تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

د. شۆڕش حەسەن: چەند ساڵی داهاتوو ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە سەرهەڵدەدا

د. شۆڕش حەسەن مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە یاسای دەستووری و سیاسەت
د. شۆڕش حەسەن مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە یاسای دەستووری و سیاسەت
17 Aug
تەما / 17.08.2019

دۆخی ئۆپۆزیسیۆن و خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی لە هەرێمی کوردستان بە ڕادەیەک بە لاواز باس دەکرێ کە بووبێتە مایەی بێهیوایی. جگە لەوەی جەخت لە سەر کاریگەری دەسەڵات بۆ دروستبوونی ئەو دۆخە دەکرێت و کۆمەڵێک ئاستەنگ و بەربەستی گەورە لەبەردەم خەباتی ئۆپۆزیسیۆن دەستنیشان دەکرێن، لە چەندین ڕووەوە سیاسەتەکانی ئۆپۆزیسیۆن خۆیشی بە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی بێهیوایی بەرامبەر خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی دەزانرێت. لەم چاپێکەوتنەدا لەگەڵ د. شۆڕش حەسەن مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە یاسای دەستووری و سیاسەت، هەوڵ دراوە دۆخی ئێستای ئۆپۆزیسیۆن و ئاسۆی خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکرێت.

 

  • لە هەرێمی کوردستان زۆر گوێمان لەوە دەبێ کە هیوا بە ئۆپۆزیسیۆن لاواز بووە، پێتانوایە بۆچی بیرکردنەوەیەکی لەو شێوەیە دروست بووە؟

 بە بۆچوونی من هەر لە سەرەتاوە ئۆپۆزیسیۆنێکی تەندروست لە هەرێمی کوردستان دروست نەبووە، پێش دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان، هەندێک لایەنی سیاسی کە سەنگێکی ئەوتۆیان نەبوو، هەوڵی بە ئۆپۆزیسیۆن بوونیان داوە، بەڵام نەیانتوانیوە کاریگەرییان هەبێ، بە حکومی ئەوەی هەم سەنگ و کاریگەری پێویستیان نەبوو، هەم زۆر جار لە ناو دەسەڵاتدا بوون. کە بزووتنەوەی گۆڕانیش دروست بوو لە ڕاستیدا خۆی وەک ئۆپۆزیسیۆن بەرچاوی ڕوون نەبوو بۆ کاری ئۆپۆزیسیۆنی و نەیتوانی سەرکردایەتی دەنگی ناڕازی و داخوازییەکانی خەڵک بەرامبەر دەسەڵات بکات، بۆیە ئۆپۆزیسیۆنێکی تەندروست نەبوو.

 هەر لە سەرەتاوە ئۆپۆزیسیۆنێکی تەندروست لە هەرێمی کوردستان دروست نەبووە

 ئیدی دوای چوار ساڵ بیریان لەوە کردەوە بچنە ناو دەسەڵات، هەر حزبێکی سیاسیش کە چووە ناو دەسەڵات ئیدی ئۆپۆزیسیۆن نییە، بە راستی لە ٢٠١٣دا کە حزبەکان تێکڕا چوونە ناو دەسەڵات چیتر ئۆپۆزیسیۆن نەما لە کوردستان. راستە بە خۆیان دەوت ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن نەبوون. لە هەموو دنیادا وایە هەر حزبێک بەشداری دەسەڵات بکات چیتر ئۆپۆزیسیۆن نییە. ئەگەر سیستەمەکە هەر چۆنێک بێ هەموو حزبەکان ناچنە ناو دەسەڵات، حزبێک هەر لە دەرەوەی دەسەڵات وەک ئۆپۆزیسیۆن دەمێنێتەوە بۆ چاودێریکردنی دەسەڵات، ئەویش تاهەڵبژاردنی داهاتوو کە تیایدا ئەنجامی چاودێریکردنەکەی بۆ خەڵک دەخاتە روو و لە سەر بنەمای ئەوە کەم و کورتییەکان دەستنیشان دەکا و چاککردنیان دەکاتە بەرنامەی خۆی.

