تەما، میدیای ڕاستی و شیكاری

بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات لە حزبەکانی هەرێمی کوردستاندا

هێمایەک لە زاڵکردنی کورسی بنەماڵە بە سەر حزبدا
هێمایەک لە زاڵکردنی کورسی بنەماڵە بە سەر حزبدا
02 Oct
تەما / 02.10.2019

حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی شێواودا دەبینرێن، بارودۆخێک کە لە ناو خۆیاندا تووشی کێشە و گیر و گرفتی زۆری کردوون و بە ئاقارێکی بردوون کە پرسیاری گەورەیان لە سەر دروست بێت. بەشێکی بەرچاوی ئەو حزبانە لە بەردەم گٶڕانی گەورەی نەخوازراودا دەبینرێن، بە جۆرێک کە جەخت دەکرێت بە پێچەوانەی ئارمان و ئامانجی سیاسییان ڕوویان لە بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات کردووە. ئەو گۆڕانە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی دەگەڕێنرێتەوە و لە ئەگەری بەردەوامبوونی پێشبینی داهاتوویەکی ڕوونی بۆ ناکرێت.

 

حزبەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕێڕەوی بە بنەماڵە بووندا

بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات لە بەشێکی بەرچاوی حزبەکانی هەرێمی کوردستاندا، بە هۆکارێکی سەرەکی سەرهەڵدانی ناکۆکی و هاتنە ئارای دووبەرەکی و جیابوونەوە لەو حزبانەدا دەزانرێت. جگە لە پارتی دیموکراتی

حزبەکان تووشی کۆمەڵێک گیر و گرفت و ناکۆکی بوون کە سەرچاوەیان بۆ هەنگاوەکانی بە بنەماڵەکردنی حزب دەگەڕێنرێتەوە 

کوردستان کە هەر لە کۆنەوە بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات تیایدا وەک نەریتێک هەبووە و بەردەوامە، حزبەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆڕان و نەوەی نوێ، تووشی کۆمەڵێک گیر و گرفت و ناکۆکی بوون کە بە زۆری سەرچاوەیان بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵاتی حزب دەگەڕێنرێتەوە لە لایەن کەسە سەرەکییەکانی خێزانی دەسەڵاتدار لە ناو حزبدا.

هەروەها بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی و حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، بە هۆی دۆخێک کە بە سەریاندا زاڵە لە بەردەم ئەگەری چوون بەرەو بە بنەماڵەکردنی دەسەڵاتدا دەبینرێن.

تابڵؤی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی

لە یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا، بە چەندین ساڵ پێش کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سکرتێری حزب، هەوڵ و هەنگاوەکانی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی خێزانی بەو ئاراستەیە لێکدراونەوە کە بە شێوەیەکی ورد و پلان بۆ داڕێژراو کاری بۆ بە بنەماڵەکردنی دەسەڵاتی حزب کردووە، بە جۆرێک کە لە دوای تاڵەبانی باوک، تاڵەبانی کوڕ دەسەڵاتی حزب لە دەست بگرێت. بێدەنگبوونی تاڵەبانی باوکیش لەو هەوڵ و هەنگاوانە، بە پشتگیری ناڕاستەوخۆی لە پرۆسەی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات لە حزبەکەیدا لێکدراوەتەوە.

هەوڵەکانی بە بنەماڵەکردن دوای کۆچی تاڵەبانی باوک و تا ئەم قۆناغە، تەکان و شەکانی گەورەیان بە یەکێتی داوە

جەخت دەکرێت کە ئەو هەوڵ و هەنگاوانە، دوای کۆچی تاڵەبانی باوک و تا ئەم قۆناغە، تەکان و شەکانی گەورەیان بە یەکێتی داوە و گەیاندوویانەتە ئاستێک کە بەشێکی بەرچاوی بڕیارەکانی حزب بکەوێتە دەست کوڕ و برازاکانی جەلال تاڵەبانی و خێزانە باڵادەستەکانی ناو حزب، نەک لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزبەکەدا بن.

