی و ناوخۆیی لە لێکترازانەکانی ناو حزبدا، هەوڵەکانی بووژاندنەوەی حزب و ئاسۆی کاری حزب و حزبایەتی لە هەرێمی کوردستان شرۆڤە بکرێت.   

 

 

  • لە سەر بنەمای ئەو وێنەیەی کە لە هەرێمی کوردستان هەر حزبێک لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا حوکمڕانییەکی تایبەت بە خۆی هەیە و لە ناو هەر حزبێکیشدا چەند سەرکردەیەک باڵی تایبەت بە خۆیان هەیە و نیمچە حوکمڕانییەکیان بۆ خۆیان دروست کردووە، بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان دەچوێنرێت بە قۆناغی میرنشینی و دەرەبەگایەتییەکانی ڕابردوو، با بە سەرنجی ئێوە لە سەر ئەم چواندنە دەست پێبکەین، چونکە ئەگەر وەک گریمانێکیش ڕەچاوی بکەین ڕەنگە لەوێوە بکرێت خوێندنەوەیەکی ڕەچەڵەکناسییانە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا بکەین.

ئێمە لە هەرێمی کوردستانی خۆمان لە بەردەم دوو میرنشیندا دەبینین، واتە میرنشینی زەرد و میرنشینی سەوز، کە بەردەوام کار لە سەر بە سوڵتانیکردنی سیستەمی سیاسی دەکەن، لە ڕاستیشدا حوکمی میرنشینی بڕوای بە حزبایەتی نییە، چونکە خۆی لە بنەمادا سیستەمی خێڵ و دەسەڵاتی خێزانە، واتە عەقڵییەتێکی کۆنەپارێزمان هەیە کە دەیەوێ لە سەردەمێکی نوێدا بە عەقڵێکی کۆن سیاسەت بکات، بۆیە من ئەو چواندنە بە دروست دەزانم و پێموایە تەنیا جیاوازی نێوان ئێستای هەرێمی کوردستان و ئەو قۆناغە، جیاوازی زەمەنە، دەنا لە پرەنسیپ و ناوەرۆکدا یەک شتن، ئەو کات سەفەوییەکان و عوسمانییەکان میرنشینەکانیان بە کار هێناوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان و لە دژی یەکدی سوودیان لێ بینیون، ئێستایش هەمان وەزع لە ئارایە و بە ڕوونی دەیبینین.

 

  • بەڵام، ئێستا کورد هەرێمێکی بە فەرمی دانپێدانراوی هەیە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەیوەندی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهانیش هەیە، تەنانەت ئەو دەوڵەتانە لە ناو هەرێمدا نوێنەرایەتی فەرمییان هەیە، ئەمە خۆی جیاوازییەکی گەورە نییە لەگەڵ ئەو قۆناغە باسمان کرد؟

پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەوەی باست کرد چ گۆڕانکارییەکی دروست کردووە؟ ئێمە نە خاوەنی پیشەسازی خۆمانین، نە بواری کشت و کاڵمان پێشکەوتووە، نە شتێکمان هەیە پێی بوترێ سیستەمی کۆمەڵایەتی، نە حزب ڕۆڵی خۆی دەبینێ، نە پەرلەمان و حکومەتێکی بە دامەزراوە بوومان هەیە، ئێمە تەنیا سیستەمێکی خێڵەکی و خێزانیمان هەیە کە لە پشتی پەردەوە حوکم دەکات و دام و دەزگاکان و پەرلەمانیش بەڕێوە دەبات. دەسەڵاتە فیعلییەکانیان بە سەر خۆیاندا دابەش کردووە و سیستەمێکی تەکنۆکراتی نییە.

