تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

بەهرۆز شوجاعی: تا نەبی بە سەروەر ناتوانی هاوپەیمان دروست بکەیت

بەهرۆز شوجاعی مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە کاروباری ڕۆژئاوا
بەهرۆز شوجاعی مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە کاروباری ڕۆژئاوا
29 Oct
تەما / 29.10.2019

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە چەندین ئاستدا کاردانەوەی جۆراوجۆری بەرامبەر هاتە ئاراوە و بە شێوەیەکی گشتی وا خوێندرایەوە کە پشتتێکردن و خیانەتی ئەمریکایە لە شەڕوانانی ڕۆژئاوا کە هاوسەنگەریان بوون لە شەڕی دژ بە داعشدا. لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ بەڕێز بەهرۆز شوجاعی مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە کاروباری ڕۆژئاوا، هەوڵ دراوە ئەو خوێندنەوەیە و  پرسە پێوەندیدارەکان تاوتوێ بکرێن.

 

هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا و بێدەنگی ئەمریکا لە بەرامبەری، بە داگیرساندنی چرای سەوزی ئەمریکا بۆ تورکیا و خیانەتی ئەو وڵاتە لە کورد خوێندراویەوە. دیارە ئەوەیش بە ڕادەیەک چاوەڕواننەکراو بوو کە داچڵەکان و خەمێکی گەورەی لە ناو کورددا دروست کرد. واتای خیانەت لەم بابەتەدا چۆن خۆی دەردەخات؟

کاتێک ئێمە لەم بابەتەدا باسی خیانەت دەکەین، سەنگێکی ئەخلاقی پێ دەدەین، بەڵام سیاسەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نە بە پێی پێوەرە ئەخلاقییەکان بەڵکو بە پێی بنەماکانی ریال پۆلەتیک پەیڕەو دەکریت. دەبێ بزانین سیاسەتی ئەمریکا لە ئاست وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چۆن داڕێژراوە. لە ڕاستیدا پێشتریش و ئێستاش سیاسەتی ئەمریکا بە پێی مامەڵەکردن لەگەڵ قەوارەی سیاسی دەوڵەت-نەتەوەکانی سەروەر دارێژراوە، واتە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەوارە سیاسییەی کە هەیە و ئامادەیە و دەوڵەتی سەروەرە. بەمپێیەش کورد دێسکێکی تایبەتی نییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، چونکە قەوارەی سیاسی دانپێدانراو و دەوڵەتی سەروەری نییە. کەواتە کێشەی کورد لە هەر وڵاتێکدا لە چوارچێوەی پەیوەندیدار بەو وڵاتە دەبینن. وەکوو ئەوەی بەردەوام وتراوە؛ کوردی سوریا، کوردی عێراق یا کوردی تورکیا. ئەمە خاڵێکە کە پێویستە بەردەوام لە بەرچاوی بگرین. مێژووش ئەمەی بۆ سەلماندوین و بینیمان لە دوای شۆڕشی ئەیلول کە ئەمریکا پەیوەندی لەگەڵ کورد هەبوو، ئامانجی ئەوە بوو لە ڕێگەی کوردەوە دەوڵەتی عێراق لاواز بکات، بەڵام کاتێک دەوڵەتی عێراق خۆی لە ئەمریکا نزیک کردەوە و کۆمەڵێک ئیمتیازاتی پێدا و لەگەڵ شای ئێران ڕێککەوت، ئەمریکا پێویستی بە کورد نەما. هەر ئەو کاتیش هەندێک هەڵوێستی ئەخلاقی تەنانەت لە ناو ئیدارەی ئەمریکادا هاتنە ئاراوە، بەڵام دواجار بڕیاردەرانی ئەمریکا ڕاگرتنی پەیوەندییان لەگەڵ عێراق و ئێران پێ گرنگتر بوو تا لەگەڵ کورد، چونکە بنەمای سیاسەتی ئەوان، بە پێی بنەماکانی ریال پۆلەتیک، لەسەر قەوارەی دەوڵەتی سەروەردا داڕێژرابوو، بۆیە ئەنجامەکەشی ئەو کارەساتە بوو کە ١٩٧٥ بە سەر کورد هات.

سیاسەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نە بە پێی پێوەرە ئەخلاقییەکان بەڵکو بە پێی بنەماکانی ریال پۆلەتیک پەیڕەو دەکریت

بەڵام لە مەسەلەی ڕۆژئاودا جیاوازییەک هەیە کە پێویستە دوو فاکتەری بۆ لە پێشچاو بگرین. یەکەم، بپرسین بۆ بەو ڕادەیە دەنگدانەوەی هەبوو و بۆ ڕەهەندەکانی لە چاو ڕووداوەکانی ڕابردوو گەورەترن؟ لەڕاستیدا دۆناڵد ترەمپ وەکوو سەرۆک بە پێچەوانەی بیروبۆچوونەکانی وەزارەتی دەرەوە و پنتاگۆن و سی ئای ئەی، دەجوڵێت. ترەمپ لەو جۆرە کاراکتێرانەیە کە دەربڕی شەپۆلێکی نوێی پۆپۆلیزمە لە خۆراوا. ئەمە شەپۆلێکە کە لە لایەکەوە بەرهەڵستکارە و لە لایەکیشەوە گۆشەگیرە، جا هەم لە ئەورووپا هەیە هەم لە ئەمریکا پەرەی سەندووە. جگە لە چەند وڵاتێکی کۆنە سۆسیالیست وەکوو پۆڵۆنیا و هەنگاریا، لە ئەورووپا هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی دەسەڵات. یەکێکی تر لە پێناسەکانی ئەو پۆپۆلیزمە نەبوونی ئیتیکی سیاسییە و زۆربەشی پەیوەندی هەیە بە ئابووری و بەرژەوەندی تایبەتەوە. بۆ نموونە ترەمپ لە نزیکەی 200 کۆمپانیای تورکیدا پشکی هەیە. جگە لەوە دوو تاوەریشی لە ئیستەنبول هەیە. هەروەها خێزانەکەی سەرمایەگوزاری لە تورکیادا هەیە. ئەوانە دەتوانن هۆکاری کاریگەر بن لە پێدانی ئەو ئیمتیازانەی ترەمپ بە ئەردۆغانی دەدات.

دووەم، دەبێ بزانین ئەمریکا بە جۆرێک سەرمایەگوزاری لە سەر کورد کردبوو. بەو پێیەی کورد بە خۆڕاگرییەکەی لە بەرامبەر داعشدا گرنگی و بایەخێکی زۆری بۆ خۆی دروست کردبوو. من دڵنیام ئەگەر ئەم کارەساتەی ڕۆژئاوا لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠دا ڕووی بدایە بەمڕادەیە دەنگدانەوەی نەدەبوو. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئێمە لە دنیایەکی گلۆبالیزەدا دەژین و ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیا دەورێکی سەرسووڕهێنەریان هەیە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکاندا، کە بەو هۆیەوە دنیا زانی کورد دەوری گەورەی هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ئێستا ئەمریکا پشتی تێکردووە. ئەمە واتای خیانەت و پشتکردنی ئەمریکا لە کوردی لە ئاستی جیهاندا بەرجەستە کرد، دەنا "خیانەتی" ئەمریکا لە کورد بابەتێکی تازە نییە.   

 

با بگەڕێینەوە بۆ چۆنیەتی پەیوەندی نێوان کوردی ڕۆژئاوا و ئەمریکا. ئەو پەیوەندییە چۆن بوو کە ئەنجامەکەی گەیشت بەمەی ئێستا دەیبینین؟ هاوپەیمانی بوو؟ هاوکاری بوو؟ چ جۆر پەیوەندییەک بوو؟

ترەمپ لە نزیکەی 200 کۆمپانیای تورکیدا پشکی هەیە، جگە لەوە دوو تاوەریشی لە ئیستەنبول هەیە