لەگەڵ ئەوەیش کار و کرداری بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو حزبە وا خوێندراوەتەوە کە ڕێگە خۆش دەکەن بۆ سەرخستنی کوڕەکانیان بەرەو ئاستە باڵاکانی حزب، ئەوەیش جۆرە ململانێیەکی لە نێوان کەس و خێزانە باڵادەستەکانی یەکێتیدا هێناوەتە ئارا و وایکردووە بڕیاردان لە بارەی پرسە گرنگەکانی پێوەندیدار بە چارەنووسی حزب زۆر قورس بێ و گرێدراوی بەرژەوەندی خێزانە باڵادەستەکانی ناو حزب بێت نەک بەرژەوەندی گشتی حزب، بە جۆرێک کە وەک دەوترێ یەکێتی تووشی زۆر کێشە و قەیرانی گەورە و بچووک کردووە و هێشتا گیرۆدەیانە و دەست و پەنجەیان لەگەڵ دەشکێنێتەوە.

ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان

لە بزووتنەوەی گۆڕاندا کە لە سەرەتای دامەزرانییەوە بەوە ناسرابوو بە توندی دژی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵاتە لە هەموو ئاستێکدا، پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە، کۆمەڵێک ناکۆکی و ناڕەزایەتی دەرکەوتن کە لە کۆتاییدا هۆکاریان گەڕێندراوەتەوە بۆ دەستوەردانی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لە کاروبارەکانی حزبدا و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و داراییەکانی حزب. هەروەها گواستنەوەی خاوەندارێتی کۆمپانیای وشە بۆ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا پێش کۆچی دوایی خۆی و وەسییەتکردنی بە ناشتنی تەرمەکەی لە ناو گردی زەرگەتەی مەکۆی سەرەکی گۆڕان، بە ئاماژە سەرەتاییەکانی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات لە بزووتنەوەکەدا دەژمێردرێن.

گۆڕان بەوە تۆمەتبارە کە بە دەنگدانی بە بارزانییەکی دیکە بۆ سەرۆکی حکومەت هۆکاری چەسپاندنی سیستەمی بنەماڵەیی بووە لە فەرمانڕەوایی هەرێمدا

ئەو بارودۆخە، لە لایەن ژمارەیەکی بەرچاو لە ناڕازییانی ناو بزووتنەوەکە بە هۆکاری دوورکەوتنەوەیان لە کاری فەرمی بزووتنەوەکە ڕاگەیەنراوە و تا ئاستێک ڕۆیشتووە کە لە هەڵبژاردندا بایکۆتی بزووتنەوەکە بکەن و دەنگ بە کاندیدەکانی نەدەن، هەروەها بەوە تۆمەتباری بکەن کە لە پێناو گەیشتن بە پارە و دەسەڵات لە ڕێبازی ڕاستەقینەی نەوشیروان مستەفای دامەزرێنەر لای داوە.

ئەو ناڕەزایەتییانەی ناو گۆڕان کێشەی گەورەی بۆ بزووتنەوەکە دروست کردووە، بە ڕادەیەک کە چاوەڕوانی ئینشیقاق و دروستبوونی حزب یا خود بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی دیکەی لێ بکرێت. کە دیارە ئەوەیش بزووتنەوەکە دەخاتە ناو قۆناغێکی زۆر دژوار و مەترسیدار لە ژیانی سیاسی خۆیدا.

سەرباری ئەوانەیش بەمدواییە و لە پرۆسەی دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی هەرێم لە پەرلەماندا، گۆڕان لە لایەن ناڕازییە ناوخۆییەکانییەوە بەوە تۆمەتبار کراوە کە وەک بەشداربووی سەرەکی لەو دەنگدانە و ڕازیبوونی بە پێدانی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم بە بارزانییەکی دیکە (مەسروور بارزانی)، هۆکارێکی گاریگەر بووە لە چەسپاندنی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات نەک هەر لە حزبدا بگرە لە سیستەمی فەرمانڕەوایی هەرێمیشدا.

بارەگای سەرەکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی

لە جووڵانەوەی نەوەی نوێیشدا، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە بە ناوی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڵاو کراوە. نیگەرانی خرایە ڕوو لەوەی کە " نەوەی نوێ لە جووڵانەوەیەکی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێکی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، کە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراون و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەکە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵ کراوە، ئیتر جیاکردنەوەیان سەخت بێت."

ناڕازییانی ناو نەوەی نوێ لە ڕاگەیاندنەکەیاندا بە ئاشکرا جیاوازی دیدی خۆیان لە خێزانی باڵادەستی ناو جووڵانەوەکە ڕاگەیاند و پێداگرییان کرد لەوەیکە:" ڕێگە نادەن نەوەی نوێ لە بێدەنگیدا بکرێتە بازنەیەکیتری شکستی سیاسەت و ئامرازی خولیا و بەرژەوەندی تایبەتی."