جا سلوکی ئۆپۆزیسیۆنێک لە هەرێمی کوردستان ئەوە بێ کە بینیمان، ئاساییە خەڵک بڕوای بە ئۆپۆزیسیۆن نامێنێ، چونکە بینییان ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دەناساند هەر کە دەرفەتێکیان بۆ ڕەخسا ڕێک وەکوو دەسەڵات ڕەفتاریان کرد. چاوپۆشی لە کەم و کوڕییەکانی دەسەڵات دەکەن، دەچنە ناو دەسەڵاتەکەوە، بۆیە متمانە بە ئۆپۆزسیۆن لای خەڵک نەماوە. بۆ نموونە بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی بەرەوڕووی گەندەڵکارییە سەرەکییەکان بێتەوە، پرۆژە یاسایان بۆ پێشکەش بکات، کاریان لە سەر بکات، وەکوو خانەنشینی، پلە تایبەتەکان، یا لانیکەم بەرزکردنەوەی ئاستی پێداویستییەکانی ژیان بۆ خەڵک، مووچەی فەرمانبەران و زۆر شتی دیکە کە دەکرا کاریان لە سەر بکرێت و نەکرا. هەروەها دووبارە چوونەوەیان بۆ ناو دەسەڵات بەم حاڵەوە کە دەیبینین. ئەمانە هەموو هۆکارن بۆ لاوازبوونی هیوای خەڵک بە ئۆپۆزیسیۆن.

             

  • رۆڵی دەسەڵاتی دژ بە ئۆپۆزیسیۆن لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە چەند و چۆنە؟

  دیارە کە ئۆپۆزیسیۆن لە هەر وڵاتێک سەر هەڵدەدات، بێگومان ئەو حزبەی لە دەسەڵاتدایە  هەوڵ دەدات هەر چۆنێک بووە کاریگەری ئۆپۆزیسیۆن کەم بکاتەوە. لانیکەم لای خەڵک ئەو دڵنیاییە دروست بکات کە ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێ هیچ بۆ خەڵک بکات، کێشەی بۆ دروست دەکات، گرفتی بۆ دروست دەکات، کۆسپ دەخاتە بەردەمی، بەڵام من پێموایە ئەو هەوڵانەی دەسەڵات کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نابێت ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن ستراتیژییەتی هەبێ، بەرنامەی هەبێ و بزانێ چۆن ڕووبەڕووی حزبی دەسەڵات دەبێتەوە، چۆن کار لە سەر کار و کردەوەکانی دەسەڵات دەکات. کاتێک کە ئەو بەرنامەیەی هەبوو، دەتوانێ هەوڵەکانی دەسەڵات پووچەڵ بکاتەوە، بەڵام کە ئەوانەی نەبوو بێ ئەوەی دەسەڵاتیش دژی بوەستێ خۆی شکست بە خۆی دەهێنێت. ئێمە لە کوردستان شتی سەیرمان لە ئۆپۆزیسیۆن بینی، بۆ نموونە لە ٢٠١٣ هەموویان پشتگیرییان لە حکومەتی بنکە فراوان کرد، لە دنیادا شتێک نییە بە ناوی حکومەتی بنکە فراوان، هەر دەبێ چەند حزبێک هەبن لە دەرەوەی دەسەڵاتدا بن. ئۆپۆزیسیۆنی ئێمە هەموو بەرنامەکەی هەڵگرت و چووە ناو حکومەتەکەوە، بۆیە راستە دەسەڵات هەوڵ دەدات گرنگی و کاریگەری ئۆپۆزیسیۆن کەم بکاتەوە و لە دژی پڕ و پاگەندە بکات، بەڵام وادەزانم ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن خۆی بەرنامەی تۆکمی هەبێ، دەسەڵات شتێکی ئەوتۆی پێ ناکرێت. لە هەرێمی کوردستان هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن زیاتر خۆیان هۆکار بوون بۆ لاوازبوونی متمانە پێیان، ئێمە ئەوەمان لە هەڵبژاردندا بە ئاشکرا بینی کە کورسییەکانیان لە سەر ئاستی هەرێم و عێراقیش لە چ ژمارەیەکدا وەستان.