پەیوەندییەکە، پەیوەندییەکی ستراتیژی درێژخایەن نەبوو. ئەگەر ئێمە ئایدۆلۆژیا لە پێشچاو بگرین، دەبینین هێزی باڵادەست لە ڕۆژئاوا کۆمۆنالیسمی سەر بە ئایدۆلۆژیای پەکەکەیە و ئەمریکا کاپیتالیستە، بەڵام دوژمنێکی هاوبەشیان بۆ دروست بوو. نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە سەرکردایەتی باشووری کوردستانیش دەوری کاریگەری لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ڕۆژئاوادا هەبوو. دیارە هەمووی لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەک بوو، ئەویش بەرەوڕووبوونەوەی داعش بوو. خاڵی هەرە گرنگیش لە دروستبوونی ئەو پەیوەندییە خۆڕاگری کۆبانێ بوو کە هێز و توانایەکی وای پێشان دا سەرکردایەتی باشوور بتوانێ لە سەر بنەمای ئەوە سەرنجی ئەمریکا بۆ سەرکردایەتی سیاسی ڕۆژئاوا ڕابکێشێت و تەنانەت ئەمریکا توانی ئەوەندە لەسەر سیاسەتی ڕۆژئاوا کاریگەر بێ کە هەسەدەی پێ دامەزرێنێ و تەنانەت لەو بەشەی سوریا کە کوردی تێدا نەبوو، ئەو هێزە سەربازییە بەکار بخات. واتە هێزە کوردییەکان تا کەنارەکانی چۆمی فورات لە ڕەققە و دەیرەزوور بڵاوە پێ بکات. بەڵام ئەگەر پەیوەندییەکە تاکتیکی نەبوو، بۆ چەکی قورس نەدرا بە یەپەگە و هەسەدە؟ بۆ تەنیا چەک و تەقەمەنی شەڕی سووک درا بە هەسەدە؟

 

لە بنەڕەتدا کورد چۆن دەتوانێ هاوپەیمانییەکی سەرکەوتوو لەگەڵ ئەمریکا پێک بێنێت؟ واتە بە جۆرێک کە سوودی خوازراوی لێ ببینێ؟

لەڕاستیدا کوردی ڕۆژئاوا دەبێ لە بابەتێکدا خۆی یەکلایی بکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا ئەوان ئۆپۆزیسیۆنی تورکیان یا ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی سوریا؟ ئەوان سەربەخۆن یا سەر بە پەکەکەن. کە تۆ سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بوویت کەواتە بەرامبەرەکەت دەوڵەتی تورکیایە نەک حکومەتی سوریا، ئەمەش لە لایەن تورکیاوە قبوڵنەکراوە کە بە هەموو شێوەیەک دژی کیانی کوردییە، تەنانەت ئەگەر لە ئەرجەنتینیش بێت، بۆیە ئەمە بابەتێکی جەوهەرییە لە مەسەلەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کوردی ڕۆژئاوادا.

خاڵی هەرە گرنگ لە دروستبوونی پەیوەندیی ڕۆژئاوا و ئەمریکا خۆڕاگری کۆبانێ بوو کە سەرنجی ئەمریکای بۆ سەرکردایەتی ڕۆژئاوا ڕاکێشا

لە خودی تورکیادا پاش ٢٠١٥ وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە ڕەوتی سیاسی ئەردۆغان و ئاکەپەدا ڕووی داوە؛ ئەردۆغان جاران بە دەنگی کوردی باوەڕمەند زۆرینەی پەرلەمانی تورکیای مسۆگەر دەکرد، پاش ڕووداوی کۆبانێ ئەو دەنگەی لەدەست دا و ئەمجارە ڕووی کردە دەنگە ناسیۆنالیستەکانی تورک و بە وێژمانێکی شۆڤێنی-تورکی ڕەوتێکی نوێی سیاسی لە تورکیادا هاتە ئارا. وێژمانێک کە بەرامبەرەکەی پێش هەموو لایەک کورد بوو، بۆیە بۆ ئەردۆغان ئایدیۆلۆژیای ئاپۆچی پەیەدە/یەپەگە، هەلێکی زۆر گونجاو بوو بۆ سیاسەتی شۆڤێنیستییەکەی. کەواتە دایکۆتۆمی ئایدیۆلۆژیکی پەیەدە/یەپەگە، دەوری مەقەستی بۆ خەلکی و خاکی ڕۆژئاوا هەبوو.