هەنگاوەکانی بە بنەماڵەکردن لە جووڵانەوەی نەوەی نوێدا سەرۆکەکەی تووشی گرفتی گەورە کرد و مەترسی ئینشقاقی گەورەی لێ دوور نییە

ئەو ڕاگەیاندنە و ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی هاوشێوەی لە ناو جووڵانەوەی نەوەی نوێدا، هەڕەشەکردن لە ناڕازییان و تۆمەتبارکردن و ترساندنیان بە ناوزڕاندنی بە دوادا هات. کە ئەوە سەری کێشا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی زیاتر لە ڕێگەی بەستنی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی لە لایەن ناڕازییانەوە. لە کۆتاییشدا گەیشت بە دەنگهەڵبڕینی فراوان بەرامبەر ئەو هەڵمەتی ناوزڕاندنانەی لە ڕێگەی لاپەڕە ساختەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی سەر بە شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکی جووڵانەوەکە بەرامبەر کۆمەڵێک لە کەسایەتی و ڕۆژنامە نووسان کرابوون. ئەنجامی ئەوەیش دەستگیرکردنی شاسوار و دادگاییکردنی بوو.

بە جۆرە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ هەوڵ و هەنگاوی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات لە جووڵانەوەی نەوەی نوێدا سەرۆکەکەی تووشی کێشە و گرفتی گەورە کرد و ناڕازییانی ناو جووڵانەوەکە هێشتا مکوڕن لە ڕاستەڕێکردنەوەی و چاوەڕوان ناکرێت ئەوەیش بێ کێشە و گرفتی دیکە بێ و سەرۆک و خێزانی دەسەڵاتدار لە حزبدا مەترسی ئینشقاق و دابڕانیان لێ بە دوور بێت.

سێ سەرکردەی دیاری حزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان

لە حزبەکانی یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستانیشدا بە پێی ئاماژەگەلێکی سەرەتایی ئەگەر و دەرفەتەکانی چوون بەرەو بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات وەک بابەتی مایەی نیگەرانی باس دەکرێن.

لە حزبە ئیسلامیەکانیشدا ئاماژەی سەرەتایی و ئەگەر و دەرفەتەکانی چوون بەرەو بە بنەماڵەکردنی حزب مایەی نیگەرانین

 هەروەها هەڵوەرینی کادر و ئەندامان لە پەیکەری ڕێکخراوەیی کۆمەڵی ئیسلامی، دوورکەوتنەوەی کادر و ئەندامانی یەکگرتووی ئیسلامی و چوونیان بۆ ناو بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی نیشتمانی و کەمبوونەوەی ئینتمای خێزانە دامەزرێنەرەکانی یەکگرتوو بە هۆی گرنگیپێنەدانیان و، مانەوەی حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە بازنەیەکی بەرتەسک و چەقبەستوودا و نەهاتنە ئارای هیچ گۆڕانکارییەک تیایدا، سەرچاوەیان بۆ دەستاودەستنەکردنی دەسەڵات و تاک سەرۆکی لە حزبدا دەگەڕێنرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت درەنگ یا زوو قەیرانی گەورەیان لێ بکەوێتەوە و لە کۆتاییدا مەترسی چوون بەرەو سیستەمی بنەماڵەییان لێ بکرێت.

سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

لە پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات وەک نەریتێکی کۆنی ئەو حزبە بەردەوامە و بە دەرکەوتنی کوڕانی نێچیرڤان و مەسروور بارزانی، واتە ئیدریس بارزانی کوڕی نێچیرڤان و ئارین بارزانی کوڕی مەسروور بارزانی لە بۆنە و ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکاندا، بە شێوەیەک کە لە پێگەی بەرز و تایبەتدا دادەنرێن و پێش وەزیر و بەرپرسانی باڵا دەخرێن، باس لە ئامادەکردنی نەوەی چوارەمی بارزانییەکان بۆ شوێنگرتنەوەی باوانیان دەکرێت.

لە پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا بە بنەماڵەکردنی حزب وەک نەریتێکی کۆن بەردەوامە و باس لە ئامادەکردنی نەوەی چوارەمی بارزانییەکان بۆ شوێنگرتنەوەی باوانیان دەکرێت

ئەو دوو نەوەیەی بارزانییەکان (ئیدریس و ئارین) وەک هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان پێداوە پرۆسەی ئامادەکردنیان بۆ شوێنگرتنەوەی باوانیان، بە دامەزراندنی دەزگا و ڕێکخراو بۆیان دەستی پێ کردووە و کار بۆ ئەوە دەکرێت ئارین بە خاوەنی دەزگای خێرخوازی بارزانی بناسرێت و ئیدریس وەک خاوەنی دەزگای خێرخوازی ڕوانگە پەرە بە دەور و کەسایەتی بدرێت. لەگەڵ ئەوەی لە چەندین پرۆژەی سیاسی و ئابووری دیکە بەشدارییان پێ دەکرێت.