سیستەمەکە دیکتاتۆرییە و دەرفەت نادات لێکدابڕانەکان فرەدەنگی سیاسی بێننە ئاراوە

ئەو دەزگایانە کە باسیان دەکەیت ڕووکەشن، ئەو پەیوەندییانەی کە هەیە، پەیوەندی خێڵ و خێزانن، ئەو لۆبیانەی لە دەرەوە دەکرێن بۆ سەرۆک و خێڵ و خێزانە دەسەڵاتدارەکانن کە بە نێوی حزب و ئۆرگانە دەوڵەتییەکانەوە دەدوێن، نوێنەرەکانیان لە دەرەوە نوێنەرایەتی گەل ناکەن بەڵکوو نوێنەرایەتی سەرۆک و خێزانە سیاسییەکانی دەکەن. تەنانەت پەیوەندییەکانی دەرەوەیش ئەوەی حکومەتی هەرێم، پەیوەندی بنەماڵە و خێڵەکییە. بۆیە بە هەموو مانایەک و بە پێی هەموو بنەمایەکی زانستی سیاسی ئەو سیستەمە، سیستەمێکی سوڵتانی و میرنشینیە لە سەردەمێکی نوێدا، میرنشینانێک کە لە بری بەهێزکردنی وڵات و یەکێتی نەتەوەیی، شەڕی ناوخۆیان کردووە، سەروەت و سامانیان لە ناو برد، ئابڵۆقەی ئابوورییان خستە سەر یەکتر، خۆیان لە ناو خۆیاندا وڵاتەکەیان وێران کردووە. منیش لەو باوەڕەدام کە وڵات بە کەسانی نەخوێندەوار بەڕێوە ناچێت.

 

  • پێموابێ کەمێک لە بابەتە سەرەکییەکە دوور کەوتینەوە، ئێمە لە کوێوە ئەتوانین وا سەیری ئەم بابەتە بکەین کە لێکترازان و دوور کەوتنەوەی لایەنەکانی ناو حزب لە یەکتر بە ئاسایی ببینین و گریمانێکی وا بکەین کە ڕەنگە لە بەرژەوەندی هاتنە ئارای دیموکراسی و فرەدەنگی سیاسی بێت؟ واتە بوونی ڕوانینە جیاجیاکان و تەنانەت لێکترازانیان و بوونیان بە حزب و ڕێکخراوی دیکە بە ڕێخۆشکەر بۆ هاتنە دی فرەدەنگی لە کیانێکی پلۆرالدا شیمانە بکەین؟

دیموکراسییەت بێ ئازادی نابێت، ئازادیش لەو وڵاتەدا بوونی نییە، ئازادی بیروڕا، ئازادی نووسین، ئازادی ڕەخنە گرتن، ئەبینین ڕۆژنامەنووس ئەگیرێت، ئەخرێتە بەندیخانە، تیرۆری دەروونی دەکرێ، تیرۆری مادی ئەکرێ، تیرۆری جەستەیی ئەکرێ، من بە هیچ شێوەیەک چاوەڕێی ئازادی و دیموکراسی لەو دەسەڵاتە ناکەم. خۆ دیموکراسییەت بە تەنیا ڕەخنەگرتن نییە.

 

  • ئەی چییە؟ دیموکراست لای ئێوە چ واتایەکی هەیە؟

بەڵێ، لە ڕاستیدا دیموکراسییەت تەنیا هەڵبژاردن نییە، جا ئەگەر هەڵبژاردنەکە ساختەیش بێ ئەوە هیچ واتایەک بۆ دیموکراسییەت نامێنێتەوە، هەڵبژاردن کە یەکێکە لە توخمەکانی دیموکراسییەت، ئەبینین ساختەکاری تیادا دەکرێ. دیموکراسی دەبێ بریتی بێ لە دەستوورێکی تەندروست کە نەک هەر ڕاپرسی گەلی لە سەر بێ - کە تا ئێستا نەکراوە – بەڵکوو نوێنەرایەتی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکات، ئەبێ بریتی بێ لە ماف و ئازادی تاک، ئازادی بیر و نووسین، دەبێ دەستوور دەستوورێکی عەلمانی بێ بە واتای جیا کردنەوەی دین لە دەوڵەت، ئەمانە هیچی وا نییە، دەستوورەکەی ئێمە لە سەر بنەمای شەرعی ئیسلام دانراوە هەر وەکوو سعوودییە و ئێران. دەبێ دەستوورێک بێ ئاسایشی نەتەوەیی بپارێزێ، لە دیموکراسیدا دەبێ دەسەڵات و دام و دەزگاکانی شەرعییەت لە پەرلەمان وەربگرن، بەڵام ئەمانە لای ئێمە هەمووی ڕووکەشە، لە بەر ئەوە کە دێینە سەر سیاسەتە کردارییەکە دەبینین سیستەمەکە سیستەمێکی دیکتاتۆرییە و لە هیچ لایەکەوە دەرفەت نادات بەرامبەری گەشبین بی و وا بیبینی ئەو لێکدابڕانانەیان وەک تۆ ئاماژەی پێ دەکەیت بۆ نموونە جۆرە پلۆرالیزمێک بێنێتەوە ئاراوە، نەخێر بە هیچ شێوەیەک.