حزبی دەسەڵات دەیەوێ کاریگەری ئۆپۆزیسیۆن کەم بکاتەوە و خەڵک دڵنیا بکات کە ئۆپۆزیسیۆن هیچیان بۆ ناکات

 

 

  • بێگومان جگە لە کەم و کوڕی و هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی ئۆپۆزیسیۆن خۆی، کۆمەڵێک بەربەستی گەورەیش لە بەردەمیدا هەبوون و هەن، ئەشێ ئەو بەربەستانە چۆن بخوێندرێنەوە؟

ئێمە لە هەرێمێکداین کە بنەما دیموکراسییەکان هەر بە شێوە هەن، لە بەر ئەوەی هاوسەنگی و یەکسانی نییە بۆ هەموو حزبەکان کە بتوانن بە ئازادی کار بکەن. فرەیی سیاسی بەو شێوەیە دەستەبەر نەبووە کە هەموو حزبەکان بتوانن وەکوو یەک کار بکەن. لەم وڵاتە هەر حزبێک توانای مادیی زیاتر بێ یا خود هێزی سەربازی هەبێ، کاریگەری لە سەر دۆخەکە زیاترە بەراورد بە حزبێک کە ئەو تایبەتمەندییانەی نییە، بە تایبەت کە ئەم هەرێمە دابەش بووە بە سەر دوو زۆندا و لە هەر زۆنێکی حزبی خاوەن هێزی سەربازی و مادیی فەرمانڕەوایی دەکات، ئەمەیش یەکێک لە بەربەستە گەورەکانی بەردەم ئۆپۆزیسیۆنە. رەنگە ئەگەر پارتی و یەکێتی وەک خاوەنی ئەو دوو زۆنە، بەو ڕادەیە لە ڕووی سەربازیی و مادییەوە بەهێز نەبوونایە، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن خێراتر و بە شێوەیەکی دیکە گەشەیان بکردایە. هەر بۆیە ئۆپۆزیسیۆنبوون و کاری ئۆپۆزیسیۆنی ئاسان نییە، قۆرخکاری دەسەڵات هیچ دەرچەیەکی بۆ هەناسەدانی هێزەی دیکە نەهێشتووەتەوە کە بتوانن بە ڕێگەی ئاشتیانە بچنە ناو دەستاودەستکردنی دەسەڵاتەوە. واتە دۆخەکە بە جۆرێکە ئەگەر حزبێک زۆرترین کورسی پەرلەمانیش بە دەست بێنێ، مادام هێزی سەربازی و مادیی نەبێ ناتوانێ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر گۆڕینی دۆخی سیاسی هەبێت. ئەمانە هەموو بەربەستی گەورەن. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئۆپۆزیسیۆن دروست نابێ و نابێ بێتە پێشەوە، وەکوو وتم ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن راستەقینە بێت بەرەو پێشەوە دەڕوات و زۆرینەی خەڵک لەگەڵ خۆی دەخات و پشت بە زۆرینەی خەڵک دەتوانێ زۆر شت بکات.

 

  • ئۆپۆزیسیۆن ئەیتوانی کام کارانە بکات کە نەیکرد؟

لە ڕاستیدا لای ئێمە تەنیا ٤ ساڵ ئۆپۆزیسیۆن توانی ڕۆڵێکی هەبێت، ئەو کاتەی بزووتنەوەی گۆڕان سەری هەڵدا و ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی بینی، ئەوەی پێویست بوو لە ناو پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمان بیکات نەیکرد. بۆ نموونە ئەندامەکانیان دەیانتوانی لە پەرلەمان زۆر پرۆژە یاسا پێشکەش بکەن و جەخت لە سەر زۆر شت بکەنەوە، جا ئەگەر پرۆژەکانیشیان سەری نەگرت ئەوا دەکرا خۆیان ئامادە نەبوونایە بچنە ژێر باری پرۆژەی دەسەڵات و پێشێلکارییەکە نەکەن. وەکوو ئەو ئیمتیازاتانەی پەرلەمانتاران بۆ خۆیان داناوە، یا بۆ پلە تایبەتەکان دانراوە، دەیانتوانی ڕەتی بکەنەوە، کە بە داخەوە ڕەتیان نەکردەوە. زۆر شتی تریش کە لە بەرژەوەندی خزمەتگوزاری گشتی بوو دەیانتوانی پێداگری لە سەر بکەن، کە تۆ لە ناو پەرلەمان کارێک دەکەی دەبێ لە دەرەوەی پەرلەمان خەڵکی بۆ هۆشیار بکەیتەوە، وەکوو خانەنشینی پەرلەمانتاران. ئۆپۆزیسیۆن ئامادە نەبوو پەرلەمانتارەکانی بە جۆرێک هۆشیار بکاتەوە کە ئەوە رەت بکەنەوە. دەبوو کارێک بکەن ئەو یاسایە نەمێنێ چونکە ئەوە لە سەر حسابی خەڵکە. یا سازش لە سەر بە حزبیکردنی ئیدارە نەکەن. لە مێژە کاتی ئەوە هاتووە کە سەرۆکی زانکۆیەک، بەڕێوەبەری مەکتەبێک، ڕاگری کۆلیجێک حزبی نەبێ، بەڵام نەک ئەوەیان نەکرد خۆشیان کەوتنە پشک وەرگرتن بۆ ئەندامانی حزبی خۆیان، تەنانەت بێ ئەوەی ڕەچاوی توانای کەسەکان لە بوارە تایبەتەکاندا بکەن. بینیمان ئۆپۆزیسیۆن هەمان کرداری دەسەڵاتیان دووبارە کردەوە، نەهاتن خەڵکی شارەزای بێلایەن دابنێن. ئەمانە و زۆر شتی دیکە ئەو کارانەن کە ئۆپۆزیسیۆن دەیتوانی بیکات و خەڵک شایەتی دەدات کە نەیکرد.           

ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن نەچووبایە ناو دەسەڵات ڕابەرایەتی ناڕازییان و خەباتی مەدەنی لە دەستدا دەما و دەسەڵات بەمشێوەیە بەرامبەر خەڵک بێباک نەدەبوو

 

  • ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن نەچوایەتە ناو دەسەڵات، بارودۆخی سیاسی بە چ ئاراستەیەک دەڕۆیشت؟

خۆی هەموو حزبێکی سیاسی ئامانجی ئەوەیە دەسەڵات بە دەست بگرێت، بەڵام وەرگرتنی دەسەڵاتیش هەل و مەرجی خۆی هەیە. کاتێک تۆ کاریگەریت نییە و دەتەوێ چاکسازی بکەیت، دەتەوێ گۆڕانکاری ڕیشەیی بکەیت، بەڵام بە هێزێکی کەمەوە دەچێتە ناو دەسەڵات و دەچێتە ناو حکومەتێک کە ئەو بەرنامەیەی مەبەستتە نەتوانێ جێبەجێی بکەیت. دیارە خۆت شکست دێنی. کە چوویتە ناو حکومەت دەبێ بە شێوەیەکی وا بچیت بتوانی گۆڕانکاری بکەیت.

ئێمە کێشەیەکمان هەیە و دێین خۆمان بەراورد دەکەین بە وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا. لەو وڵاتانە دەسەڵات بە پێی هەڵبژاردن دەستاودەست دەکرێت، بەڵام لای ئێمە بە داخەوە ئەوە نییە. کە دەچینە دەسەڵاتیش هەر ئەوەندەیە پۆستەکە و وەزارەتەکە وەردەگرین، ئیدی ناتوانین لەو وەزارەتەدا ئەو بەرنامەی کە خۆمان مەبەستمانە جێبەجێی بکەین. لەو وڵاتە پێشکەوتووانە حزبی ئۆپۆزیسیۆن کە چووە دەسەڵات ئەو کەم و کورتییانە چارسەر دەکات کە خۆی رەخنەی لێیان هەبووە. لای ئێمە وەکوو وتم تەنیا و تەنیا وەرگرتنی پۆستەکەیە و ئۆپۆزیسیۆنیش لە دەسەڵاتدا بە هەمان شێوەی دەسەڵات ڕەفتار دەکاتەوە. هەروەک لە ئەزموونی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکومەتدا بینیمان، هەندێک لە وەزیرەکان دوای وەرگرتنی وەزارەت هەر بزووتنەوەکەیان بەجێ هێشت و بە تەواوەتی لە دەسەڵاتدا توانەوە.

ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن نەچووبایەتە ناو دەسەڵات و فشاری بخستایە سەر دەسەڵات و ڕابەرایەتی جەماوەری ناڕزای بکردایە کە ئێستا ژمارەیان لە ڕابردوو زیاترە و قەیرانەکانیش لە ڕابردوو زیاترن، ئەوا ڕابەرایەتی جەماوەری ناڕزای و خەباتی مەدەنی لە دەستدا دەمایەوە و دەسەڵات نەیدەتوانی ئا بەمشێوەیە بەرامبەر داخوازییەکانی خەڵک بێباک بێ.