لە لایەکی دیکەوە پێویستە لە ڕۆژئاوا فرەدەنگییەکی سیاسی هەبێ، هەر بۆ کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا خۆشی وا باشە. لە وەها حاڵێکدا تورکیا بیانوی هێرشکردنی بۆ سەر ڕۆژئاوا لاواز دەبێ و کوردی ڕۆژئاوا بە جۆرێکی دیکە دەچێتە ناو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا یا هەر زلهێزێکی دیکە، کە ڕەنگە ئەو کات تیایدا دەستکەوتی زیاتر بێ و سەرکەوتنەکان بە شێوەیەکی دیکە بن.     

 

لە مێژە دەوترێ سیاسەتی ئەمریکا خام و پێشبینینەکراوە، کاتێک ئەمە دەوترێ ئایا نابێ تێگەیشتنێک و ئانتی تێزێک بەرامبەری هەبێت، یا تۆ خۆئامادەکردنێکت بۆی هەبێ کە نەبیت بە قوربانی؟

کوردانی ڕۆژئاوا خۆیان ئامادە بکردایە یا نەکردایە، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانیشیان هەبوایە، ئەو ڕووداوە هەر دەقەوما. لەڕاستیدا کێشە لەوەدا نییە کە ئەمریکا یارمەتیت نادات. کێشە لەوەدایە کە تۆ خۆت چۆن پێناسە دەکەیت و چ ڕیگاچارەیەک دەدۆزیتەوە تووشی ئەو شەڕە نابەرابەرە نەبی یا خۆتی تیا بپارێزی. من پێموایە کورد هەر بە شێوەیەکی هەلپەرستانە کار دەکات. ڕاستە تۆ دەتوانی هەلومەرج بەکار بێنی، بەڵام بنەماکە ئەوەیە کە بتوانی مەعریفە بخولقێنی کە لە سەر بنەمای ئەو مەعریفەیە هەندێک ئامانجی ستراتیژی و سیاسەتێکی پرۆئەکتیڤ دەستەبەر بکەیت. ئەگەر ئەوە نەکەیت و بە پێی هەلومەرج دروست بی، ئەوا لە کۆتاییدا ناتوانی بەرگری لە خۆت بکەیت. هەتا کورد خۆی وەک بەشێک لەو وڵاتانە پێناسە بکات، هەر دەبێتەوە کێشەی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە. کورد ئەو کاتە دەتوانێ ڕەوایەتی نێودەوڵەتی پەیدا بکات کە خۆی وەکوو داگیرکراو و کۆلۆنیزەکراو پێناسە بکات. دەنا ئەگەر باسی دابەشکردنی سەروەری لەو وڵاتانە و دانپێدانان و ڕێزگرتنی مافە مرۆییەکانیان بکەن، هەر دەبنە "کێشەی ناوخۆیی" ئەو وڵاتانە. بەڵام ئەگەر خودی سەروەری ئەو وڵاتانە بخەنە ژێر پرسیار، ئەو کاتە هاوکێشکەو بۆچوونەکان دەگۆردرێن. وەکوو دارفووری لێ دێت، وەکوو تیمووری ڕۆژهەڵاتی لێ دێ، وەکوو کۆسۆڤۆی لێ دێت. لە حالەتی وادا بە هێزێکی بچووکیش دەتوانێ بەرپەرچی داگیرکەر بداتەوە، بەو مەرجە مەعریفەی نیشتمانی و شەڕیشی هەبێ.