وەک دیارە ململانێی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات لە ناو پارتیدا وەک نەریتێکی کۆن ڕابردووی دووری هەیە و لە قۆناغی ئێستادا لە نێوان مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانیدا، خۆی لە زیادکردنی دەسەڵات و دەست و پێوەند، دامەزراندنی کۆمپانیا، دەزگای ڕاگەیاندن، دامەزراوە و ڕێکخراوی جۆراوجۆر و ئامادەکردنی نەوەکاندا دەبینێتەوە، هەرچەند ئەو ململانێیە وا دەرنەکەوتووە کێشە و قەیرانی گەورەی بۆ بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دروست کردبێت. ئاماژەیەکی ئەوتۆیش بەدی ناکرێت کە ئایا ڕەوتەکە بە هەمانشیوە بەردەوام دەبێ یا خود لە کات و ساتێکدا دەگٶڕێت بۆ بەریەککەوتنی توند و سەرهەڵدانی قەیرانی گەورە لە حزب و بنەماڵەدا، بەڵام ئەوەی ڕوونە ململانێ بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی میراتی بە شێوازێکی بەهێزتر و خێراتر لەو بنەماڵە و حزبەدا بەردەوامە.

ئیدریس و ئارین بارزانی نەوەی چوارەمی بارزانییەکان

هۆکارەکانی بە میراتکردنی دەسەڵات لە حزبەکانی هەرێمی کوردستاندا

ڕەنگە بۆ حزبێک کە هەر لە سەرەتاوە بڕوای بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی هەبووە و پێیوابووە سەرۆکایەتی تەنیا بە بنەماڵەیەکی تایبەت دەکرێت (سیستەمی پادشایی) و بە هۆی تایبەتمەندبوونی ئەو بنەماڵەیە دەبێ سەرۆکایەتی لە قۆرخی خۆیاندا بێت، پرسیار کردن لە هۆکارەکانی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات گرنگییەکی ئەوتۆی نەبێت. بەڵام بۆ حزب یا حزبانێک کە ئارمانی سیاسییان بە پێچەوانە و دژ بە سیستەمی بنەماڵەیی ڕاگەیاندووە، پرسیارکردن لە هۆکاری ئەو وەرچەرخانە گەورەیە پێویستییەکی فیکری - سیاسی – مێژووییە.

بۆچوونێکی گشتی لە ئارایە بەوەیکە خێزانی دەسەڵاتداری ناو حزبەکان پارتی دیموکراتیان بە مۆدێلی سەرکەوتووی حزبایەتی وەرگرتووە و ژێربەژێر هەوڵ بۆ بە بنەماڵەکردن حزبەکەیان دەدەن

جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، حزبەکانی دیکەی هەرێم بە تایبەت ئەوانەی بەرەو بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات چوون، پێشتر لە کار و بەرنامە و ئاراستەیاندا نەک هەر بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات نەبووە بگرە زۆر بە توندی دژی وەستاونەوە و جیاوازی و تایبەتمەندی خۆیان لەوەدا زەق کردووەتەوە کە خەباتیان بۆ دیموکراتیزە کردن و پێشکەوتووکردنی سیستەمی سیاسییە و گوتاری زاڵیان بەردەوام بریتی بووە لەوەی پارتی حزبی بنەماڵە و دواکەوتوو و نەخوێنەوارە و بە پێچەوانەوە خۆیان پێشکەوتوو و خوێنەوار و دیموکراتخواز و حزبی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگان.

ئەم گوتارە سەرباری جیاوازی بیرکردنەوە و ئارمان و بەرنامەیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، کەم و زۆر لە حزبە ئیسلامییەکانی هەرێمیشدا زەق بووە و لانیکەم بە شێوەی زارەکی وەک پێڕەوکەری سیستەمی شوورا خۆیان لە حزبی بنەماڵە جیا کردووەتەوە.