باڵباڵێنەکان لە سەر جیاوازی سیاسی، ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندی گشتی نین و هەمووی لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتن

 

  • ئێستا کە بەڕێزت ئەم قسانە دەکەیت، حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کە بەڕێزت بە ڕووکەشی و ئامرازی خێڵی دەبینی سەرقاڵی کارکردنە بۆ چاکسازی، بۆ ئەمەیش هەر نەخێر دەڵەیت؟

ئەو دەسەڵاتە توانای ڕیفۆرمی ڕاستەقینەی نییە، چونکە ئەگەر ڕیفۆرمی ڕاستەقینە بکات سیستەمەکە خۆی تیا دەچێت، چونکە دەسەڵاتەکە خۆی بەشێکە لە سیستەمە گەندەڵەکە، لە کۆتاییدا هەر ئەو سیستەمە گەندەڵە سەری خۆیشی دەخوات. لە ئەنجامدا ئەو جۆرە سیستەمە توانای گواستنەوەی لە کۆمەڵگەی تەقلیدییەوە بۆ کۆمەڵگەی مۆدێرن نییە، خۆ هەموو سیستەمەکانی دنیا بە سیستەمی تەقلیدیدا ڕۆیشتوون بەڵام توانیویانە وەکوو ماکس ڤێبەر دەڵێ بپەڕنەوە بۆ سیستەمێکی مۆدێرن، ئەمانە توانای ئەو گواستنەوەیان نییە.

 

  • بگەڕێینەوە سەر دۆخی حزبەکان، ڕەنگە هەندێکجار بەر ئاماژەی وا بکەوین کە گریمانی دەستوەردانی دەرەکیمان لە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حزبەکاندا لا بەهێز بکەن، واتە هەندێک دنەدان و پشتگیریکردن لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا هەبن کە بیانەوێ لەو ڕێگەیەوە مەبەست و ئامانجی خۆیان بەرەو پێش ببەن، ئایا شوێنپێی دەستوەردانی لەو شێوەیە بەدی دەکەن؟

بەڵێ فاکتەری دەرەکی هەیە، خۆ دیارە کە جوگرافیای سیاسی کوردستان بە جۆرێکە کە دەورە دراوە بەو وڵاتانەی دوژمنن و هیچیان دۆستی ئێمە نین، ئەگەر ئێمە دوورگەیەک بووینایە وەکوو کووبا و دەورمان ئاو بووایە ئەو کات دۆخەکە زۆر جیاواز دەبوو، ئەمەیش فاکتەرێکی زۆر گرنگە کە لە زۆر ڕووەوە کاری لە ئێمە قورس کردووە، بەڵام ئەگەر هێزەکانمان لە ناوخۆدا خاوەنی ستراتیژی هاوبەشی نیشتمانی نەتەوەیی بوونایە و یەکێتی گەلیان مەبەست بووایە، هەموو سیاسەتەکانیان لە خزمەتی وڵاتەکەدا بووایە، بەرژەوەندی گەل لە پێش بەرژەوەندییەکانی دیکە بوایە، پێموایە کارمان بەو ڕادەیە لە بەر قورس نەدەبو و دوژمن وەک هەل نەیدەقۆستەوە و سوودی لێ نەدەبینی بۆ دەستوەردان و کەلێن دروستکردن کە پەرتەوازەیی بگاتە ئەم ئاستە. تۆ بڕوانە رۆژئاوای کوردستان، چونکە هێزەکانیان بە ڕۆحی شۆڕشگێڕانە کاریان کرد، خاوەنی پلانن، خاوەن ستراتیژییەتن، جەماوەرەکەیان لە پشتە، ڕۆڵیان داوە بە ژن و بە پیاو، دەستوورێکی لۆژێکی و تەندروستیان هەیە، گەلیان ڕاکێشا بە لای خۆیاندا و بەو ئازایەتییە کە دەیبینین شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێکی بەهێزی وەک تورکیا دەکەن، تورکیا نەک هەر نەیتوانی کەلێنیان تێ بکا بگرە تا ئێستا گیرۆدەیە بە دەستیانەوە و دەرەقەتیان نایەت، خۆ دەزانین داعش لە سەر دەستی ئەوان تێکشکا، کەواتە چونکە خاوەن پلانی نیشتمانین دەستی دەرەکی کاریان تێناکات، بەڵام لای ئێمە کە لە سەر ئۆقیانووسێکی نەوتین ٢٩ ساڵە بێپلانی وایکرد نەمانتوانی هەنگاوێک بچینە پێشەوە. 