 

  • سیاسەتێکی دیکەی ئەو هێزانەی بە ئۆپۆزیسیۆن ناسراون، قاچێک لە ناو دەسەڵات و قاچێک لە ناو ئۆپۆزیسیۆن بووە، کاریگەری ئەو سیاسەتە لە سەر خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی لە هەرێمی کوردستان چۆن دەبینی؟ 

خۆم من وتم کە چوویتە ناو حکومەتەوە ئیتر تۆ ئۆپۆزیسیۆن نەماوی، تەنانەت ئەگەر بە یەک وەزارەتیش بەشداری بکەیت تۆ حزبی سەر بە دەسەڵاتی و وەکوو سەرۆک وەزیران لە هەموو سیاسەتەکانی ئەو حکومەتە بەرپرسیاریت. ناکرێ بەشداریش بی و گلەییشی لێ بکەیت. تا ئەو کاتەی لە ناو حکومەتی، بۆت نییە ڕەخنەی لێ بگری، چونکە لەوەدا بەرپرسیارێتییەکی دەستەجەمعی هەیە و تۆ بەشێکی لە پێکهاتەی ئەنجومەنی وەزیران و دەبێ بەرگری لە سیاسەتی ئەو ئەنجومەنە بکەیت.

ئۆپۆزیسیۆنی ئێمە لە حکومەتیش بەشدار بوو، ڕەخنەیشی لێ دەگرت و ئامادەیش نەبوو لێی بکشێتەوە. بۆیە هەر خۆی سیاسەتی قاچێک لە ناو حکومەت و قاچێک لە دەرەوە وای کرد خەڵک متمانەی بە ئۆپۆزیسیۆن نەمێنێ. چونکە تۆ چوویتە ناو حکومەت، کۆتایی بە حکومەت هات و جارێکی دیکەیش هەر چوویتەوە ناوی کەچی هێشتا هەر هیچت نەکرد و نەتتوانی هیچ بگۆڕی. ئەم سیاسەتە هەم زیانێکی زۆری بە ئۆپۆزیسیۆن خۆی گەیاند، هەم خەڵکی لە ئۆپۆزیسیۆن بێ هیوا کرد.

سیاسەتی قاچێک لە ناو حکومەت و قاچێک لە دەرەوە، وای کرد خەڵک متمانەی بە ئۆپۆزیسیۆن نەمێنێ            

 

  • سەرباری ئەوەی هێزەکانی ناسراو بە ئۆپۆزیسۆن پێداگری دەکەن لە سەر مانەوەیان وەک ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام دەبینین هێشتا خواستی جدی بۆ پێکهێنانی ئۆپۆزیسیۆنێکی کاریگەر لە ئارایە، ئەشێ خواستێکی وا چی لێ بکەوێتەوە؟

لە ڕاستیدا ئەو هێزانە بە قسەی خۆیان نییە کە بڵێن هێشتا هەر ئۆپۆزیسیۆنین. ئۆپۆزیسیۆن دەبێ لە ناو خەڵکدا متمانەی هەبێ. بە داخەوە ئەوانەی کە بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆنبوون دەکەن متمانەی خەڵکیان لە دەست داوە، بۆیە ئاسان نییە جارێکی دیکە بتوانن سەرکردایەتی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە بکەن. بە بڕوای من ئەوەی کە دەڵێن هێشتا ئۆپۆزیسیۆنین تەنیا بانگەشەیە بۆ هەڵبژاردن و موزایەدەی سیاسییە.

بە دڵنیاییەوە ڕەوڕەوەی مێژوو ناوەستێ. کە پاش زیاتر لە ٢٨ ساڵ ئەزموونی حوکمڕانی نەتتوانی ئەزموونێکی باش پێشکەش بکەیت، خەڵکەکەت لە ناو تەنگ و چەڵەمەی ژیاندا گیری کردبێ، بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک هەر دێ حزبی سیاسی، ڕێکخراوی سیاسی دروست بێ. مێژوو ناوەستێ و بەرەو پێش دەڕوا، ئەو حزبانەیش کە بەهای ئۆپۆزیسیۆنبوونیان لە دەست داوە و متمانەی خەڵکیان لە دەست داوە، بێگومان ناتوانن جارێکی دیکە هەمان ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببیننەوە. حزبی سیاسی کە هەلی مێژوویی لە دەست چوو جارێکی دیکە دەستی ناکەوێتەوە.