کەواتە دەبێ پرسیار بکرێت ئایا چ گۆڕانێک هاتووەتە ئارا کە بەو ڕادەیە وەرچەرخانی لە ئاراستەی حزبەکاندا دروست کردووە؟

سەرۆک و چەند ئەندامێکی باڵای نەوەی نوێ

بۆچوونێکی گشتی لە ئارایە بەوەیکە خێزانی دەسەڵاتداری ناو حزبەکانی دیکە لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا پارتی دیموکراتیان بە مۆدێلی سەرکەوتوو وەرگرتووە و، ئەزموونی چەندین ساڵەیان لە کاری سیاسی گەیاندوونی بەو قەناعەتەی پارتی دیموکرات لە ڕێگەی شێوازی سیاسەتکردنەکەی (سیستەمی بنەماڵەیی) توانیویەتی ببێتە هێزی یەکەم لە هەرێمدا و زۆرینەی جومگەکانی دەسەڵات لە دەست بگرێت. بۆیە بە شێوەیەکی ڕانەگەیەنراو و ژێربەژێرکارانە لە ناو حزبەکانیاندا هەوڵ و هەنگاوەکان بە ئاراستەی بە بنەماڵەییکردن ڕێکدەخەن و بەرەو پێشیان دەبەن.

لاوازبوونی حزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و بەهێزبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆمەڵێک هۆکاری دیکە دەگەڕێنرێتەوە نەک ئەوەی سەرچاوەیان لە بە بنەماڵەکردنی دەسەڵاتدا بێ

لە بەرامبەر ئەوەدا بۆچوونێکی پێچەوانە لە ئارادایە کە لاوازبوونی حزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و بەهێزبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆمەڵێک هۆکاری دیکە دەگەڕێنێتەوە نەک ئەوەی سەرچاوەیان لە بە بنەماڵەکردنی دەسەڵاتدا بێ. گرنگترینی ئەو هۆکارانە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە چوونی جەلال تاڵەبانی سکرتێری حزب بۆ بەغدا و دوورکەوتنەوەی لە کاروباری حزبەکەی خۆی و سەرقاڵبوونی بە کاروباری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دادەنرێت، هەروەها زۆرترین تەنازولاتی بۆ پارتی لە پێناو گەیشتنی بەو پۆستە و جودابوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کادر و ئەندامانی باڵای و خۆڕێکخستنەوەیان لە بزووتنەوەی گۆڕاندا و، پاشانیش نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی تاڵەبانی باوک کە لە ئەنجامیاندا دەرفەت بۆ گەرا دانانی دەسەڵاتخوازی کوڕەکان و خێزانە باڵا دەستەکان و دەستوەردانی دەرەکی ڕەخساوە و لە کۆتاییدا یەکێتی بەرەو حزبی بنەماڵە بردووە.

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی

بۆ بزووتنەوەی گۆڕانیش، بێئومێدبوونی نەوشیروان مستەفای ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە لە ناچارکردنی پارتی و یەکێتی بە گۆڕانکاری، هەروەها نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی، بە هۆکارەکانی هاتنە ئارای ناکۆکی لە ناو بزووتنەوەکدا و بە لاڕێداچوون و لاوازبوونی زانراون. هەر ئەو هۆکارانە بە ڕێخۆشکەر بۆ دەسەڵاتخوازی کوڕەکانی و هاتنە پێشەوەی کەسانی هەلپەرەست دەبینرێن کە بارودۆخەکەیان وەک هەلێک بۆ چوون بەرەو بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات لە حزبدا قۆستبێتەوە.

چوونی جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا و دوورکەوتنەوەی لە حزبەکەی، جودابوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کادر و ئەندامانی باڵای یەکێتی و خۆڕێکخستنەوەیان لە بزووتنەوەی گۆڕاندا، نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی تاڵەبانی باوک بە هۆکارە سەرەکییەکانی چوونی یەکێتی بەرەو حزبی بنەماڵە دادەنرێن