 

  • باسی دەستوەردانی ناوخۆییش لە ئارادایە، واتە حزبەکان تۆوی لێکترازان لە پێکهاتەی یەکدیدا دەچێنن یا هەر ناکۆکییەکی ناوخۆیی یەکدی وەک هەل دەقۆزنەوە و سەرمایەگوزاری لە سەر دەکەن تا بیبەن بەرەو لێکترازان و پارچە پارچەکردنی یەکدی، ئەمەیان لە کام فرێمانەدا شرۆڤە بکەین تا بتوانین بە هەڵسەنگاندنێکی دروست بگەین؟

ئەو لایەنانە بەردەوام دژی یەکتر کاریان کردووە و ملی یەکتریان شکاندووە، ڕاستە ململانێ لە هەموو ئاستێکدا هەیە، بەڵام لەو وڵاتانەی بەرژەوەندی گشتی لە هەموو بەرژەوەندییەک باڵاترە، لە کاتە هەستیارەکان و لە کاتی قەیرانەکاندا ئەو ململانێیە نامێنێ و شوێنی خۆی دەدات بە یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش، بەڵام لای هێزەکانی ئێمە لە باشوور لە هەموو حاڵێکدا تەنیا و تەنیا دەسەڵات و بەرژەوەندی کەس و لایەنەکان لە پێشە و لە پێناویدا هەموو شتێک دەکرێت بە قوربانی، تەنانەت ململانێکە، ململانێیەکی ئایدۆلۆژی نییە، یان بڵێین لە سەر بەرژەوەندی چینایەتی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا بێ، بەڵکوو ملشکاندنی یەکترە تا ئەو ئاستەی کە دوژمنیش هەر بەو ڕادەیە دەتوانێ زیانمان پێبگەیەنێت، ئەمانە ئامادەن دوژمن بهێننە سەر یەکتر، ئامادەن شەڕی ناوخۆ بکەن، ئەوەندەی خزمەتی دوژمنیان کرد خزمەتی گەلەکەی خۆیان نەکرد. بەو حاڵەیش کە هۆکاری سەرەکی لێکترازانن لە ناو یەکتردا و لێکترازانی نیشتمانییان دروست کردووە، کەچی بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتیش دەکەن، گاڵتەجاڕییەکە لەمەدایە.

لایەنەکان خۆشیان هۆکارن بۆ ئەوەی دەست بخرێتە ناویان و ناکۆکیان تیادا دروست بکرێت

لە لایەکی دیکەوە لایەنەکان خۆشیان هۆکارن بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەیان دەست بخاتە ناویان و ناکۆکییان لە ناودا دروست بکات، بۆ نموونە کە هەندێکجار گوێمان لێ دەبێ کەسانێک لە یەکێتییەکان گلەیی لەوە دەکەن پارتی ئیستغلالی لاوازبوونی کردوون و ناکۆکییەکانی نێوانیان بە هەل دەقۆزێتەوە و باوەشێنی دەکات، لە ڕاستیدا هۆکارەکەی یەکێتی خۆیەتی، واتە جەلال تاڵەبانی لە پێناو پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا، هەرێمی تەسلیم بە مەسعود بارزانی کرد و وتی دەنگی پێ بدەن، ئەوە یەکێتی گەیاندە ئەمڕۆ.