   ئایدیۆلۆژیای ئاپۆچی پەیەدە/یەپەگە، هەلێکی زۆر گونجاو بوو بۆ سیاسەتی شۆڤێنیستییەکەی ئەردۆغان

من شەڕی سۆڤیەت لە دژی فینلاند بە نموونە دەهێنمەوە. سۆڤیەت یەک ملیۆن و پێنسەد هەزار سەربازی خۆی ناردە سەر فینلاند، بەڵام فینلاند نەک هەر بەرگری کرد، سوپاکەی سۆڤیەتیشی تووشی شکست کرد و دەریکردن. هەر ئەو سۆڤیەتەی ئەڵمانیای ڕووخاند. چونکە فینلاندییەکان مەعریفەی نیشتمانییان هەبوو. کە سوپای سوریا هاتەوە چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوا، ئێمە بینیمان خەڵک کەیفخۆش بوون، ئەمەیش پێمان دەڵێ مەعریفەی نیشتمانی لە ناو کورددا دروست نەبووە. تا ئەو مەعریفەیەش دروست نەبێ تۆ ناتوانی سیاسەتی پرۆئەکتیڤت هەبێ و ڕێگەچارەی دروست بدۆزیتەوە. بۆیە هەر شکستەکانت دەخەیتە ئەستۆی لایەنی دیکە. لایەنی دیکەش بە پێی بەرژەوەندی کورتخایەن و درێژخایەن هاوپەیمانی دەکات، کەواتە هەر وەک بەشێک لە کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانە لە ئاست مافی مرۆڤ و مافی کەمینەدا پێناسە دەکرێیت.

 

ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا و کاریگەرییە سامناکەکەی، بە ڕادەیەک مێژووی سیاسەتەکانی بەرامبەر کورد زیندوو کردووەتەوە کە باس لە ۸ جار خیانەتی ئەمریکا لە ئاست کورد دەکرێت، ئایا لە سەر بنەمای ئەمە ناکرێت کاردانەوەیەکی نێودەوڵەتی کاریگەر بەرامبەر ئەمریکا رێکبخرێت؟

لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان شارەزای تایبەتی خۆیان هەبوو کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان زۆر باش دەناسی. لە ڕاستیدا ئێستا ئەو شارەزاییە لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە. دەمەوێ بڵێم شارەزاییەکەیان هەر هەمان شارەزایی پێش شەڕی جیهانی دووەمە و هەر لە سەر بنەمای ئەوە مامەڵە دەکەن. لە لایەکی دیکەوە ڕاکێشانی سۆزی وڵاتان لە ڕێگای دروستکردنی ڕای گشتییەوە دەکرێت، بەڵام ئەوە بەس نییە، لایەنێکی تریش دەبێ یارمەتیدەر بێت، ئەویش ناوەندی بریارە لەو وڵاتانەدا. دەزانین کە یەکێک لە ڕێکخراوترین دیاسپۆراکان لە جیهاندا، دیاسپۆرای کوردە، بەڵام ئایا ئەم دیاسپۆرایە توانای لۆبیکردنی هەیە بە جۆرێک کە خۆی بگەیەنێتە ناوەندەکانی بڕیاری وڵاتان؟ یا لە بنەڕەتدا ئەو مەعریفەیەی هەیە و ئەو شارەزاییەی هەیە کە بتوانێ لە سەر ڕای ناوەندەکانی بریار کاریگەر بێت؟ ئێستا کە ڕای گشتی ئەورووپا و ئەمریکا هۆگرییەکی باشیان بۆ مەسەلەی کورد هەیە و ڕۆژنامەیەکی هەرە موحافزکاری وەکوو ئێکۆنۆمیست باسی کورد  بە ئەرێنی دەکات، فۆرین پۆڵێسی ٣ وتاری لە سەر کورد بڵاو کردووەتەوە و ئێندیپێندێنت و واشنتن پۆست و زۆری دیکە لە سەر کوردیان نووسیوە، ئایا کاریگەری هەبووە لە سەر واقیعەکە؟ نا، چۆنکە ئەوانە ناوەندی بڕیار نین. کاریگەری ڕای گشتی لەسەر ناوەندی بڕیار زۆر کەمە، چونکە چالاکیی دیاسپۆراکە و لۆبیکردن و دیپلۆماسی هاوتەریب نین پێکەوە. واتە لۆبیکردن و کارتێکردن لە سەر ڕای ناوەندی بڕیاردا یا لەبەر نەبوونی نوخبە بووە، یانیش ئەوەی کە هەتە لاوازە، هەروەها بە تەواوی بۆ ناوەندەکانی بڕیار زۆر جار دیار نییە کورد چی دەوێ. کاتێک دەتوانین لەگەڵ دەوڵەتانی خۆرئاوا هاوپەیمانیی ستراتیژیک دروست بکەین کە یەکەم؛ دەبێ بۆمان ڕوون بێ ئێمە وەکوو کورد لە ئاست سەروەریدا چیمان دەوێ. دووەم؛ توانای کاریگەربوون لە سەر ناوەندی بریارمان هەبێ. سێیەم؛ وێژمانێکی یەکگرتوو لەسەر پێناسەکردنی ئەو سەروەرییە سیاسییەمان هەبێ کە ئەو لایەنانە بە جدییمان وەربگرن.  