بەڵام بۆ جووڵانەوەی تازە دامەزراوی نەوەی نوێ کە هەر لە سەرەتاوە خۆی بە پێشەنگی دیموکراسی و نوێخوازی داناوە و لایەنی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی بە لادەر و سازشکار لە قەڵەمداوە، وەک ناڕازییانی ناو ئەو جووڵانەوەیە ڕایانگەیاندووە؛ سەرۆکی جووڵانەوەکە وەک بزنسمانێک هەر لە سەرەتاوە ئارمان و بەرنامەکانی حزبی لە شێوەی تاکتیک بۆ بزنس و بە دەسەڵاتگەیاندنی خێزانی خۆی بەکار هێناوە، واتە لێرەدا پلانەکانی بزنسامانێک لە ئارادان کە بە شێوەیەکی ڕەها حزب تەنیا بۆ کۆ کردنەوە و مۆنۆپۆلی سامان و دارایی بەکار دێنێت و حزبایەتی بە ڕێگەیەک بۆ پاراستن و زیادکردنی سامان دەبینێ کە خزمەتی خۆی و خێزانەکەی پێ بکات، نەک ئەوەی هاوشێوەی پارتی لە فەرمانڕەوایی حزب و دەوڵەتدا، سیستەمی بنەماڵەیی بە گونجاوترین سیستەم بۆ سیاسەتکردن ببینێ. کە وەک شارەزایان ڕوونی دەکەنەوە ئەم دووانە جیاوازییەکی زۆریان لە نێواندایە و هەر چەند لە سیستەمی بنەماڵەییشدا، بنەماڵە و میراتگران سوودمەندی گەورەن، بەڵام حزبایەتی بە شێوەیەکی ڕەها و تەنیا بۆ پاراستن و زیادکردنی سامان نییە و ئامانج و بەرنامەی سیاسی لە ئارادان.

سەرۆک و چەند ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لەگەڵ چیا نەوشیروان مستەفا

هەروەها جەخت دەکرێت کە بە پێچەوانەی یەکێتی و گۆڕان کە هەوڵ و هەنگاوەکانی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات تیایاندا لە نەبوون و نەمانی سەرۆکەکاندا ڕوو دەدەن، لە ناو نەوەی نوێدا سەرۆکی بزنسمان خۆی هەر لە بنەمادا ئیرادەی بە دامەزراندنی حزب بۆ ئامانجی بازرگانی و خێزانی کردووە.

بۆیە پێدەچێت چیرۆکی نەوەی نوێ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە چیرۆکێکی جیاواز بێت، بە تایبەت کە وا دەردەکەوێت لە ناو نەوەی نوێدا هۆکاری وەرگرتنی ئاراستەی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات زیاتر بە ئامانجی مادی و بەهێزکردنی زنجیرە کۆمپانیایەکی خێزانی بێت و لە کوێدا بازرگانی بەر دەسەڵاتی سیاسی کەوت حزب لە سەر هێڵی سیاسەت کار بۆ بەرژەوەندییە بازرگانییەکان بکات.

بێئومێدبوونی نەوشیروان مستەفا لە ناچارکردنی پارتی و یەکێتی بە گۆڕانکاری، نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی، بە هۆکارەکانی چوونی گۆڕان بەرەو بە بنەماڵەکردنی حزب دەزانرێن

بۆ حزب و لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێمیش کە (بزووتنەوەی ئیسلامی)یان وەک حزبی بنەماڵە تیادا هەڵکەوتووە، هەرچەند بنەمای دەسەڵاتدار‌ێتی بە پێی شەرع و ئەحکامی ئیسلام دەبینن و باسی حکومەتی شوورا دەکەن،

ئەگەرەکانی چوون بەرەو بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات بە چەند خاڵێک لێکدەدرێنەوە؛ لە کۆمەڵی ئیسلامیدا باڵباڵێن، دابەشکاری پۆست و پلە و قۆرغکاری لە بڕیاردان. لە یەکگرتووی ئیسلامیدا ناکۆکی لە نێوان لایەنگرانی بەردەوامبوون لە بانگەشەی دینی و لایەنگرانی سیاسەتکردنی ڕەها، هەروەها نیگەرانی و ناڕەزایەتی خێزانەکانی دامەزرێنەری حزب لە پەراوێزخستنیان و سەرکەوتوو نەبوونی حزب لە گۆڕینی مۆدێلی تاک سەرۆکی. وەک ئەگەر و دەرفەتەکانی چوون بەرەو بە بنەماڵەییکردنی حزب دەبیندرێن. بە جۆرێک کە بەردەوامبوونی ئەو بارودۆخە لەو حزبانەدا دواجار هاوشێوەی بزووتنەوەی گۆڕان بێئومێدی بخاتەوە و بەرەو سیستەمی بنەماڵەییان ببات. پێدەچێت ئەوە بۆ حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستانیش ڕاست بکەوێتەوە کە حزبێکی تاک سەرۆکە بە بێ هاتنە ئارای هیچ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەک تیایدا.