 

  • لە ناوخۆدا جاری وایە دەستوەردان تا ئاستی دروستکردنی حزبی بەدیل خوێندنەوەی بۆ کراوە، وەک ئەوەی لە بارەی جوڵانەوەی نەوەی نوێوە دەوترێ کە گوایە بەدیلێکە و یەکێتی دژ بە گۆڕان دروستی کردووە یا ئەگەر خۆیشی دروست بووبێ ئەوا یەکێتی دژ بە گۆڕان بە کاری دێنێ، بۆچوونتان لەمبارەیەوە؟

لە ڕاستیدا نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان و هاوشێوەکانیشیان بەم بارودۆخەی کە ئێستا هەیانە هیچیان حزبی بەدیل نین و ناشبن، پرسیارەکە ئەوەیە کە حزبی بەدیل چییە حزبی بەدیل کێیە و بۆ کێیە؟ هەرچەن من زانیاری تایبەتم نییە، چونکە ئەمانە شتی پشت پەردەن و بابەتی هەواڵگرین و من ڕەنگە بتوانم تەنیا خوێندنەوەی ئەکادیمییان بۆ بکەم، بەڵام ئاماژەکان وا دەگەیەنێت کە خۆی یەکێتی دەستی هەبووبێ لە دروستکردنی نەوەی نوێدا، ئەویش بۆ لێدانی بزووتنەوەی گۆڕان، دیارە سەرکەوتوویش بوو تیایدا و دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی کەم کردەوە. مەسەلەکە هەر بە تەنیا نەوەی نوێ نییە، بەڵکوو ئەو سیاسەتە چەوتەی گۆڕان خۆی گرتییە بەر، وای لێکرد لە ٢٥-٢٤ کورسییەوە بێتە سەر نیوە، کە ئەو دەنگانە زۆربەی زۆری نەوەی نوێ بردی، بەڵام ئێستا کە کاریان بە نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی نەماوە، دەیانەوێ بچووکی بکەنەوە. سەرۆکی نەوەی نوێ کەسێکی بازرگانە، بازرگانییەکەی لە پێش حزبەوەیە لە پێش بەرژەوەندی گشتییەوەیە کەچی لووت لە سیاسەتیش ئەدات، بە ڕاستی ئێستا شتێک نییە پێی بوترێ ئۆپۆزیسیۆنی فەرمی، چونکە هیچیان لە قاڵبی ئۆپۆزیسیۆنێکی جدیدا دەرنەکەوتوون، تەنیا ئۆپۆزیسیۆنی شەقام هەیە کە ئەویش بێڕابەرە. من بڕوام وایە بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ، بە تایبەت بزووتنەوەی گۆڕان زۆرترین زیانیان لە ئۆپۆزیسیۆن دا، ئەوە بە هیچ شێوەیەک جێگەی لێبووردنیش نییە.              

 

  • چاککردنی بارودۆخی حزب، هەستاندنەوەی حزب، گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی حزب و کۆمەڵێک بانگەشەی دیکە، وەک دروشمی سەرەکی هەر یەک لە باڵ و ئاراستەکان دەردەکەون، چۆن دەتوانین بەرامبەر بەو بانگەشانە گەشبین بین؟

من لێردەا ئەو مەسەلە دووبارە دەکەمەوە کە دەڵێ قسە هەزارە و دووانی بەکارە، شت بە دروشم نابێ بە کردار ئەبێ، ئەبێ ئێمە خوێندنەوەمان هەبێ بۆ بارودۆخی سیاسی لە سەر ئاستی عێراق لە ئاستی هەرێمی کوردستان، لە سەر ئاستی ناوچەکە و سیاسەتی نێودەوڵەتی.

