تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

سەدەيەك خيانەتى ئەمريكا لە كورد

29 Oct
تەما / 29.10.2019

بورهان شێخ ڕەئوف

مێژووى خيانەتەكانى  ئەمريكا لە كوردو مەسەلە ڕەواكەى درێژە وەكو ئازارەكانى، سەختە وەكو جوگرافياو چياكانى، خەمناكە وەكو جينۆسايدو ئەنفالەكانى .

ئەگەر باسى ئەو بابەتە بكەم نازانم لە كوێەوە دەست پێبكەم  لە دواكارەسات و گورگان خوارد دانى كورد لە خۆرئاواى كوردستان لە ئێستادا، يان بگەڕێمەوە بۆ سەدەيەك بەر لە ئێستا، نازانم!

١-بە هەرحاڵ لە سەد ساڵى ڕابردوودا كورد قوربانى گەورەى سات و سەوداى وڵاتاتى زلهێزو كۆلۆنياليستى جيهان بووە نەك هەر ئەمريكا، لە(سايكس _ بيكۆ)وە تاوەكو غەدرى سۆڤيەتيەكان لە كۆمارە ساواكەى مهاباد لە خۆرهەڵاتى كوردستان. بەڵام لێرەداو لە باسێكى وا كورتدا ڕەنگە ئاسان نەبێت بچمە ناو بابەتێكى وا ئاڵۆز و كارەساتبارەوە، بەڵكو هەر تيشكێك بە كورتى دەخەمە سەر خيانەتەكانى ئەمريكا لە كورد لە سەد ساڵى ڕابردوودا بە كورتى:

كە عێراق و سوريايان دابەشكرد بۆ خۆيان و هيچ بەندێكى تێدا نەبوو باسى مافەكان و ئايندەى كورد بكات ئەمە بە  يەكەم فێڵى گەورەو خيانەتى ئەمريكا دێتە ئەژماردن

٢-لە سەرەتاى بيستەكانى سەدەى ڕابردوودا لە دواى كۆتايى هاتنى جەنگى جيهانى يەكەم و هەڵوەشانەوەى دەوڵەتى عوسمانى كە ئەو كات پێيان دەگوت پياوە نەخۆشەكە و كورديش لە ژێردەستەڵاتى ئەو ئيمپراتۆريەتەدا بوون، ئەو كات وەكو زۆربەى گەڵانى ئەم ناوچە، ئا لەوكاتەدا دەستەبژێرى كورد بە تايبەتى و هەموو گەلى كورد بە گشتى خوازيارى پێكهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆى كوردستان بوون، هاوپەيمانە خۆرئاواييەكانيش كە ڵايەنى سەركەوتووى جەنگەكە بوون بەڵێننامەى سيڤەريان واژۆكرد ساڵى ١٩٢٠،  كەمافى پێكهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆى بۆ كورد مسۆگەر كردبوو، كە توركەكان وەكو ئێستا ئەو كاتيش دژى سيڤەر وەستانەوەو دواتر بە پشتيوانى ئەمريكاو بەريتانيەكان ڕێككەوتننامەى لۆزانيان واژۆ كرد لە ساڵى ١٩٢٣ كە عێراق و سوريايان دابەشكرد بۆ خۆيان و هيچ بەندێكى تێدا نەبوو باسى مافەكان و ئايندەى كورد بكات ئەمە بە  يەكەم فێڵى گەورەو خيانەتى ئەمريكا دێتە ئەژماردن .