وێنەیەک لە کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی

هۆکارێکی دیکەی چوونی حزبەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات، بە دەستوەردانی دەرەکی دەبینرێت، بە تایبەت لە لایەن دەوڵەتانی دراوسێی هەرێم، کە داگیرکەری بەشەکانی دیکەی کوردستانن. واتە ئەو دەوڵەتانە لە سەرەتای دروستبوونی کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و لە سەرەتای پرۆسەی سیاسی لە عێراقی نوێدا، ترسیان لەوە هەبووە مۆدێلێکی پێشکەوتووی فەرمانڕەوایی لە هەرێم و عێراقدا خۆی بگرێت و مۆدێلە پاشکەوتوو و ستەمکارانەکانی فەرمانڕەوایی ئەوان بخاتە مەترسییەوە.

لە بارەی نەوەی نوێ بۆچوون وایە کە سەرۆکی بزنسمان هەر لە بنەمادا ئیرادەی بە دامەزراندنی حزب بۆ ئامانجی بازرگانی و خێزانی کردووە

بۆیە هەم لە ئاستی عێراق و هەم لە ئاستی هەرێمدا بەردەوام کاریان بۆ پشتگیریکردن و برەودان بە مۆدێلە کۆنە ئایینی و خێڵەکییەکانی

فەرمانڕەوایی کردووە و لەگەڵ ئەوەی درێغیان لە نانەوەی هەر کۆسپ و تەگەرەیەک بۆ دیموکراتیزەکردنی عێراق و سیستەمی فیدرالی نەکردووە، لە هەر لایەکەوە دەرفەتیان بۆ ڕەخسابێ لە فاکتەرەکانی سەقامگیری و چوون بەرەو دیموکراسییان داوە کە یەکێک لەو فاکتەرانە حزبە پێشکەوتوو و دیموکراسیخوازەکان بوون، بە جۆرێک کە لە ڕێگەی دروستکردنی فشار و تەنگەتاو کردن و قۆستنەوەی خاڵە لاوازەکانیان، وردە وردە لە هەناوەوە تێکیان بدەن و بیانگۆڕن بە پێکهاتەیەکی خێڵەکی کە بە ئاسانی لە ڕێگەی سەرۆک خێڵ و بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە کۆنترۆڵ بکرێن و بەکار بهێنرێن، هاوشێوەی ئەوەی لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتەکانی عوسمانی و سەفەویدا لەگەڵ کورد کردوویانە و چەندینجار شۆڕشەکانی کوردیان پێ تێکشکاندووە.

وێنەیەک لە کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامی

چونکە بە پێچەوانەوەی ئەوە، حزبە پێشکەوتوو و دیموکراسیخوازەکان فاکتەرێکی بەهێز دەبن بۆ هێنانە پێشەوەی مۆدێلێکی نوێی فەرمانڕەوایی لە ناوچەکەدا کە بنەماکانی سیستەمی دیموکراسی تیادا بونیات بنرێ و کۆمەڵگا لە ستەمکاری و دیکتاتۆری ئایینی و ڕەگەز پەرەستی دوور بخاتەوە، ئەوەیش ترسی گەورەی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتانی دراوسێی هەرێمە.

هەرچەند لایەنە ئیسلامییەکان باسی حکومەتی شوورا دەکەن، بەڵام ئەگەر و دەرفەتەکانی بە بنەماڵەکردنی حزب تیایاندا مایەی تێڕامانن

چاودێران ئەوەش ڕوون دەکەنەوە کە ڕەنگە ئەم بۆچوونە لە لایەن حزبەکان خۆیانەوە زۆر بە توندی ڕەت بکرێتەوە، بە هۆی ئەوەی سەربەخۆبوونیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەوان پێیانوایە وردبوونەوە لە واقیعی سیاسی هەرێم و عێراق لە زۆر ڕووەوە ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکاتەوە.