ئەگەر هێزەکانمان خاوەنی ستراتیژی هاوبەشی نیشتمانی بوونایە دوژمن بەم ئاستە پەرتەوازەی نەدەکردن

لە لایەکی دیکەوە ئەم باڵباڵێنانەی لە ناو یەکێتیدا هەیە و لە ناو پارتیدا هەیە کە ئێستا لە ناو پارتی زەقتر بەرچاو دەکەوێ، هیچی لە سەر بنەمای جیاوازی فکری، سیاسی، ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندی گشتی دروست نەبووە، هەمووی ململانێیە لە پێناو بەرژەوەندی تایبەت. جا لەوەدا دەبێ بپرسین مەبەست لە هەستانەوە و بووژاندنەوە چییە؟ سەردەمی زێڕین کامەیە؟ ئەو کاتەی من لە ناو یەکێتیدا بووم و ئەندامێکی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بووم، دڵم بەوە خۆش بوو کە یەکێتی لە چەند باڵێک دروست بووە کە ئەم باڵانە شەڕی فکری و سیاسی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام دوایی کە ئەو عەقڵییەتانە لە شاخەوە هاتنەوە شار ڕووی ڕاستەقینەیانم بۆ دەرکەوت، چونکە دەبوو کاری حزبایەتی ئیدی لە ناو شاردا جیاواز بێ، حزب دەبوو پێوەندی نێوان کۆمەڵ و دەسەڵات ڕێکبخات، هەڵبژاردن ڕێکبخات، حزبێک بردییەوە بچێتە ناو حکومەتەوە، دەنگەکان بچنە ناو پەرلەمانەوە لە پەرلەمان فراکسیۆن دروست بکرێ، ئیدی ئەوەیش ئەو کاتەیە کە حزب حوکم ناکات، بەڵکوو حکومەت خۆی لە رێگەی دەستوورەوە کاروبارەکان بەڕێوە دەبا. لای ئێمە لەو ئاستەدا نین و بەو شێوەیە نین و لە بەرامبەردا ئەوەی هەیە دەسەڵاتی باوکە بۆ کوڕ ماوەتەوە، دەستگرتنە بە سەر سامان و ئیدارەدا لە لایەن کوڕ و نەوەکانیانەوە، با کوڕەکانیشیان لە شاخەوە نەهاتبن و لە زانکۆکانی ئەمریکا و بەریتانیاوە هاتبنەوە، بەڵام هەر لە سەر هەمان نەریت دەڕۆن، بڕوانامە ڕۆشنبیریی و بە سیاسیبوون و ئاشتیخوازبوونی کەسەکە پێشان نادات، خۆ بەشار ئەسەدی کوڕی حافز ئەسەدیش لە رۆژئاوا خوێندوویەتی، ئەوە دەیبینین چ دیکتاتۆرێکە، کوڕانی هەندێک لە بەرپرسەکانی هەرێمیش لە ئەورووپا و ئەمریکا خوێندوویانە، کەچی لە پرەنسیپە دیموکراسییەکان و سیستەمی ئیداری ئەو وڵاتانە هیچ فێر نەبوون، بۆیە بە پێی هەموو ئەمانە هەستانەوە و بووژانەوە تەنیا دروشمێکی بێناوەرۆکە و دیسان بۆ بەرژەوەندی تایبەتە و بۆ دەستگرتنە بە سەر ساماني گەل و دەسەڵاتی حزبدا.                 

 

  • بەمپێیە چۆن دەتوانین لە بارەی ئەو دۆخەی حزب و ژیانی حزبایەتی لە هەرێمی کوردستان تێی کەوتووە، بە تێگەیشتنێکی دروست بگەین؟

لە ڕاستیدا حزبەکان، حزبی فاشلن، حزبێک نین لە سەر بنەمای پێویستی سیاسی، کۆمەڵایەتی یا ئابووری یا پەروەردەیی دروست بووبێتن، وڵات بەو شێوەیە ناڕوات بەڕێوە، نە خاوەنی سیستەمێکی کۆمەڵایەتین، نە بیمەی تەندروستی هەیە، نە بیمەی بێکاری هەیە، نە سیستەمێکی تەندروستی باشت هەیە، چینێکی گەندەڵ دروست بووە کە تەنیا لە خەمی خۆیدایە، بەشێکی زۆری زانکۆکان بە پارە نەبێ کەس ناتوانێ تیایاندا بخوێنێ، خەڵک بە لێشاو ڕادەکات بۆ هەندەران و وڵات بەجێ دەهێڵێ، مووچەی نادرێتێ، دەکرێ بە کۆیلە، بە ڕاستی وێنەکە لای من زۆر مەترسیدارە، ئەمە بەرهەمی ژیانی حزبایەتییە لە کوردستاندا، لێرەوە دەبێ لە حزب و ژیانی حزبایەتی بڕوانین، دەسەڵاتەکە خەڵک و وڵات وەک ئۆبجێکتێکی ڕووتاندنەوە دەبینێ، سروشتی ئەو حزبایەتییە بەو شێوەیەیە، تەنانەت ئەم حکومەتە نوێیەیش کە باسی چاکسازی دەکات، ڕەنگە هەندێک شت بکات بەڵام لە بنەڕەتدا شێوازەکە هەر ئەو شێوازە دەبێ. هەر بە وڵاتێکی پۆلیسی و ئەمنی دەمێنێتەوە.