٣-لە دواى ١٤ی تەموزى ١٩٨٥ و ڕوخانى ڕژێمى پاشايەتى لە عێراق، كرانەوەيەكى باش لە عێراقدا هاتە ئاراوە بۆ چارەسەرى كێشەى كورد و بۆ يەكەم لە جار دەستورى كاتى عێراقدا دان نرا بە ئەوەى كە عێراق پێكهاتووە لە دوو گەلى كوردو عەرەب و هاوبەشن لە عێراقدا و دواتر ڕێ  بە گەڕانەوەى مەڵامستەفاى بارزانى درا كە دواى يازدە ساڵ دەربەدەرى لە يەكێتى سۆڤيەتى جاران بگەڕێتەوە بۆ عێراق، بەڵام حكومەتى قاسم دواتر پاشگەز بووەو لە بەڵێنەكانى و شەڕو توندو تيژى و بەريەككەوتن لە نێوان كورد و حكومەتى قاسم ڕويدا، بەڵام لەو كاتيشدا ئەمريكا بە جۆرێك لە جۆرەكان يارمەتى كوردى داوە لە ١٩٥٨تاوەكو ١٩٦٣ بەڵام دواتر ئەمريكا يارمەتى كودەتاى سەربازى دا دژى قاسم و جارێكى تر كۆمەكەكانى بۆ كورد بڕى و بۆمبى ناپاڵمى واێرانكەرو قەدەغەكراوى نێودەوڵەتى دا بە حكومەتى ئەوساى عێراق بۆ سەركوتكردنى كورد.

٤-لە حەفتاكانى سەدەى پێشووش كاتێك عێراق لە بلۆكى سۆڤيەتى نزيك كەوتەوە ئەمريكيەكان و ئيدارەى سەرۆك نيكسۆن و وەزيرى دەرەوەى ئەوكاتى ئەمريكا هنرى كيسنجەر يارمەتى كوردييان دەدا و كاتێك كورد لە ساڵى ١٩٧٠ لەگەڵ حكومەتى عێراق ڕێككەوتبوون و بەياننامەى مێژوويى ١١ى ئازاريان دەركردبوو، بەڵام ئەوان كاريان بۆ تێكدان و سەرنەگرتنى ڕێككەوتنەكە دەكرد و دواتر كە شەڕ لە نێوان شۆڕشى كوردو حكومەتى عێراقدا هەڵگيرسايەوە، دواتر ڕێككەوتننامەى جەزائير لە نێوان شاى ئێران و سەدام حسين واژۆ كرا ئەمريكيەكان هيچ كاردانەوەيەكيان نەبوو، كورد چەند هاوارى كرد نەگەيشتە گوێى كەڕو كاسى كيسنجەرو ئەمريكا.

ئەمریکا بۆمبى ناپاڵمى وێرانكەرو قەدەغەكراوى نێودەوڵەتى دا بە حكومەتى عێراق بۆ سەركوتكردنى كورد

٥-لە كۆتايى ساڵانى هەشتاكانى سەدەى ڕابردوو و لەكاتى جەنگى عێراق – ئێران  ١٩٨٠- ١٩٨٨ يشدا كاتێك ڕژێمى عێراق دەستى دايە كوشتن و بڕينى كورد لە عێراقدا و بەكارهێنانى چەكى كيمياوى و وێرانكردنى هەزاران گوندو شارۆچكەو ئەنفالكردنى ١٨٢ هەزار كەس بە بەرچاوى هەموو دنياوە، ئەمريكيەكان هيچ كاردانەوەو هەڵوێستێكيان نەبوو، بگرە سەرۆك ڕيگن دژى هەوڵەكانى كۆنگريس وەستايەوە بۆ سزادانى ڕژێمى عێراق بە هۆى ئەوەى عێراق لە شەڕدا بوو دژى ئێران و ئەمەش لاوازى بوو بۆ ڕژێمى عێراق، لەم هەنگاوەدا زۆرێك لە ميدياكانى ئەوكات هاوكارى ڕيگن بوون بەوەى باسى ئەو كارەسات و جينۆسايدەى دەرهەق بەكورد كرابوو نەكرد و چاوپۆشيان لێكرد .