پێشموانییە حزبی سیاسی دیکە وەک ئۆپۆزیسیۆن هەر وا بە ئاسانی دروست بێتەوە. دەسەڵات ڕێگرە گەورەکە دەبێ لە بەردەمی و تەنیا رێگە بە حزبێک دەدات کە هەر لە دەوری خۆی بسووڕێتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە بە بنبەست گەیشتووە. دڵنیام لە چەند ساڵی داهاتوودا ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە سەر هەڵدەدات و ئەم دۆخە هەر وا نامێنێ، یا ڕەنگە گۆڕانکارییەکانی دەوروبەر کاریگەری لە سەر هەرێم بکەن و دۆخەکە بە ئاقارێک بڕوات کە ئەم چەقبەستووییە نەمێنێت.

    

  • بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی پێشووی کار و خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی، ئەگەر بڕیار بێت هێزێکی نوێی ئۆپۆزیسیۆن سەر هەڵبدات، ئەبێ چ جیاوازییەکی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی پێش خۆی هەبێت؟

 وەکوو وتم ئەزموونی حوکمڕانی دوای ٢٨ ساڵ گۆڕانکارییەکی بە سەردا نەهاتووە و بەرەو پێشەوە نەچووین، نەمانتوانیوە خزمەت بە خەڵکی کوردستان بکەین لە سەر هەموو ئاستەکاندا، بۆیە هەر ئۆپۆزیسیۆنێک دروست بێ، دەبێ بەرنامەی ئەوەی هەبێ کە گۆڕانکاری ڕیشەیی بە سەر ئەم شێوازە حکومڕانییەدا بێنێت، کار بۆ بەرجەستەکردنی بنەماکانی دیموکراسی بکات، مەبدەئی پرەنسیپی هاووڵاتیبوون بگەڕێنێتەوە، نەک هاووڵاتیبوون لە سەر بنەمای وەلای حزبی و وەلای کەس و ئەو جۆرە بابەتانە. کاتێک وەک حزبێکی سیاسی ئەم کارانە بکات و بەرنامەی ئەوەی هەبێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سەر ئەو شتانە بکات، بە دڵنیاییەوە هیوا بە سەرکەوتنی دەبێ، بەڵام ئەگەر هەمان ئەزموونی پێشووی ئۆپۆزیسیۆن دووبارە بکاتەوە و بچێتەوە سەر ئاکاری دەسەڵات، واتە هیچی نەکرد.

ئۆپۆزیسیۆن دەبێ بەرنامەی چاکسازی هەبێ لە پێناو خزمەتکردنی ئەم وڵاتە و خەڵکی ئەم وڵاتە، هەروەها ئامانجی سەرەکی بەرژەوەندی گشتی بێ. ئەگەر وا نەبێ و ئامانجی تەنیا بە دەستگرتنی کورسی پەرلەمان و چەند وەزارەتێک بێ، ئەوە هیچ کاریگەری نابێ و ئەویش پاش ماوەیەک متمانەی خەڵک لە دەست دەدات.

حزبی خاوەن هێزی سەربازی و مادیی بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم ئۆپۆزیسیۆندا         

 

  • پێشتر چەند هێزێک هەبوون کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکدی گوتارێکی یەکگرتووی ئۆپۆزیسیۆنییان هەبوو، ئێستا ئەگەر چەند هێزێکی نوێی ئۆپۆزیسیۆنیش هەبن یەک گوتارییان کەمتر پێوە دەبینرێت، لەم قۆناغەدا چی دەتوانێ جارێکی دیکە یەک گوتاری و کاری هاوبەش لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێک بهێنێ؟

بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن، پێش هەموو شتێک دەبێ ئەو هێزانەی تیایدا بەشدار دەبن، لە دەرەوەی دەسەڵاتدا بن، بۆ ئەوەی بتوانن بەرنامەکەیان لە بەرامبەر حزبەکانی ناو دەسەڵات پێڕەو بکەن و جێبەجێی بکەن. بەڵام ئەگەر دیسان بچنەوە ناو حکومەت و ببنەوە بە پاشکۆی دەسەڵات ئەوە دیارە هیچ کاریگەرییان نابێت.