کوردانی ڕۆژئاوا خۆیان ئامادە بکردایە یا نەکردایە، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانیشیان هەبوایە، ئەو ڕووداوە هەر دەقەوما

 

لە کۆتاییدا پێویستە کورد چۆن پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا ڕێک بخات تا لە سەر ڕەوتێکی دروست بەردەوام بێ؟

من لێرەدا دەکەومەوە بیری شانۆنامەیەکی بەناوبانگی (بیرتۆلت برێخت) بە ناونیشانی (لە چاوەڕوانی گۆدۆدا). ئەگەر ڕێکخستنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەوە دەوێت کە بێت و ڕزگارمان بکات و ئەمریکا بۆ ئێمە (گۆدۆ)یە، با من ئەوە بڵێم کە (گۆدۆ) نایەت. ئێمە دەبێ خۆمان خۆمان دروست بکەین بە جۆرێک کە دەوڵەتان پێیان بە قازانج و بە سوود بێ لەگەڵمان هاوکار بن و بۆیان گرنگ بین. کە ئێمە نەبینە ئاکتۆرێکی خاوەن سەروەری، چۆن دەتوانین بەرژوەندی دەوڵەتە زلهێزەکان دابین بکەین؟ ڕێڤەبەری خۆسەر لە ڕۆژئاوا هەتا هەتایە ناتوانێ لە ناو دەوڵەتی سەروەری سوریادا پەیوەندییەکی جیا لە سیاسەتی دەوڵەتی سوریا پەیڕەو بکات و لەگەڵ دوژمنی سوریا، واتە ئەمریکا پەیوەندیی درێژخایەنی هەبێ. سوریا دەوڵەتێکی سەروەرە، ئێستا لە قەیرانی سەروەریی و لە بۆشایی سەروەرییدایە لە سەر خاکەکەی. کە ڕۆژئاوا دەتوانێ لەگەل ئەمریکا پەیوەندی ئەوتۆی هەبێ، ئەمە هەتا هەتایە ناتوانێ بەردەوام بێت، بۆیە زوو یا درەنگ کۆتایی پێ دێت، بەڵام ئەگەر پێکهاتەیەکی سەوەروەر بین یان ویستی سەروەرییمان هەبێ لەسەر ئەو خاکە و مسۆگەری بکەین بۆ ئەمریکا یان هەر لایەنێکی تر، ئەو کاتە بە شێوەیەکی دیکە هەلسوکەوتمان لەگەڵ دەکرێت. لەسەر بنەمای سەروەریی خۆمان هەرکات بەرژەوەندییان دابین بکەین ئەو کات دەبنە هاوپەیمانمان. ڕاستە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاڵاهەڵگری سێکیولاریزم و دیموکراسی و پێکەوە ژیانە و لە بەرامبەر توندوتیژی ئایینیدا وەستاوە، بەڵام ئەمە بەس نییە. پێویستە ببی بە دەسەڵات و ببی بە سەروەر، چونکە لەو کاتەدا دەتوانی بەرژەوەندی هاوبەش دروست بکەی و هاوپەیمان بۆ خۆت دروست بکەیت.

کۆمێنتی خۆت بنووسە