٦-لە ساڵى ١٩٩١ دواى گەردەلوولى بيابان كە ئەمريكا دەوڵەتى كوەيتى ڕزگار كرد لە دەستى ڕژێمى عێراق، سەرۆك جۆرج بۆشى باوك داواى لە عێراقيەكان كرد كە ڕاپەڕن و ڕژێمى سەدام بڕوخێنن، بەڵام دواتر كورد و شيعە ڕاپەڕين و ڕژێمى سەداميان لە ناوچەكانى خۆيان وەدەرنا، بەڵام بوش درۆى لەگەڵ كردن و جەنگەكەى وەستان و وتى ئێمە دەست وەرنادەينە كاروبارى ناوخۆى عێراق، ئەوەبوو كورد و شيعە بەرشاڵاوێكى دڕندانەى ڕژێم كەوتن و هەزاران كەس هاتنە كوشتن و زيندەبەچاڵكران و بەشێكى زۆرى گۆڕەبەكۆمەڵەكان كە دواتر دۆزرانەوە هى ئەوانەو ئەنفالەكانن كە كورد بوون. هەرچەندە دواتر بە هۆى كۆڕەوى مليۆنى گەلى كوردەوەو لە ژێر فشارى شەقامى ئەوروپاو پێشنيارى حكومەتى فەڕەنسا بڕيارى ژمارە ٦٨٨ ئەنجومەنى ئاسايش بۆ دامەزراندنى ناوچەى دژە فڕين و ئارام بۆ كورد درا .

٧-تێبينيەكى زۆر گرنگ و ورد لە سەر هەڵسوكەوتى  ديماگۆگيانەى ئەمريكا لەگەڵ كورد بە تايبەتى لە سەردەمى ئيدارەى كلينتۆن  ئەوە بوو كە تەماشاى كوردستانى باشووريان وەكو قوربانى دەستى ڕژێمى سەدام دەكرد و بە دۆست و خەباتگێڕو ئازديخواز ناويان دەبردن، بەڵام بە كوردستانى باكوور كە لە بن دەستەڵاتى توركياى هاوپەيمانياندا بوو بە تيرۆريست و جوداخواز و شەڕخواز ناوى دەبردن و تۆپ و بۆمباو چەكى پێشكەوتووى دەدا بە توركيا تاوەكو بيانكوژێت و گوندو شارەكانيان خاپور بكات .

 

دوا خيانەت و دوا خەنجەرى ژەهراوى ئەمريكا بە دەستى ترەمپ لە جەستەى شەكەتى كوردلە خۆرئاواى كوردستان

دواى ئەوەى لە ٦ ئۆكتوبەرى ئەمساڵدا ٢٠١٩ كۆشكى سپى ئەمريكا ڕايگەياند كە هێزەكانى لە باكورو خۆرهەڵاتى سوريا دەكشێنێتەوە، گومانى گەورە دروست بوو؛ دەبێت سەرۆك ترەمپ بۆ ئەم بڕيارەى دابێت لە بەرچى ؟

كوردستانى باشووريان بە قوربانى دەستى ڕژێمى سەدام دەزانی و كوردستانى باكووریان بە تيرۆريست و شەڕخواز ناوى دەبرد

بۆ ئەوەى ڕێ چۆڵ بكات بۆ توركيا بۆ ئەوەى ئۆپەراسيۆنەكەى بۆ سەر كوردەكان دەست پێ بكات كە چەندين مانگە خۆى بۆ ئامادە دەكات و هەڕەشەيان لێدەكات؟ يان لە بەرخاترى ڕوسيا و ئێرانە هەروەكو برێت مەكگۆرك نوێنەرى پێشووى ئەمريكا لە هاوپەيمانى نێودەوڵەتى دژى داعش لە تويتێكدا وتى ((ئەمە باشترين ديارييە لە سەرۆك ترەمپەوە بۆ ڕوسياو ئێران ))، يان ئەمە گەڕانەوەيە بۆ خووە كۆنەكەى ئەمريكا، كە خيانەتە لە كورد لە كاتە هەستيارو چارەنووسسازەكاندا.