 

ئەگەرەکانی بەردەوامبوونی دۆخەکە

دیارە بەردەوامبوونی ئەو دۆخە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی نائومێدی لە ناو ناسراوان بە خوازیاری دیموکراسی بەرهەم دێنێ بە دیوێکی دیکەدا گریمانی ئەوەی لێدەکرێ ناڕازییانی ناو حزبەکان لە بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسیخوازدا دژ بە پەرەسەندنی سیستەمی بنەماڵەیی کۆ بکاتەوە. بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن کە چاوەڕوان دەکرێ ڕێگایەکی زۆر سەخت و دژواری لە پێش بێ، چونکە ئەزموونی کاری ئۆپۆزسیۆنی لە هەرێمی کوردستان وەک جەختی لە سەر کراوە نەک هەر ئەنجامێکی خوازراوی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە، بگرە کەشێکی نائومێدی بە دوای خۆیدا هێناوە کە بە هۆیەوە چاوەڕوان ناکرێت ئۆپۆزسیۆنی نوێ جارێکی دیکە بتوانێ بە ئاسانی متمانەی خەڵک بە دەست بێنێت و کارێک بکات کە ئۆپۆزسیۆنی پێشوو پێی نەکرابێت، لە حاڵەتێکدا نەبێ کە خاوەنی گوتار و میتۆدێکی زۆر بەهێزتر و جیاوازتر لە ئۆپۆزسیۆنی پێشوو بێت و بە مۆدێلێکی نوێ و کاریگەری حزبایەتییەوە بێتە مەیدان.

هۆکارێکی دیکەی بە بنەماڵەکردنی حزب بە دەستوەردانی دەرەکی دەبینرێت لە لایەن دەوڵەتانی دراوسێوە چونکە سەرهەڵدانی مۆدێلی پێشکەوتووی فەرمانڕەوایی لە هەرێم دەبێتە مەترسی بۆ سەر مۆدێلی ستەمکارانەی فەرمانڕەواییان

گریمانێکی دیکە؛ بەردەوامبوونی بارودۆخەکەیە وەک خۆی کە لە وەها حاڵێکدا پێشبینی سەرهەڵدانی ناکۆکی، گرژی و ململانێی زیاتر لە ناو حزبەکاندا دەکرێ و چاوەڕوان دەکرێ بەرەی نەیارانی ئۆپۆزیسیۆن ڕێوشوێنەکانی کۆنترۆڵکردنی دۆخی سیاسی و ئەمنی توندتر بکەن.

ئەمیر و ئەندامانی بالای کۆمەڵی ئیسلامی

 

لەم حاڵەتەدا باس لە دوو ئەگەری گرنگ دەکرێ یەکەم؛ ئەگەری تێکچوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستانە، هاوشێوەی قۆناغی ڕابردوو کە سەرباری ڕێککەوتنیان دواجار لە چەندین بابەتدا یەکیان نەگرتەوە و گەیشتنەوە خاڵی سفر و ئۆپۆزسیۆن لە ژوورەکانی گفتوگۆ و دانوستان و حکومەتەوە گەڕایەوە بۆ شەقام و خۆپێشاندان و، ناڕەزایەتییە توندەکان سەریان هەڵدایەوە. وەک ئاماژەیان پێدەکرێ چەندین دۆسییەی وەکوو دەستووری هەرێم، نەوت، مووچە، پێشمەرگە و پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ... دەکرێت ببنە مایەی سەرهەڵدانەوەی ناکۆکی لە نێوان گۆڕان و پارتی و تێکچوونی پێوەندییەکانیان و دواجار وەرگەڕانەوەی هاوکێشەکە بۆ خاڵی سفر کە دیارە بە دیوێکیدا هۆکارێکی کاریگەر دەبێ بۆ بەهێزبوونەوەی گوتاری ئۆپۆزیسیۆن و نەیارانی سیستەمی بنەماڵەیی.

قۆناغی داهاتوو قۆناغێکی پڕ ململانێی سەخت دەبێ لە نێوان هەر دوو بەرەی نەیاران و لایەنگرانی بە بنەماڵەکردنی حزب لە هەرێمی کوردستاندا

ئەگەری دووەم کە بە ئەگەرێکی بەهێز نازانرێت، بەستنی کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و دەرکەوتنی ئەنجامێکی پێشبینینەکراوە لە کۆنگرە، واتە بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە و هەستانەوەی لە سەر بنەماکانی دامەزرانی. هەستانەوەیەک کە هەم گۆڕانی بە ئاراستەی دوور کەوتنەوە لە بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات لێبکەوێتەوە، هەم ببێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان کە ئەگەر گۆڕانێکی ئەوتۆ بە شێوەی ڕێژەییش ڕوو بدات ئەوا دیارە دیسان لە بەرژەوەندی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات دەکەوێتەوە.

ئەوەی ڕوونە قۆناغی داهاتوو قۆناغێکی پڕ ململانێی سەخت دەبێ لە نێوان هەر دوو بەرەی نەیاران و لایەنگرانی بە بنەماڵەکردنی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا.

کۆمێنتی خۆت بنووسە