بوونی بەرنامەی هاوبەش دەتوانێ گوتاری هاوبەش پێک بێنێ، ئەوەیە کە بەرەی لێ دروست دەبێ. واتە دەبێ بە ڕادەیەک تۆکم بێ کە حکومەتی سێبەری هەبێ و بۆ هەر وەزارەتێک دەستەیەکی هەبێ کە چاودێری کاری ئەو وەزارەتە بکات. چاودێری کاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکات، چاودێری ئەو دەستانە بکات کە لە ناو حکومەتدان بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێکدا کەم و کورتی هەیە ئیبرازی بکەن و بیبەنە ناو پەرلەمان و لەوێوە کار بۆ چارەسەرکردنی بکەن.     

 

  • ئەگەر ئاستی ناڕەزایەتی لە دۆخی گشتی بکەین بە پێوەر، رەنگە بتوانین بڵەین دوای ئەو قەیرانە گەورانەی بە سەر هەرێمدا هاتن بەراورد بەو قۆناغەی یەکەم ئۆپۆزیسیۆنی ڕەسمی تیادا دروست بوو، ئێستا ناڕەزایەتی گشتی لەو کات زۆر زیاترە، کەواتە بۆچی ئۆپۆزیسیۆن نەتوانێ ڕابەرایەتی ئەو ناڕەزایەتیانە بکات و بە ئاراستەی باشکردنی بارودۆخ بیانجوڵێنێ؟

ڕاستە، ئێستا ئاستی ناڕەزایەتی گشتی بەراورد بە ڕابردوو زیاترە. کە ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێ ڕابەرایەتی ئەو ناڕەزایەتییە بکات، هۆکارەکەی ئەوەیە وازی لە ئۆپۆزیسیۆنبوون هێناوە و لەگەڵ خەڵک ڕاستگۆ نەبووە و بەرنامەی ئەوەی نەبووە چاکسازی لە سیستەمی حوکمڕانی ئەو وڵاتەدا بکات.   

دەزانین کە لە ٢٠١٥ وە پاشەکەوتی مووچە بە سەر خەڵکدا سەپێنراوە و تا ئێستا بەردەوامە، ئەمە بە هۆی ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستگۆ لە ئارادا نەبووە، حزبێکی ڕاستگۆ لە ئارادا نەبووە کە لە خەمی بەرژەوەندییەکانی خەڵکدا بێ. هەندێکجار حزبی ناو حکومەتیش لە دۆخە هەستیارەکاندا هەڵوێست وەردەگرێ و وەزیرەکەی دەست لەکار دەکێشێتەوە، یا خود وەزیرەکانی دەکشێنێتەوە و لە حکومەتەکە دێتە دەرەوە. بەڵام حزبی ئێمە چ لە ناو دەسەڵات و چ لە دەرەوەی دەسەڵات هەڵوێستی نییە. کە پاشەکەوت سەپێنرا وەزیری دارایی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن و لە بزووتنەوەی گۆڕان بوو، بەڵام نە گۆڕان و نە وەزیرەکەی هەڵوێستیان نەبوو لە سەر ئەو بابەتە، کە وا ئەمە بۆ سەپێنرا؟ لانیکەم دەبوو وەزیرەکەیان لە حکومەت بکشێتەوە. ئەوە جارێکی دیکە چوونەوە ناو حکومەت و پاشەکەوت هەر بەردەوامە، هیچ هەڵوێستیان نییە. قورساییەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە سەر هاووڵاتی زیاد دەکات و کەس نییە قسە بکات. هەر لە بەر ئەوەیە هێزی ناسراو بە ئۆپۆزیسیۆن ناتوانێ ڕابەرایەتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بکات.