ئەوەى ئەمجارە لەوەيە مايەى خۆشحاڵى بێت بۆ كوردەكان لە هەموو جيهاندا سەرەڕاى ئازارى برينەكەيان كە خوێنى لێدەچۆڕێت، ئەو كاردانەوە پۆزەتيف و جوانانەيە كە لە خودى ئەمريكاوە بەرامبەر بە هەڵوێستى سەرۆكەكەيان دەريان بڕيووە، چ لە سەر ئاستى شەقامى ئەمريكى چ لە سەر ئاستى هەردوو پارتى گەورەى ئەمريكا كۆمارى و ديموكراتى، چ لە سەر ئاستى ميدياكان بە تايبەتى ئەوانەى كە زۆر لە سەرۆك ترەمپيشەوە نزيكن، چ هونەرمەندەكان كەسايەتيەكان .

لەوانەش گرنگتر خۆپيشاندان و ناڕەزايەتى لە 43 وڵايەتى ئەمريكا دژ بەم هەنگاوە نامەردانەى ترەمپ لە گەڵ هاوپەيمانەكانى بە تايبەتى كورد، لە كاتێكدا كوردو شەڕڤانەكانى هەسەدە لە باكورى سوريا ئەفسانەى دەوڵەتى خەڵافەى ئيسڵاميان نابووت كردو پايتەختەكەى ئەو دەوڵەتە كە ڕەقە بوو ئازاد كرد، هەر ئەمريكيەكان لە سەر زارى جێگرى پێشووى سەرۆكى ئەمريكاوە وتى ئێوە لە جياتى هەموو مرۆڤايەتى شەڕى تيرۆر تان كرد.

جێگەى دڵخۆشيە بۆ كورد نووسەرى ناودار (جۆن شوارتز) كە ئەوەى ئەو ئاماژەى پێداوە كورد خۆى باسى نەكردووە ئەوەيە كە دەڵێت سىَ شت حەتمين و دەبێت ڕووبدەن و كەس ناتوانێت خۆى لىَ بشارێتەوە ئەوانيش ئەمانەن: مردن كە هەقەو هەموو كەس دەبێت بيبينێت و كۆتايى بە ژيانى بێت، دووەم باجى دەرامەت كە هەموو هاوڵاتيەك چۆن مافى هەيە ئەركيشى هەيە دەبێت باج بدات سىَ يەم كە زۆر گرنگە خيانەتى ئەمريكايە لە كورد.

هەموو جار كورد بە تەمایە لە لايەن ئەمريكاوە خەڵات بكرێت، بەڵام پێچەوانەكەى دەبينێ و بە تەنيا بە جێي دەهێڵن

جۆن شوارتز لە ديناميكەتى پەيوەندى ئەمريكاو كورد زياتر قووڵ دەبێتەوەو دەڵێت هەموو جار كوردەكان بە تەمان لە لايەن ئەمريكاو خەڵات بكرێن و تاج و ئەستێرە بدەن لە ناوچاويان و سەريان، بەڵام لە كۆتاييدا پێچەوانەكەى دەبينن لە كۆتاييدا پشتيان لێ دەكەن و بە تەنيا بە جێيان دەهێڵن.

شوارتز زياتر دەڕوات و دەڵێت ئەمريكا لەو چوار وڵاتەى كە كوردستانيان داگيركردووە لە هەركوێ پێويست بكات كوردەكان چەكدار دەكات و دژى وڵاتەكان بەكاريان دەهێنێت بەڵام دواتر بۆ چارەنووسى ڕەشى خۆيان دەستبەرداريان دەبێت.

لە كۆتاييدا هەرچەندە ترەمپ وتى من گڵۆپى سەوزم بۆ ئەردۆگان دانەگيرساندووە تا پەلامارى كوردەكان بدات و كوردەكان گەلێكى ديارن و جەنگاوەرى لێهاتوون دەستبەرداريان نابين، بەڵام توركياش هاوپەيمانمانە لە ناتۆ و هاوبەشى بازرگانى باشيشمان هەيە .

بەڵام ئەم قسانە پەرێزى ترەمپ پاك ناكاتەوە لەو خيانەتەى لە كورد كردى لە عێراقيش و لە سورياش لە دواى شەڕى تيرۆرو داعش.

کۆمێنتی خۆت بنووسە