حزبەکان لە سەر بنەمای پێویستی سیاسی، کۆمەڵایەتی یا ئابووری و پەروەردەیی دروست نەبوون

 

  • بەڕێزت ڕەخنەت زۆر گرت، کە ئەو ڕەخنانە دەگری دیارە مۆدێلێکی سەرکەوتووت لە بەر چاوە کە بە چارەسەری بزانیت، ئەو مۆدێلە چییە؟ 

ڕەنگە ئێمە بتوانین باس لە چەند چارەسەرێک بکەین، بەڵام ئایا گەشبینین سیستەمەکە ببێت بەوەی ئێمە دەمانەوێ؟ وەڵام نەخێرە. من پرۆژەیەکم هەبوو لە سەر چەند ئیدارەیی، واتە پێشنیارێکە بۆ فرە هەرێمی، بۆ نموونە پارێزگای سلێمانی ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، واتە هەرێمێکی فیدرالی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بە ماددەی ١١٩، واتا هەرێمی لامەرکەزی، چونکە ئەوەی لای ئێمە پێڕەو دەکرێ مەرکەزییەتە، مەرکەزییەتیش لەگەڵ دیموکراسی یەک ناگرێتەوە، من لەو پرۆژەیەمدا ٢٢ سوودی ئەو مۆدێلەم دەستنیشان کردووە، جا ئەوە بە شێوازی جۆراوجۆر پارێزگاکانی هەولێر و کەرکووک و هەڵەبجە و دهۆکیش دەگرێتەوە. لەو کاتەدا دەکرێ کێبەرکێیەکی تەندروست لە نێوان هەرێمەکاندا بێتە ئاراوە، بۆ نموونە هەرێمی سلێمانی و هەرێمی هەولێر، کام لا دەتوانێ زۆرترین خزمەتی هەرێمەکەی خۆی بکات، کام لا دەتوانێ مووچە بؤ خەڵکی خۆی دابین بکات، هەروەها خاوەنی پەرلەمانێک و حکومەتێکی هەرێمی خۆی دەبێ، ئێستا ئەڵمانیا ١٦ هەرێمی هەیە، ١٦ پەرلەمانی هەرێمی هەیە، ١٦ حکومەتی هەرێمی هەیە و ١٦ دەسەڵاتی دادوەریی خۆی هەیە، بەو شێوەیە لە هەر هەرێمێکدا خەڵکەکە بە پێی کلتوور و نۆرمەکانی خۆی دەتوانێ باشتر کاروباری خۆی بەڕێوە بەرێت و ئاشنایە بە هەرێمەکەی خۆی، بە کلتوور و زمان و سروشتی خەڵکی هەرێمەکەی. تەنیا حزبەکانی ناو ئەو هەرێمە دەچنە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمەکە. پێموایە بەم شێوەیە زۆرێک لەو کێشانەیش کە حزب و حزبایەتی گرتووەتەوە چارەسەر بە خۆیانەوە دەبینن، چونکە بەوە لە بنەماوە شتەکان دەگۆڕێن. یا دەبێ ئەوە بکرێت یا ئەوەتا دەبێ لە کۆتاییدا شۆڕشێکی سیاسی، فکری، کۆمەڵایەتی، عەلمانی بکرێت، ئەوەیش کارێکی ئاسان نییە، کێ دەیکا و چۆن دەکرێ؟! لەوانەیە پرۆژەیەکی دوور و درێژ بێ، بەڵام ٥٠ ساڵی دیکەیش بێ جگە لەو دوو ڕێگەیە، هیچ ڕێگەیەکی دیکە نابینم.

کۆمێنتی خۆت بنووسە