ئۆپۆزیسیۆن دەبێ حکومەتی سێبەری هەبێ و بۆ هەر وەزارەتێک دەستەیەکی چاودێری هەبێ     

 

  • هەر بەو ئاراستەیە، کاری گەورەی ئۆپۆزیسیون چییە کە پێویست بکات بە تەواوەتی لە سەری چڕ بێتەوە و هەموو تواناکانی بۆ بە کار بێنێت؟

 ئەگەر ئەو ئۆپۆزیسیۆنە دروست بێ، کاری گەورەی ئەوەیە کە حکومەتی سێبەر دروست بکات و بۆ هەر وەزارەتێک دەستەیەکی چاودێریکردن دروست بکات. بۆ ئەوەی کار لە سەر کەم و کورییەکانی حکومەت بکات. هەروەها کار لە سەر هەموو کێشەکانی خەڵک لە هەموو بوارەکان بکات و بیگەیەنێت بە حکومەت، بە جۆرێک کە حکومەت ناچار بێ چارسەریان بکات. جا کێشەی تەندروستییە، خزمەتگوزاری شارەوانییە، کەم و کورتی بواری پەروەردەیە، بژێوی ژیانی خەڵکە هەر چییەک هەیە، هەمووی دەبێ ئۆپۆزیسیۆن کاری لە سەر بکات. دەبێ بەرنامەی کراداری رۆژانە و هەفتانە و مانگانەی بۆیان هەبێ. دەبێ بتوانێ ئەو دۆخە چەقبەستووەی ٢٨ ساڵە هەیە بیگۆڕێ، ئەوە نەکات هیچی نەکردووە.  

 

  • بەو پێیە دەکرێ قۆناغی نوێی خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی لە هەرێمی کوردستان چۆن وێنا بکەین؟

ئەگەر بێت و لە قۆناغی نوێ ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە دروست بێ، دەبێ ئەوەمان لە بەرچاو بێ ئۆپۆزیسیۆنبوون سەنگەرگرتن نییە لە دەسەڵات، بەڵکوو خزمەتکردنی خەڵکە، ئەم ئەقڵییەتە تا ئێستا لای ئێمە دروست نەبووە، بۆیە ئەو حزبانەی کە دەیانەوێ ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن ببینن دەبێ بەو ئاراستەیە کار بکەن نەک بەو ئاراستەیەی کە بیانەوێ بە هەموو شێوەیەک نەفی ئەوانی دیکە بکەن، نەخێر، کە تۆ ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە بوویت جەماوەرت لە پشت دەبێ و دەسەڵاتیش ناچار دەبێ ملت بۆ کەچ بکات. بۆیە لە قۆناغی نوێی خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی دەبێ بەو ئاراستەیە کار بکرێ کە ژیانی سیاسی ئەم وڵاتە بەرەو مەدەنییەت بڕوات. بەو شێوەیە نەمێنێتەوە کە لە لایەن دوو یا سێ حزبەوە هەموو شتێک قۆرخ بکرێت. خەڵکی تریش هەیە کە هاووڵاتییە، مافی ژیانی هەیە، مافی بەشداری سیاسی هەیە، مافی هەیە کە لە ئیدارەی ئەم وڵاتە دەوری هەبێ. ئەم پرەنسیپانە دەبێ جێبەجێ بکرێن کە لە لایەن ئەم حکومڕانییەوە پێشێل کراون.

لە قۆناغی نوێی خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی دەبێ کار بکرێ بۆ ئەوەی ژیانی سیاسی بەرەو مەدەنییەت بڕوات

 

  • بە گشتی چاوەڕێی چ داهاتوو و ئاسۆیەکی سیاسی بۆ خەباتی ئۆپۆزیسیۆنی لە هەرێمی کوردستان دەکەن؟

بە پێی ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە، زۆر گەشبین نیم کە بەمنزیکانە ئۆپۆزیسیۆنێکی تەندروست لە هەرێمی کوردستان سەر هەڵبدات و بتوانێ کاریگەری لە سەر حکومڕانییەتی هەرێمی کوردستان هەبێ و بەو ئاقارەی بەرێ کە لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک کار بکات. تا چەند ساڵێکی تریش من دۆخەکە وا نابینم کە ئۆپۆزیسیۆنێکی تەندروست لە هەرێمی کوردستان بێتە کایەوە و هەموو هەوڵی ئەوە بێ کە سیستەمی حوکمڕانی بەو ئاراستەیە بەرێ لە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێ، بەڵام ئەمە بەو مانا نییە کە بێهیوا بین، چونکە دەزانم مێژوو لە شوێنێکدا ناوەستێ و داهاتوو ئاوسە بە گۆڕانکاری گەورە.

 

کۆمێنتی خۆت بنووسە